دوڕە: وەك زۆربەی رۆژهەڵاتییەكان ماڵەوەمان لەسەرەتادا بە تەواوی رێگر بوون

* هەندێك باس لە سەرەتاكانی كاری هونەری خۆتمان بۆ بكە؟
-هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی كاری هونەریم هەبوو و لە قوتابخانە كاری هونەریمان پێشكەش دەكرد بەتایبەتی شانۆگەری، بۆیە هونەر هەموو هەستەكانمی داگیر كردووە.
*كەس پاڵپشتیی كردی؟
- وەك زۆربەی رۆژهەڵاتییەكان ماڵەوەمان لە سەرەتادا بە تەواوی رێگر بوون لەوەی روو لە هونەر بكەم، بەڵكو هەمیشە جەختیان لەوە دەكردەوە كە پێویستە گرنگی زیاتر بە خوێندن بدەم، ئینجا كارەكانی دیكە، بەڵام دواتر نەبوون بە رێگر لەبەردەم حەزەكانم لە هەموویشی گرنگتر من خۆم ئارەزووی ئەوەم هەبوو ببم بە ئەكتەر.
* تا چەندت خوێندووە؟
- زانستە سیاسییەكانم لە بەیروت تەواو كردووە.
* دراما عەرەبییەكان چۆن دەبینیت؟
- هەر یەكەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و من ناتوانم حوكم لەسەر باشی و خراپیی هیچیان بدەم.
* رات چییە بەرامبەر ئەو گۆرانیبێژانەی روو لە كاری نواندن دەكەن؟
-هەر بوارێك تایبەتمەندی و جەماوەری خۆی هەیە، بەڵام مەرج نییە ئەوەی لە گۆرانیی گوتندا سەردەكەوێت بە هەمان شێوە لە نواندنیشدا سەركەوتوو بێت و بە پێچەوانەشەوە هەر راستە، بۆیە پێم باشە هەر كەسێك بوارێكی تایبەت هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی بتوانێت تێیدا سەركەوتوو بێت و داهێنان بكات.
* ئایا هونەر دەبێتە هۆی ئەوەی كچە هونەرمەندەكان نەتوانن بیر لە ژیانی تایبەتی خۆیان بەتایبەتی هەڵبژاردنی هاوسەری ژیان بكەنەوە، چونكە بەشێكی زۆری كچە هونەرمەندەكان شوو ناكەن؟
- هونەر كارێكە پێویستی بەوەیە كاتێكی زۆری بۆ تەرخان بكەیت بەجۆرێك زۆر كاری تایبەتت لە بیر دەباتەوە، بەلام تا ئێستا بە بەردەوام گوێ بیستی ئەوە دەبین كە زۆر لە كچە هونەرمەندەكان ژیانی هاوسەرێتیی پێكدەهێنن جا لەگەڵ ئەكتەرەكان بێت یان كەسانی دەرەوەی بواری هونەر بن.
* كارەكانت مەرجی تایبەتییان هەیە یان هیچ مەرجێك دانانێیت بۆ دەرهێنەر؟
- ئەگەر بزانم رۆڵێك لەگەڵ كەسایەتیی من گونجاوە و دەتوانم تێیدا سەركەوتوو بم، دوای ئەوەی سیناریۆكەی دەبینم پێی رازی دەبم بێ ئەوەی مەرجی تایبەتم هەبێت.
* ئامادەیت بۆ بینینی رۆڵی ورووژێنەر و رووت؟
- ئەگەر بزانم لە سنوورەكان تێناپەڕێت و كار لە ناوبانگی من ناكات ئاساییە.
* هەندێك لە كچە ئەكتەرەكان بە رۆڵی ورووژێنەر رازی دەبن بێ مەرجی تایبەت، تۆ چی دەڵێیت لەم بوارەوە؟
- وەك پێشتر گوتم ئەگەر ورووژاندنەكە سنوور نەبەزێنێت ئاساییە بە لای منەوە.
* هونەری ئیغرا چۆن پێناسە دەكەی؟
- باوەڕم بە یەك جۆرە هونەر هەیە، ئەوەی خەڵك بەو ناوەیە باسی دەكەین یان بەشێكە لە هونەر ئەگەر وروژاندنی تێدا پێویست بێت، یان هونەر نییە وەك ئێستا هەندێك لە گۆرانیبێژەكان پێشكەشی دەكەن.
* زۆر جار رێگا بە هەندێك لە هونەرمەند دەگیرێ بەوەی بچنە نێو وڵاتەكەیان چی دەڵێی بۆ ئەم كارە؟
- پێموایە ئەمە كارێكی كۆنەپەرستی و بێ مانایە، چونكە هەندێك جار سەندیكای هونەرمەندان مەرجی سەخت دادەنێن بۆ هونەرمەندانی غەیرە میسری ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی زۆر لە گرێبەستی هونەری ئەمەش زۆری بەبیانووی ئەوەیە هەندێك هونەرمەند كاری وا پێشكەش دەكەن كە دوورە لە نەریت و رەوشتی وڵاتەكەیان.
* ئەو كارانە چین كە شانازییان پێوە دەكەیت؟
- فیلمی هی فوضی یەكێكە لەو كارانەی كە بۆ من جیگای شانازییە، چونكە لەگەڵ سینەماكارێكی زۆر گەورەی وەك یوسف شاهین بوو، هەروەها ئەم فیلمە بووە هۆی ئەوەی كە زیاتر ناو دەركەم و سەركەوتنی من لەو فیلمە رێگای خۆش كرد بۆ ئەوەی بەشداریی لە فیلمی دیكەدا بكەم.
* رەخنە قبوڵ دەكەیت؟
-لە سەرەتای كاری هونەریمدا بە پێوەری جیا مامەڵەم لەگەڵ رەخنە و جەماوەر دەكرد، چونكە زۆر كەس پێیان وابوو من پشت بە ورووژاندن دەبەستم بۆ سەركەوتن، دواتر جەماوەر بۆی دەركەوت كە من خاوەن توانا و بەهرەیەكی هونەریم.
*تا چەند لەگەڵ ئەوەی فیلم دیمەنی ورووژێنەری تێدا بێت؟
- وەك پێشتر گوتم نابێ ورووژاندن لە رادەی خۆی زیاتر بێت، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە ئەوەی هونەرمەند پێشكەشی دەكات لە واقعیشەوە نزیك بێت.
* تا ئێستا لەگەڵ میدیا تووشی گرفت نەبوویت؟
-پەیوەندیم زۆر ئاساییە لەگەڵ راگەیاندن، هەرچەندە هەندێك لە راگەیاندنەكان شتی وا بڵاودەكەنەوە بەجۆرێكە هونەرمەند واهەست بكات كە بەشێكی زۆری ئەوەی بڵاودەكرێتەوە تەنیا بۆ توڕە كردن و بڵاوكردنەوەی زانیاری نادروستە دەربارەی هونەرمەندان.
* چ پەیامێكت هەیە كە دەتەوێ لە رێگای سینەماوە پێشكەشی بكەیت؟
-پەیامی من گەیاندنی راستییە، بەڕای من سینەما ناتوانێت چارەسەری هەموو كێشەكان بكات، بەڵام دەتوانێت زیاتر گرفتە راستەقینەكان بخاتە بەرچاو.
*بینینی رۆڵی سەرەكی مەرجە بۆ بەشداری كردنت لە فیلمەكاندا؟
- بەلای منەوە گرنگ نییە رۆڵێ سەرەكیت هەبێت، گرنگ ئەوەیە ئەوەی پێشكەشت دەكرێ چۆن پێشكەشی بكەیت و تێیدا سەركەوتوو بیت.
* كێ لە هونەرمەندان زۆر هاوڕێتن ؟
- پەیوەندیم لەگەڵ هەموو ئەو هونەرمەندانە زۆر باشە كە كاریان لەگەڵدا دەكەم.
*گوێ لە چ گۆرانیبێژێك دەگریت؟
- لە زۆربەی گۆرانیبێژەكان بەتایبەتی گۆرانییە هێمنەكان.
* وەك ئافرەتێك هونەر بۆ تۆ مایەی خۆشی بووە یان گرفت؟
- زەحمەتە ئافرەتی هونەرمەند بتوانێت كاری هونەری بكات بێ ئەوەی قوربانی بدات، ئەگەر بمەوێت ناوبانگ دەربكەم و سەركەوتوو بم دەبێت ئامادەیی ئەوەشم هەبێت كە كەسانێك هەن حەز لە سەركەوتنی من ناكەن و ئامادەن شتی ناڕاست دژی من بڵێن.




