كانی هه‌ڵه‌بجه‌یی:پیت به پیت تێكستی گۆرانییه‌كه‌م به فرمێسك چنراوه
كانی هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی (گوڵان)ی دایه‌وه.

*تۆمار كردنی یه‌كه‌م گۆرانیی خۆشه‌ویستی خۆت پێتوایه زوو بوو یان دره‌نگ یان كاتی هاتبوو و بۆچی ؟
- زیاتر له ساڵێك به‌سه‌ر گۆرانیی دووه‌ممدا تێپه‌ڕی که له‌گه‌ڵ حه‌مید عوسمان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌مان گوت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له به‌رهه‌می سێهه‌مم تا راده‌یه‌ک دره‌نگ که‌وتم، به‌ڵام ئیتر کاتی ئه‌وه هاتبوو له قالبێکی دیاریکراوی گۆرانی ده‌رچم و به ستایلێکی نوێ گۆرانی بڵێم.
* ئایا (كانی)ی پێشكه‌شكار كاریگه‌ریی نه‌بوو به‌سه‌ر (كانی)ی شاعیر و گۆرانیبێژ؟
- بێگومان کاریگه‌ری زۆری هه‌بووه له‌سه‌رم، پێشکه‌شکاری هێنده له کاتی گرتووم که زۆر جار هه‌ست ده‌که‌م شیعری لێ زویر کردووم و ته‌واو له گۆرانییش دووری خستوومه‌ته‌وه. راگه‌یاندن زۆر زه‌حمه‌ته‌و کاتی زۆری ده‌وێت.
*به‌رنامه‌ی (گیرفانی كانی) له ئاست ویست و ئاواته‌كانی تۆدایه؟
- نه‌خێر له ئاست ویست و تواناکانی خۆمدا نییه. من به پێی خوێندنم بۆ یاسا و پاشان راگه‌یاندن به‌شی تایبه‌ت به تیڤی ده‌متوانی به‌رنامه‌یه‌کی زۆر به‌هێزتر بکه‌م گه‌ر شۆوی هونه‌ری بووایه یان تاڵکشۆیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ گفتوگۆیه‌کی به‌هێز، به‌ڵام گیرفانی کانی توانی که‌سایه‌تیی خۆم نیشانی بینه‌ر بدات، چونکه دووره له نوواندن و کانی رۆژانی ئاسایی چۆنه هه‌مان که‌سه له‌و به‌رنامه‌یه‌شدا، هه‌روه‌ها په‌یامێکی گرنگی هه‌یه که مه‌به‌ستم گه‌یاندنیه‌تی.
*تێكستی یه‌كه‌م گۆرانی خۆشه‌ویستیت رووداوێكی راسته‌قینه‌یه، بۆچی ئه‌م تێكسته‌ت هه‌ڵبژارد؟
- چونکه پیت به پیتی به فرمێسک چنراوه و له‌گه‌ڵ هه‌موو وشه‌کانیدا ژیاوم، هێنده راستگۆ نووسراوه دڵنیام زۆر زوو بگاته دڵی گوێگر. پاشان بابه‌ته‌که به‌سه‌ر زۆر که‌سدا هاتووه و زۆرن ئەو‌انه‌ی خۆیان له دێڕه‌کاند ده‌بیننه‌وه.
*بۆچی هه‌موو ستافی گۆرانییه‌كه‌ت له كوردستان هه‌ڵبژارد و سپۆنسه‌رت نه‌بوو؟
-له کوردستان که‌سانی زۆر به‌توانامان هه‌یه که بتوانن کارێکی پرۆفێشناڵ بکه‌ن و به پێویستم نه‌زانی له‌گه‌ڵ ستافێکی بیانی کار بکه‌م. داوای سپۆنسه‌ریم له هیچ شوێنێک نه‌بوو بۆیه سپۆنسه‌رم نه‌بوو.
*بیستوومانه ده‌شنێ موراد هاوكاری كردی، هاوكارییه‌كه‌ی چۆن بوو، ئایا له گۆرانییه‌كه بوو وه‌ك تێكست و ئاواز یان له كلیپه‌كه؟
- ده‌شنێ موراد له سه‌ره‌تای دروستبوونی بیرۆکه‌ی گۆرانییه‌که‌وه هاریکاری سه‌ره‌کیم بوو هه‌م له رووی ماددی و هه‌م له رووی مه‌عنه‌ویشه‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌و کردی که‌م که‌س ده‌یکات چونکه ئه‌وه پێگه‌یاندنی گه‌نجێکه له بوارێک‌دا خۆی کاری تیا ده‌کات. زۆر سوپاسی ده‌که‌م، چونکه هونه‌رمه‌ند ته‌نها که‌سێکی ده‌نگخۆش نییه به‌ڵکو دوو مه‌وقیفی وا دیاری ده‌کات کێ به‌ڕاستی هونه‌رمه‌نده.
* تا ئێستا تێكسته‌كانی تۆ له‌لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكه‌وه كراون به گۆرانی؟
- به‌ڵێ چه‌ند تێکستێکم له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه کراونه‌ته گۆرانی و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکی دیكه‌ش کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن. تا ئێستا ئه‌یوب عه‌لی، گۆران به‌کر، دانیا و ده‌روون، ره‌نج، رێکه‌وت تێکستی منیان گوتووه.
* به نیازی له داهاتوودا پشت به تێكستی شاعیرانی دیكه ببه‌ستی یان ته‌نیا پشت به شیعره‌كانی خۆت ده‌به‌ستی ؟
- دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م کلیپه به‌رهه‌مێکی دیکه‌م کلیپ ده‌که‌م که گۆرانییه‌کی فۆلکلۆری ئه‌مریکییه و من به ئینگلیزی و کوردی گوتوومه به ناوی you are my sunshine
* دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كلیپه‌كه‌ت بیر له بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م ناكه‌یته‌وه؟
- من له‌به‌ر تێکسته‌کانم گۆرانی ده‌ڵێم، بۆیه تا بتوانم پشت به تێکسته‌کانی خۆم ده‌به‌ستم، به‌ڵام شیعری هه‌ر شاعیرێکی تر زۆر کارم تێبکات و خۆمی تیا ببینمه‌وه ئاساییه بیکه‌مه گۆرانی.
* كانی شاعیر یان میدیاكار یان گۆرانیبێژ كامیانت زیاتر لا په‌سه‌نده و بۆچی؟
-هه‌ر کامێکیانم لا په‌سه‌ند نه‌بووایه له مندا جێی نه‌ده‌بۆوه. به‌و په‌ڕی قه‌ناعه‌ته‌وه له‌و بوارانه‌دا کار ده‌که‌م و هه‌ریه‌ک تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه.
