ئالان عومهر:چهند بهرههمێكم ئامادهیه، بهڵام له جێبهجێكردنیان دڵنیا نیم
بۆ ساڵی نوێ چەند بەرهەمێکم ئامادەیە، بەڵام دڵنیانیم تا چەند هەموو بەرهەمەکانم دەچنە واری جێبەجێکردنەوە، دیارە ئامادەکاری لەرووی هونەرییەوە ئەرکی خۆمە کە چۆن بەدوای ئاوازێکی شیاو یان تێکستێکی شیاودا گەڕاوم، بەڵام بەرهەمهێنان زۆرکات سەروتر لەتوانای هونەرمەندە، بۆیە لەوبارەوە ئەگەر کارەکان وەک ئەوەی خۆم دەمەوێ بچنە پێش، بێگومان چەند بەرهەمێکی نوێم ئامادە دەبێت و بڵاودەکرێتەوە، لایەنێکی تریش ئەوەیە کە من وای دەبینم هونەرمەند دوای ئەوەی ئەزموونێکی باشی وەرگرت لە چۆنیەتی کارکردن، دەبێت ئەو ئەزموونە بەکاری نوێیەوە دیار بێت، منیش لەهەوڵی ئەوەدام، بۆیە رەنگە دواکەوتن روویدابێت لەکارەکانمان.
سهبارهت به ئاواتهكانی بۆ ساڵێ نوێ، ئالان عومهر دهڵێ: بۆ ساڵی نوێ ئاواتم ئاشتی و رزگار بوونی کوردە لەدڵەراوکێی جەنگ، من بیرم نایەت لەکەیەوە کورد لە دڵەراوکێی سەرهەڵدانی جەنگدایە، بەهۆی میللەتەکانی دەروروبەری، بێگومان ئەمە وردودرشتتریشە لە بیروەرییەکانی باووباپیرانیشمان، ئاخر ئەم هەموو تەمەنە میللەتێک لەدڵەڕاوکێدا بژی، چۆن ماندوو نابێت؟ چۆن شەکەت نابێ؟، چۆن ناڕەحەت و نا ئارام نابێت؟ بێگومان نائارام دەبێت و ئەوەش کاردانەوەی بەسەر تەعامولی رۆژانەی ئەو میللەتەوە دەبێت، ماوەیەک خەریک بوو هەستمان بەدڵنیایی دەکرد وەکو باشوری کوردستان، بەڵام دیسان تەوقی کەرکوک کرایەوە بەهێزێک کە نە خەڵکی ئەو شارەن و نە لەخەمی خەڵکی ئەو شارە تێدەگەن.
ئالان عومهر ههروهها دهڵێ: لەگەڵ ئەو دڵەڕاوکێی خەڵکی وڵاتەکەم، منیش دڵەڕاوکێم هەیە، لەگەڵ ترس و نیگەرانی خەڵکی کەرکوک منیش ترس و نیگەرانیم هەیە، لەگەڵ توڕەبوونی ئەوانیش لەو سوپا و هێزە بێگانەی دەیەوێ بێتە سەر شارەکەیان منیش توڕەم، بەقەد ماندووبوون و شەونخونی ئەو پێشمەرگانەش کە چوون بۆ پاراستنی کەرکوک، وەفاو سڵاوم هەیە بۆ پێشمەرگە، وەک کوردێکی دوورە وڵات، هەست دەکەم ئەوان لەوێن بۆ ئەوەی بەشێک لە رۆحی من بپارێزن کە کەرکوکە، سوپاس بۆ دڵسۆزیان و نیشتیمانپەروەریان، بەهیوام ئەم ساڵ ساڵی کۆتاهاتنی ئەم هەموو دڵەڕاوکێ و ترس و خەم و ناخۆشی و نا ئارامییە بێت، ساڵی ئاشتی بێت، ساڵی کۆتاهاتنی ئینکاریکردن بێت لەمافی میللەتەکەم، لەهەموو بەشەکانی کوردستان.
