رێزان رێزدار: نەبوونی دەرفەت وا دەكات هونەرمەند بەبێ پرۆژە دەربكەوێت

رێزان رێزدار: نەبوونی دەرفەت وا دەكات هونەرمەند بەبێ پرۆژە دەربكەوێت
بە هۆی فرە زاراوەیی لە زمانی كوردیدا چەندین هونەرمەند هەن كە بە شێوەزارێكی دیكە یان زاراوەی ناوچەیەكی دیاریكراو ناسراون لە بواری گۆرانیی وتندا ئەگەرچی بە زاراوەی دیكەش گۆرانی بڵێن، رێزان ڕێزدار یەكێك لە هونەرمەندە دیارەكانی باكوری كوردستانە كە بە زاراوەی زازاكی گۆرانی دەڵێ، لە 1962 لە شاری كەرەكۆجان (دەپێ) لە باكوری كوردستان لە دایكبووە، بە گۆرانیی (ئاخ وڵاتۆ) ناسرا، خاوەن سێ بەرهەمی هونەرییە، كە سەرجەم بەرهەمەكانی ‌شێوەزاری زازایی و كرمانجی لەخۆگرتووە، چەندین ڤیدیۆ كلیپیشی تۆمار كردووە، هەروەها بەنیازە بەم نزیكانە بەرهەمی كلیپ بۆ یەكێك لەگۆرانییەكانی بكات، لە دەرفەتێكدا گوڵان هەندێ پرسیاری رووبەڕوو كردەوە وئەم گفتوگۆیەی لێكەوتەوە

دیمانە: هەژار مەموزینی

• ‌سەرجەمی بەرهەمەكانت چەند گۆرانیی زازایی و كرمانجی لەخۆگرتووە؟
- لە بەرهەمی یەكەمدا، شەش گۆرانیی كرمانجی و شەشیش زازایی،بەرهەمی دووەمیش 12 گۆرانیی زازایی و 2 گۆرانیش بە كرمانجی، بەرهەمی سێیەمیش 5 گۆرانیی زازایی و7 گۆرانیش بە كرمانجی.
• بۆچی ڕێزان زیاتر بەگۆرانیی كرمانجی ناسرا؟
- تۆماركردنی گۆرانی بە كلیپ دوای بڵاوكردنەوەی رۆڵێكی سەرەكی هەیە لە ناساندن و هێنانە پێشی هونەرمەند بەتایبەتی لەلایەن جەماوەرەوە، منیش هەڵسام بە كلیپكردنی هەردوو گۆرانیی(ئاخ وڵاتۆ-دلبرینم ) كە بە شێوەزاری كرمانجییە، ئەمەش وایكرد زیاتر بە گۆرانیی كرمانجی بناسرێم، هەرچەندە من زیاتر بە شێوەزاری زازایی گۆرانی دەڵێم.
• بۆچی دوای بەرهەمی سێیەم وكلیپكردنی گۆرانیی دڵبرینم رێزان پرۆژەی هونەری نوێی نییە؟
- لە دڵی هەر هونەرمەندێكدا پرۆژەی هونەری هەیە،بەڵام نەبوونی دەرفەت وادەكات هونەرمەند بەبێ پرۆژەی هونەری دیاربكەوێت،هەرچەندە من هەوڵم داوە لەو دەرفەتەی لە دەستمدا هەیە، پرۆژەی هونەری پێشكەش بكەم، بۆیە ئێستا لە خۆ ئامادە كردندام بۆ تۆمار كردنی گۆرانییەكی نوێ بە شێوەزاری زازایی.
• رێزان لە كۆنسێرتەكان دا، زیاتر لەگەڵ كامە هونەرمەند جۆش وخرۆش دەیگرێت؟
- من زۆر كۆنسێرتی هاوبەشم سازكردووە بێگومان وەك هەر هونەرمەندێكی ئەو كاتانە خۆشترین كاتن بۆ من،چونكە جۆش و خرۆشییەكی زۆرم بۆ پەیدا دە‌بێت‌، پێویستە ئەوەش بڵێم كە لەگەڵ چەندین هونەرمەندی ناسراو كۆنسێرتم ساز كردووە لەوانە (شڤان پەروەر-فاتێ-جانێ-گروپی سلبوس و تاری-ناسر ڕەزازی) كۆنسێرتم ئەنجامداوە.
• لە گۆرانیی (دڵ برین) مەبەستت یاخود پەیامی تۆ لەو گۆرانییە چی بوو؟
- گەلەكەمان دووچاری چەندین نەهامەتی و ئاوارەبوون وكۆچبەری هاتووە،هاوكات زۆر لە هونەرمەند-رۆشنبیر-نووسەر. لەبەر نەهامەتییەكان و قەدەغەبوونی زمانی كوردی روویان لە هەندەران كردووە،بۆیە منیش یەكێك لەو كەسانە بووم كە ناچاربووم لەساڵی 1990 روو لە هەندەران بكەم، بۆ ئەوەی بەردەوامی بەكاری هونەری بدەم، لە هەندەران هەستم كرد پێویستە ئەوەی لە ناخی مندا هەیە بە گۆرانییەك دەری ببڕم، بۆیە گۆرانیی (دڵ برین)م گوت تا ئەم كەسەر و ئازارانە بەم گۆرانییە بخەمە ڕوو.
• هەست ناكەیت سەرباری كرانەوەی ئازادی بە رووی كوردان،هونەر لەباكوور جۆرێك لە لاوازی تێكەوتووە؟
- زۆر بەداخەوە، زۆر لاوازی لەم ڕووەوە هەیە، نە تەنیا لە پێشكەشكردنی گۆرانی، بەڵكو لە پێشكەش كردنی بەرنامە تەلەفزیۆنەكانیشدا، ژمارەیەك كەناڵ هەن گوایە بۆ خزمەت كردنی كورد بەرنامەكانیان پەخش دەكەن، بەڵام ئەم كەناڵانە تەنیا بە رواڵەت وادەری دەخەن كە بۆ كورد دانراون و لە بنەڕەتدا ئەمە گورزێكە لە هونەر و زمانی كوردی دەدرێت.
• پێتوایە لە ئەمڕۆدا پێویستە چی بكرێت بۆ باشتركردنی هونەری كوردی و پێش خستنی؟
- یەكەمین گرنگە بۆموزیكی كوردی كۆنسێرڤاتۆرو ئەكادیمیەت بێتە دامەزراندن، بۆ ناسینەوەی هونەری كوردی و جیاكردنەوەی لە هونەری میللەتانی دیكە، دووەمیش پێویستە ڕێگە لە دیاردەی كۆپی كردنی هونەری بیانی بگیرێت بۆسەر هونەری كوردی،ئەمەش ئەركی پارت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كوردین كە دەبێت پێی هەڵسن.
• هونەرمەندان چۆن دەتوانن لە ئه‌مڕۆدا بەرهەمی رەسەن پێشكەش بكەن؟
- پێویستە هونەرمەند لە مێژووەكەی بزانێت و باش بیناسێت، لەبەر ئەوەی لە مێژوودا هونەرمەند و دەنگبێژانمان خزمەتی موزیكی رەسەنی كوردییان كردووە به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و له‌ بارودۆخی زۆر سه‌خت و ناهه‌مواردا، بۆیە ئەوان نەبان هونەری كوردی نەدەگەیشتە ئەو قۆناغە. پێویسته‌ ئه‌و ئه‌رك و خزمەته‌یان لە بیر نەكرێت و هونەرمەندانی ئێستا هەمان رێچكەی ئەوان بگرنە بەر و هه‌وڵی پێشخستنی زیاتریش بده‌ن، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ ئەگەر لەسەر رێچكەی رەسەنایەتی برۆین دەتوانین، زیاتر هونەری كوردی بەرەو پێش ببەین، چونكە ئەمڕۆ زیاتر موزیك پێشكەوتوو ترە لەكوالیتی.
• دەتویست لەكوێ بژیت؟
- دڵ دەیەوێت لە كوردستان بژیم، باوەڕكەن ئەم حەسرەتەش لە دڵی هەر كوردێكە نەك تەنیا من،بەڵام من هەمیشە بیر لەژیانی خۆم دەكەمەوە لە سەر خاكی وڵات و لە نێو كەسوكار و خۆشەویستانم، لەبەر ئەوەی هیچ كات ژیانی وڵاتم لەپێش چاو نەچووە، هەرچەندە من تەنیا بەجەستە لە ئەوروپا دەژیم،بەڵام لەخەون و خەیاڵ و بە رۆح لە وڵاتەكەم دەژیم.
•پێتوایە ئەم كەناڵانەی لە توركیا بەزمانی كوردی كراونەتەوە،مافیان هەیە بڕیار لەسەر كەلتور و هونەری كوردی بدەن؟
- ئەوەی زۆر ئاشكرایە و گومان هەڵناگرێت ئەوەیە كە ئەم كەناڵانە، بە زمانێكی زۆر زۆر لاوازی كوردی پەخشی خۆیان دەكەن، هەروەها بە توركییەكی زۆر خورتیش بیردەكەنەوە، مخابن وەكو یاسا ناتوانم بڕیار بدەم، بۆیان هەیە یان نا كە بڕیار لەسەر فەرهەنگ و هونەری كوردی بدەن، بەڵام هەرچۆنێك بێت كوردایەتییەكی زۆر چەوت پەیڕەو دەكەن.
Top