هونه‌رمه‌ندانی میسر سه‌باره‌ت به كوردستان چی ده‌ڵێن؟
فاروق ئه‌لفیشاوی ئه‌ستێره‌یه‌كی ناوداری سینه‌ما و ته‌له‌فزیۆنی میسرییه وله‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نێكی زۆری له‌و بواره‌وه به‌سه‌ر بردووه له‌لایه‌ن كوردیش ناسراوه، ئه‌لفیشاوی خۆشحاڵیی خۆی به‌و سه‌ردانه‌ی ده‌ربڕی و ستایشی كورد و هه‌رێمی كرد بۆ ئه‌و ئاوه‌دانییه‌ی هه‌رێم به‌خۆیه‌وه ده‌یبینێت و هه‌نگاوه‌كانی به سه‌ركه‌وتوو و ئیجابی وه‌سف كرد به‌ره‌و دواڕۆژێكی پڕشنگدار.
له‌بواری هونه‌ریش فاروق ئه‌لفیشاوی پشتگیری و ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی بۆ هه‌ر كارێكی هاوبه‌شی میسری-كوردی له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: ئه‌و خۆشه‌ویستی و پێشوازییه گه‌رمه‌ی كه لێمان كرا زیاتر هانیدام بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ند كارێكی هونه‌ریی گونجاو و شایه‌ن به هه‌ردوو لا و پێویسته به هه‌موومان ئه‌و رێز و خۆشه‌ویستییه‌ی له‌نێوان هه‌ردوو لا هه‌یه بقۆزینه‌وه بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزتر و پته‌وتر كه سوودی بۆ هه‌ردوو لا هه‌بێت، سه‌باره‌ت به كاری هاوبه‌شی هونه‌ریش وتی: دڵنیام من ده‌توانم ڕۆڵی تێدا ببینم ئه‌گه‌ر به زمانی كوردیش بێت، چونكه پێموانییه ئه‌مه بۆ من كارێكی زه‌حمه‌ت بێت و راشیگه‌یاند ئێستا سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی سیناریۆی فیلمێكی نوێیه، به‌ڵام تا ئێستا رای خۆی ده‌رنه‌بڕیوه.
سه‌فیه ئه‌لعومه‌ریش یه‌كێكه له ئه‌ستێره دیاره‌كانی میسر و زیاتر له سی ساڵه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له شاشه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها به یه‌كێك له پاڵه‌وانه‌كانی ته‌له‌فزیۆن ناسراوه و تا ئێستا ڕۆڵی نازك سه‌لحدار له زنجیره درامای (لیالی الحلمیه) به خاڵێكی وه‌رچه‌رخان داده‌نرێت له ژیانی هونه‌ریی سه‌فیه و بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ كاریگه‌ریی له‌سه‌ری بینه‌ری عه‌ره‌بی ده‌بێت، چونكه به یه‌كێك له ئه‌فسانه‌كانی بواری درامای كوردی داده‌نرێت و زۆربه‌ی میسرییه‌كان خۆیان له‌م زنجیره‌یه‌دا ده‌بیننه‌وه، ئه‌لعومه‌ری كه ئێستا باڵیۆزی نیازپاكییه و له بواری دایكایه‌تی و منداڵان كار ده‌كات ده‌رباره‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌ی بۆ كوردستان ده‌ڵێ: ئه‌مه یه‌كه‌م سه‌ردانی منه بۆ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر له‌م سه‌ردانه‌دا كوردستان و گه‌له‌كه‌یم خۆش‌ویست و به‌و رێز و پێشوازییه‌ی له من كرا بۆم ده‌ركه‌وت كه خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان من ده‌ناسن و ئاشنای كاره‌كانی منن، هه‌روه‌ها من زانیاریم ده‌رباره‌ی مێژووی میلله‌تی كورد هه‌یه، ئه‌وه‌ی من تێبینیم كرد ئه‌م میلله‌ته حه‌ز به ژیانێكی ئارام ده‌كات، بۆیه من گه‌شبینم به دواڕۆژی هه‌رێم و ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له بواری هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی و ئاوه‌دانی هاتوونه‌ته دی نیشانه‌ی دواڕۆژێكی گه‌شن، ئه‌مه‌ش هانمان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له بواری هونه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز و پته‌و له نێوان میسر و كوردستاندا دروست بكه‌ین، چونكه ئێستا بۆ هه‌ردوو لامان ئه‌مه كارێكی پێویسته.
وه‌فا عامر و ئایتنی خوشكی دوو میوانی دیار و به‌رچاوی سێیه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بوون و هه‌میشه به زه‌رده‌خه‌نه‌وه له نمایشه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وتن، وه‌فا خۆشه‌ویستی خۆی بۆ هه‌ولێر نه‌شارده‌وه و وتی: بۆ من زه‌حمه‌ته به تاقه سه‌ردانێك تێنوویه‌تیم بەو شاره بشكێت، من یه‌كه‌م جاره هه‌ولێر ببینم، به‌ڵام له ئه‌و په‌ڕی جوانی و گه‌نجێتیدا ده‌یبینم و هه‌ست ده‌كه‌م چه‌ندین ساڵه له‌و شاره‌دا ده‌ژیم بۆیه حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌م سه‌ردانه‌م دووباره ببێته‌وه، كاتێك به شه‌قامه‌كانیدا ده‌گه‌ڕام هه‌ستم به‌وه نه‌ده‌كرد كه بێگانه بم، به پێچه‌وانه‌وه هه‌ستم به خۆشه‌ویستی و ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌كی زۆر كرد، وه‌فا ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه كه‌سانێك ئاگاداریان كردبۆوه به‌وه‌ی نه‌چێته هه‌ولێر، له‌م باره‌یه‌وه وتی: به‌و كه‌سانه ده‌ڵێم زۆر لێتان توڕه‌م، چونكه من نه‌چوومه‌ته شوێنێك كه ناسه‌قامگیر بێت بگره له زۆر ئه‌و وڵاتانه سه‌قامگیرتره كه ئێمه سه‌ردانیان ده‌كه‌ین.
(ئایتن)ی خوشكه بچووكه‌كه‌ی وه‌فاش به‌م شێوه‌یه ده‌رباره‌ی هه‌ولێر دوا: هه‌ست به ئاسووده‌ییه‌كی زۆر ده‌كه‌م به‌م سه‌ردانه‌م بۆ هه‌ولێر و بۆم ده‌ركه‌وت كه گه‌لی كورد دۆست و میوان دۆسته، گه‌لی كوردم زۆر خۆشده‌وێت و زۆریشم ده‌رباره‌ی مێژووی ئه‌م میلله‌ته كۆڵنه‌ده‌ره‌م خوێندووەته‌وه و دڵنیام پاشه‌ڕۆژی گه‌شه، من شاره‌زاییه‌كی زۆریشم هه‌یه به‌تایبه‌تی ئه‌و كاره‌سات و مه‌ینه‌تیانه‌ی تووشی هاتووه به درێژایی مێژوو، بۆیه له دڵه‌وه حه‌زم ده‌كرد سه‌ردانی شاری هه‌ڵه‌بجه بكه‌م و له نزیكه‌وه مینۆمێنتی شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه له نزیكه‌وه ببینم.
خانمه هونه‌رمه‌ند ئینتیسار یه‌كێك بوو له میوانه‌كانی فیستیڤاڵی هه‌ولێر ده‌ڵێ: میلله‌تی كورد وڵات و نیشتمانی خۆی خۆشده‌وێ، به‌ر له ماوه‌یه‌ك سه‌ردانی به‌غدام كرد هه‌ر له‌و كاته‌وه زۆر حه‌زم كرد سه‌ردانی كوردستانیش بكه‌م بۆیه به‌م سه‌ردانه زۆر خۆشحاڵم و هیوادارم كاری هونه‌ری هاوبه‌ش له نێوان ئێمه و هونه‌رمه‌ندانی كورددا هه‌بێت، چونكه ژماره‌یه‌كی زۆر میسری له كوردستان ده‌ژین و زۆر كوردیش له میسر نیشته‌جێن.
شایه‌نی وتنه له سه‌روبه‌ندی فیستیڤاڵه‌كه پرۆتۆكۆلێكی كاری هاوبه‌ش له‌نێوان سه‌ندیــــــــكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و سه‌ندیكای پیشه‌كانی نواندنی میسری له‌لایه‌ن نیاز نوری نه‌قیبی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و سامح سریتی بریكاری یه‌كه‌می سه‌ندیكای پیشه‌كانی نواندنی میسر ئیمزا كرا به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری هونه‌رمه‌ندی هه‌ردوو لا، له ئاهه‌نگی كۆتایی هاتنی فیستیڤاڵیشدا خه‌ڵات به‌سه‌ر تیپه سه‌ركه‌وتووه‌كان دابه‌شكرا و رێز له هونه‌رمه‌ندانی میسری گیرا له‌لایه‌ن سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستانەوە، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندانی میسریش خه‌ڵاتی تایبه‌تیان پێشكه‌ش به وه‌زیری رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر كرد.
