چین به ملیۆنان دۆلار قه‌رزداری هۆڵیۆده
بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ش كه پێویسته چین پێشكه‌شی بكات به ملیۆنان دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت و هه‌ر یه‌كه له شه‌ش ستۆدیۆ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هۆڵیۆد واته «دیزنی» و»وورنر» و»یونیڤه‌رسال» و»پاراماونت» و»فۆكس» و»سۆنی». به‌شیان تێدا هه‌یه.
به‌پێی گۆڤاری (زه هۆڵیۆد ریپۆرته‌ر) ده‌سه‌ڵاتدارانی چین به بڕی 30 ملیۆن دۆلار قه‌رزداری ستۆدیۆی وورنه‌ره ته‌نیا له فیلمی (مان ئۆف ستیل) و بڕی 25 ملیۆن دۆلار قه‌رزداری سۆنییه له فیلمی (سكای فۆڵ) و 23 ملیۆنیش قه‌رزداری فۆكسه له فیلمی (لایف ئۆف بای). له سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌وه كاتێك ستۆدیۆكانی هۆڵیۆد دژی سیستمی نوێی باجه‌كانی وه‌ستانه‌وه، چین رازی نه‌بوو به‌شی ستۆدیۆكان بدات له قازانجی فیلمه‌كان، چونكه ستۆدیۆكان رازی نه‌بوون به‌و باجه نوێیه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتدارانی چین دایانناوه و ده‌گاته 2%. بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ش كۆمه‌ڵه‌ی (مۆشن پیكچه‌ر ئه‌سوسییشن) كه نوێنه‌رایه‌تی ستۆدیۆكان ده‌كات له گفتوگۆدایه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی چین بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م گرفته و دیاریكردنی ئه‌و لایه‌نه‌ی پێویسته باجه‌كه بدات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م ناكۆكیه‌ی كه له ئارادایه، به‌ڵام بینه‌ری چینی بێبه‌ش نابن له بینینی فیلمه‌كانی هۆڵیۆد، چونكه بازاڕی سینه‌مای چینی یه‌كێكه له بازاڕه گه‌رم و پڕ قازانجه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی چین، بۆیه ستۆدیۆكانیش هه‌وڵه‌كانیان چڕ ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بێنه ناو بازاڕه‌كه‌وه ئه‌گه‌رچی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می زۆر و سه‌ختیش بن.
له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه مه‌رجه‌كانی سه‌ر نمایش كردن و به‌كارهێنانی فیلمه ئه‌مریكییه‌كان له زۆر رووه‌وه سوك كرابوون و ئاسانكاریان بۆی ده‌كرد، به‌پێی مه‌رجه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه ساڵانه پێویسته 34 فیلمی ئه‌مریكی له چین نمایش بكرێن كه‌چی ساڵی پار 20 فیلم نمایش ده‌كران، رێژه‌ی 25%ی داهاتی فیلمه‌كان بۆ ستۆدیۆكان ده‌بێت له به‌رامبه‌ردا ساڵی پار رێژه‌ی داهاته‌كه‌ی ته‌نیا 13-17% به‌شی ستۆدیۆكان بوو.
