یومناشری:رۆشنبیریی وشارەزایی و جوانیی هۆكاری سەركەوتنن
یومنا وەك هەر پێشكەشكار و بێژەرێكی دیكە، زۆر جار بە رێكەوت یان وەك حەز و ئارەزوو رووی لە میدیا و بواری بێژەری كردووە، دەربارەی سەرەتاكانی و چۆنیەتی هاتنی بۆ ئەم بوارە دەڵێ:من پسپۆری و خوێندنم لە بواری راگەیاندن بووە واتە هاتنی من بە رێكەوت نەبووە بەڵكو وەك حەز وئارەزوو بووە، سەرەتا وەك بێژەری زمانی فەرەنسی كارم كردووە لە رادیۆیەكی لوبنانی، دواتر رووم لە تەلەفزیۆن كرد و تا ئێستاش بەردەوامم و لە چەندین كەناڵی جیاجیا كارم كردووە، من پێموایە سەركەوت سەركەوتن دەبێتە هۆی بەردەوام بوون و بوونی كەسی زۆر لەو بوارەی تێیدا كار دەكەم هاندەرێكی زیاتر و باشترە بۆ من تاكو زیاتر هەوڵ بدەم خۆم پێش بخەم و سوپاس بۆ خوا تا ئێستا خۆم بە سەركەوتوو دادەنێم.
زۆر جار باس لە مەرجەكانی سەركەوتنی راگەیاندنكاران دەكرێ و هەر یەكێك بەجۆرێك باس و وەسفی دەكاتن یومنا لەم بارەیەوە دەڵێت: بە ڕای من ئاستی رۆشنبیریی بەرز وشارەزایی یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی سەركەوتنی هەر بێژەرێك، چونكە پێویستە بێژەر جا لە هەر بوارێك بێت ئاگاداری بەلایەنی كەم هەندێك لە وردەكاریەكانی ئەو بوارە بێت كە تێیدا كار دەكات،، هەروەها پێویستە بێژەر و راگەیاندنكاری بواری تەلەفزیۆن دووركەونەوە لە شڵەژان، سەركەوتنی بێژەر ئەوەیە لە كاتی وێنەگرتنی بەرنامە كۆنترۆڵی تەواوی بەسەرخۆیدا هەبێت، هەروەها بەر لە تۆمار كردن یان وێنەگرتنی بەرنامە پێویستە بێژەر لە گیرو گرفتەكان خۆی دوور بخاتەوە نەوەك لە كاتی وێنەگرتن یان پێشكەش كردنی بەرنامە یان ئاهەنگدا كۆنترۆڵی بەسەر خۆیدا نەمینێت كە ئەمەش بە ئاشكرا لە بەرنامەكەدا رەنگ دەداتەوە، ئەوەی پەیوەستە بە رووخسار و جوانی بەتایبەتی بۆ بێژەرە ئافرەتەكان پێموایە ئەویش تا رادەیەك گرنگە، جاری وا هەیە پێویستە مرۆڤ جوانكارییەك بكات ئەویش ئەگەر زۆر پێویست بوو نەك جوانكاری لە پێناو ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بەڵام لەدوای شارەزایی و ئاستی رۆشنبیرییەوە دێت، بیریشمان نەچێت هەموو بێژەرێك دەبێ بزانێت چۆن دەربكەوێت لەبەردەم بینەراندا.
ئێستا كاری راگەیاندن بووەتە پیشەیەك و راگەیاندنكاران وەك هونەرمەند بە گرێبەست لەگەڵ كەناڵەكان كار دەكەن، دەربارەی ئەم پرسە و بەراورد كردنی گرێبەستی هونەرمەندان و راگەیاندنكاران یومنا دەڵێ:
بێگومان راگەیاندنیش كار و پیشەیە كە ئێمە بژێوی ژیانی خۆمانی لە رێگایەوە پەیدا دەكەین، كارێكی نۆرماڵە ئەگەر گرێبەستەكانمان هەندێك مەرجی تایبەتی تێدا بێت كە لە بەرژەوەندیی ئێمەدا بێت، چونگە دەزگا و كەناڵەكانیش سوود لە تواناكانی ئێمە وەردەگرن.
ئەو قسەیە دوورە لە راستی كە گرێبەستمان گرانتر بێت لە هونەرمەندان، بەڵام بیرت نەچێت هەر راگەیاندنكارێك یان بێژەرێك ئەگەر رۆژانە دەرنەكەوێت لەسەر شاشە ئەوا بەلایەنی كەمەوە هەفتانە زیاتر لە جارێك دەردەكەوێت و بەرنامەیەك پێشكەش دەكات، بەڵام گۆرانیبێژان لە ئاهەنگەكان دەردەكەون و هیچ هونەرمەندێك ناتوانێت رۆژانە ئاهەنگ پێشكەش بكات.
یومنا رایوایە هەر كەسێك ئەگەر لە بوارەكەی خۆیدا خەڵات بكرێت ئەوا دەبێتە هاندانێكی زیاتر بۆی، چونكە هەست دەكات كەسانێك هەن رێز لە كارەكەی دەگرن و لەو كارەی پێشكەش دەكات رازین وئەرك و ماندوو بوونەكەیان لە پێش چاوە، بۆیە من زۆر دڵخۆشم بەو نازناوانەی كە پێم بەخشراون و شانازیشیان پێوە دەكەم.
سەبارەت بە سنووری كار كردنی لەگەڵ كەناڵەكان یومنا دەڵێ: من هیچ هیڵێكی سوورم نییە، بەڵام لە ژیانی ئاساییدا هەموو مرۆڤێك پێویستە هێڵی سووری هەبێت بۆ ئەوەی خۆی نەیبەزێنێت لە هەمان كاتدا رێگا بە كەسانی تریش نەدات بیبەزێنن، منیش هێڵی سوورم هەیە لە ژیانی خۆمدا و ناتوانم بیانبەزێنم كە ئەویش رەنگدانەوەی رەفتار وپەروەردەی منن.
یومنا خۆی لەو پرسیارە بە دوور دەگرێت سەبارەت بە باشترین راگەیاندنكاری لوبنانی وعەرەبی و جیهانی كێن وبە لێبوردنەوە دەڵێ: داوای لێبوردن دەكەم ناتوانم بە ناو دەستنیشانیان بكەم بۆ ئەوەی كەس لە خۆم توڕە نەكەم، بەڵام ئێمە لە لوبنان بەتایبەتی و جیهانی عەرەبی بە گشتی خاوەن راگەیاندنكاری زۆر بە تواناین لەسەر ئاستی جیهانیش راگەیاندنكاری بەناوبانگ هەیە كە لەسەرتاسەری جیهان ناسراون.
سەبارەت بە خۆیشی دەڵێ: من ناتوانم بە هیچ شێوەیەك بڕیار لەسەر خۆم و كارەكانم بدەم ئەمە دەبێ بینەران بڕیاری لەسەر بدەن، چونكە ئەوان زیاتر من دەبینن و لایەنە باش و خراپەكانی من زیاتر لای بینەران بە دیار دەكەوێت، بەڵام من رۆژانە كاتێكی دیاریكراو بۆ كاری خۆم تەرخان دەكەم بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە دەركەوم و بینەران لێم رازی بن ئەگەر رەخنەشیان هەبێت لە پێناو پێشخستنی من بێت، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژانە زیاتر لە دوو كاتژمێر بۆ جوانكاری تەرخان دەكەم و زیاتریش جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە كە هەمیشە بە زەردەخەنەو دەركەوم.

