رانیا كوردی:هاوســه‌رەكــەم ته‌نیا بیر له سه‌ركه‌وتنی من ده‌كاته‌وه

ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تاكانی خۆی كه به سه‌ره‌تایه‌كی ساده و ساكاری ده‌زانێت رانیا ده‌ڵێت: سه‌ره‌تای كاركردنم له راگه‌یاندن زۆر ساده و ساكار بوو و سوودێكی زۆریشم لێی بینی ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌ك بۆ ئیراده و ویستی خۆم دەگه‌ڕێته‌وه كه وایكرد هه‌موو وزه وتواناكانم بخه‌مه گه‌ڕ له‌و كاته‌ی كه توانا ماددیه‌كان ئه‌وسا له ته‌له‌فزیۆنی ئوردن زۆر كه‌م و سنووردار بوون، چونكه له یه‌ك كاتدا ئاماده‌كاری به‌رنامه بووم و بیرۆكه‌م داده‌نا و له مۆنتاژیش یارمه‌تی هاوكارانم ده‌دا به به‌رده‌وامی.
رانیا یه‌كێكه له‌و گۆرانیبێژو راگه‌یاندنكارانه‌ی كه كارێك پێشكه‌ش ده‌كات و دواتر بۆ ماوه‌یه‌ك ون ده‌بێت تا جارێكی دووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه، رانیا ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی به ئه‌نجام گه‌یاندنی كاره‌كانی ده‌ڵێ: هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ری و راگه‌یاندنه‌وه وا ڕاهاتووم كارێكی گرنگ به سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام ده‌ده‌م دواتر بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌رده‌كه‌ومه‌وه، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌شدا كاره‌كان پشتگوێ ناخه‌م، به‌ڵكو به وردی چاودێری بارودۆخی هونه‌ری و كۆمه‌ڵگاش ده‌كه‌م و هه‌وڵ ده‌ده‌م بزانم بۆ من چ پێویسته ئه‌نجامی بده‌م له ماوه‌ی داهاتوو كه ده‌گه‌ڕێمه‌وه، چونكه من بڕوام به چۆنیه‌تییه نه‌ك چه‌ندایه‌تی و هه‌میشه هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێش بڕۆم نه‌ك بگه‌ڕێمه‌وه دواوه.
رانیا به‌وه ناسراوه كه له یه‌ك كاتدا له سێ بواردا كار ده‌كات ئه‌وانیش بریتین له پێشكه‌ش كردنی به‌رنامه و گۆرانی وتن و نواندن و له هه‌رسێكیشیان سه‌ركه‌وتوو بووه و جه‌ماوه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌بووه وه‌ك راگه‌یاندنكار و ئه‌كته‌ر و گۆرانیبێژ، به‌ڵام رانیا خۆی زیاتر له نواندنه‌وه نزیكتر ده‌بینێت و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: له بنه‌ڕه‌تدا من ئه‌كته‌رم و عاشقی ئه‌كته‌ریم و ئه‌و له دڵی منه‌وه نزیكتره له گۆرانی و راگه‌یاندن، هه‌رچه‌نده من وه‌ك ئه‌كته‌ر كه‌مته‌رخه‌مم به‌رامبه‌ر به خۆم، گرنگیم به گۆرانی وتن داوه و پێشكه‌ش كردنی به‌رنامه‌كانیش به‌شێكی زۆری كاتی بردووم، به‌ڵام هه‌ر ماوه‌یه‌كی دیاریكراوه تایبه‌تمه‌ندێتی و جوانی و پێداویستی خۆی هه‌یه، بۆیه منیش بڕیارمدا دووباره بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و كاره‌ی كه خۆشمده‌وێ تاكو ئه‌وه‌ی له توانامدا هه‌بێت له بواری نواندن پێشكه‌شی بكه‌م، هه‌رچه‌نده له ئوردن له چه‌ندین كاری نواندندا به‌شداریم كردووه، هه‌روه‌ها له میسر ڕۆڵی پاڵه‌وانم بینیوه له فیلمی (الحاسه السابعه) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ئه‌لفیشاوی، ئێستاش سه‌رقاڵی به‌رنامه‌ی (The Rania Show)م و پێشبینی ده‌كه‌م بۆخۆم گرنگترین كار بێت له بواری نواندن.
سه‌باره‌ت به سروشتی ئه‌و به‌رنامه نوێیه‌و چۆن به یه‌كێك له گرنگترین كاره‌كانی ژیانی داده‌نێت، رانیا ده‌ڵێ: به‌رنامه نوێیه‌كه به‌ناوی (The Rania Show)یه و له 30 ئه‌ڵقه پێكدێت كه ماوه‌ی هه‌ریه‌كیان 5 خوله‌كه، به‌رنامه‌یه‌كی كۆمیدی كۆمه‌ڵایه‌تییه و جیاوازه له كۆمیدیا ته‌قلیدی و چیرۆك و كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌دوای یه‌كدا دێن و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی تێدا به‌دی ده‌كرێت له نێوان بینه‌ر و كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌رنامه‌كه، بیرۆكه‌ی كاره‌كه خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه من ڕۆڵی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی ئافره‌ت ده‌بینم كه له واقعدا بوونیان هه‌یه كه ره‌نگدانه‌وه‌ی واقعی ئێستای عه‌ره‌بییه و پێشبینی سه‌ركه‌وتنیشی ده‌كه‌م، چونكه به‌رنامه‌یه‌كه بۆ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان و هه‌موو ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه و به‌شێوه‌یه‌كی كۆمیدی و ته‌نز ئامێزه، جگه له‌مه ئێستا له خۆئاماده كردنم بۆ فیلمێكی رۆمانسی كۆمیدی به‌شێوازێكی نوێ و جیاواز.
سه‌باره‌ت به‌م فیلمه نوێیه رانیا ده‌ڵێ:چیرۆكی فیلمه‌كه باس له واقعێكی نزیك ده‌كات كه له‌گه‌ڵ من و دایكم روویداوه له چوارچێوه‌یه‌كی رۆمانسی كۆمیدی و باس له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه كردنی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌ی كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی رۆژهه‌ڵاتی هه‌یه، هه‌روه‌ها تێڕوانینیان نیشان ده‌دات بۆ جیاوازییه‌كانی نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، نووسه‌رێكی به‌ریتانی به‌شداربووه له‌گه‌ڵم له‌م كاره‌دا، ئه‌م فیلمه به‌شێكی زۆری كاتم ده‌بات بۆیه ناچار ده‌بم ماوه‌یه‌ك له له‌نده‌ن نیشته‌جێ بم كه پێشبینی ده‌كه‌م نزیكه‌ی دوو ساڵ بخایه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی نووسینی فیلمه‌كه و وێنه‌گرتنی ئه‌و به‌شانه ته‌واو بكه‌م كه پێویسته له به‌ریتانیا وێنه بگیرێت.
سه‌باره‌ت بە توجروبه‌ی خۆی له به‌رنامه‌ی سوپه‌ر ستار و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی به ده‌ستیهێنا رانیا ده‌ڵێ: ئه‌و كاته‌ی له سوپه‌ر ستار ده‌ركه‌وتم ناسراو نه‌بووم و سه‌ره‌تای كاركردنم بوو، بۆیه ده‌ڵێم ته‌جروبه‌ی من له سوپه‌ر ستار دووباره نابێته‌وه به‌تایبه‌تی له وه‌رزی یه‌كه‌می به‌رنامه‌كه كه به‌ر له هه‌شت ساڵ پێشكه‌ش كرا، چونكه ئه‌و كات یه‌كه‌م به‌رنامه‌ی دۆزینه‌وه‌ی به‌هره هونه‌رییه‌كانی بوو له جیهانی عه‌ره‌بی و بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بوو و له‌سه‌ر ئاستی عه‌ره‌بی و جیهانی ناوبانگی ده‌ركرد و ئه‌و كات له جیهانی عه‌ره‌بی به دیارده‌یه‌كی هونه‌ری داده‌نرا له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی و جه‌ماوه‌ر به تامه‌زرۆییه‌وه باسی ده‌كرد و له چاوه‌ڕوانیی دابوون، به‌ڵام وه‌رزی دووه‌م ته‌جروبه‌یه‌كی دووباره بوو و نه‌ده‌گه‌یشته ئاستی وه‌رزی یه‌كه‌م ئه‌گه‌رچی له‌رووی ته‌كنیكه‌وه پێشكه‌وتووتر بوو.
رانیا به‌هۆی سه‌رقاڵی بوونی به كاره‌كانی كاتی ئه‌وه‌ی نییه سه‌یری به‌رنامه‌كانی دیكه‌ی دۆزینه‌وه‌ی به‌هره هونه‌رییه‌كان بكات و ته‌نیا چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌كی كۆتایی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی بینیوه به‌تایبه‌تی به‌رنامه‌ی(The Voice)، به‌ڵام به‌رده‌وام هانی ئه‌و جۆره به‌رنامانه ده‌دات و ده‌خوازێت ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت و كاری هه‌بێت له لیژنه‌ی دادوه‌ری ئه‌م به‌رنامانه‌دا بێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنیان نه‌ك پێشكه‌ش كردنی به‌رنامه‌وه و حه‌ز ده‌كات له به‌رنامه‌یه‌كدا كار بكات كه مه‌به‌ستیان دۆزینه‌وه‌ی به‌هره‌كانه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌ك ئه‌و به‌رنامانه‌ی كه ته‌نیا گرنگی به تاكه كه‌سێك ده‌ده‌ن.
رانیا ستایشی ڕۆڵی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات له ده‌ركه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی له كاره‌كانیدا و ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی راستی بێت تا ئێستا نه‌متوانییوه هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان كاری ژیانی تایبه‌تی و ژیانی هونه‌ری خۆم رابگرم، گرنگی زیاتر به خانه‌واده و منداڵه‌كانم ده‌ده‌م له به‌رامبه‌ر ئه‌و گرنگی پێدانه كار ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی پله به پله كار بۆ هونه‌ره‌كه‌م بكه‌م به‌مه‌رجێك كاریگه‌ری نه‌كاته سه‌ر خێزانم و له‌سه‌ر حیسابی منداڵه‌كان و هاوسه‌رم نه‌بێت، چونكه هه‌ندێك كاری هونه‌ری هه‌یه پێویستی به‌وه‌یه كه چه‌ند ساڵێك له خێزانت دووركه‌ویته‌وه، لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌م كه هاوسه‌ره‌كه‌م ڕۆڵێكی زۆری هه‌بوو و له‌په‌نای په‌رده‌وه زۆر هاوكاری كردووم ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویستی بووبێت له‌به‌رده‌م كامیراش هاوكاری كردووم، چونكه هاوسه‌ره‌كه‌م رێز له كاره‌كه‌م ده‌گرێت و خۆشی ده‌وێت و به‌چاوی رێزه‌وه سه‌یری من ده‌كات وه‌ك ئافره‌ت و حه‌ز ده‌كات هه‌میشه سه‌ركه‌وتوو بم، منیش رێز له‌و بۆچوونه‌ی ده‌گرم.



