دالیا:گوند بە گوند دەگەڕێین بۆ زیندووكردنەوەی فۆلكلـۆری رەسەنی خۆمان

دوای پێشكەش كردنی چەندی تابلۆیەكی هونەری جوان كە گوزارشتی لە كلتووری رەسەنی كلدانەییەكان دەكرد و بووە مایەی دڵخۆشی و رێزلێنانی ئامادەبووان، هاتەوە لام و پێش ئەوەی خۆی بناسێنێت ویستی رای من بزانێت دەربارەی ئەو بڕگانەی كە لەگەڵ تیپەكەی پێشكەشیان كرد، ئینجا هات خۆی ناساند و وتی من ناوم دالیایە و لە ساڵی 1998ەوە تا ئێستا ئەندامی تیپی فۆلكلۆری كلدانیم بۆ هونەرە میللیەكان، هێشتا پرسیارەكەی منی لە یاد مابوو و وتی: تیپەكەی ئێمە لە دوازدە سەماكاری كوڕ و كچ پێكدێت، ئێمە رۆژانە مەشقی خۆمان بە رێكوپێكی ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین تابلۆكانمان زۆر بەباشی پێشكەش بكەین راهێنەرەكانمان زۆر یارمەتیمان دەدەن و هاوكاریمان دەكەن، ئەو تابلۆیانەی پێشكەشیان دەكەین هەموویان گوزارشت لە فۆلكلۆری ئێمە دەكات و هەوڵی ئەوە دەدەین لە فەوتان و لەناوچوون بیپارێزین و دووبارە زیندووی بكەینەوە.
دالیا سەبارەت بەو تابلۆ كۆنانە و چۆنیەتی ئەدا كردنی دەڵێ: كارەكە زۆر ئاسان نییە، چونكە زۆر لە جۆرەكانی شایی و هەڵپەڕكێ هەیە ئێمە پێی نازانین، بۆیە لە گوندەكان دەگەڕێین و لە كەسانی بە تەمەن دەپرسین كە زانیاریمان پێ بدەن دەربارەی ئەو جۆرە سەمایانەی كە لە كۆندا هەبوون و ئێستا خەریكە لەبیر دەچنەوە، ئێمە كۆیان دەكەینەوە، سەرەتا لەبەردەم ئافرەت و پیاوە بە تەمەنەكان بەگوێرەی رێنماییەكانی ئەوان ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی كە وەك خۆی نوێیان دەكەینەوە و دێین مەشقیان لەسەر دەكەین جاری وا هەیە سەك هەڵپەڕكێ سێ مانگی بەردەوام مەشقی لەسەر دەكەین دواتر بەناوی خۆی واتە ئەو ناوەی لە كۆنەوە پێی ناسرا بوو پێشكەشی دەكەین، لەبەر ئەوەی ئەو شایی و هەڵپەڕكێ كۆنانە تەنیا لای بە تەمەنەكان ناسراوە بۆیە كاتێك دەبینن پێشكەشیان دەكەین زۆر دڵخۆش دەبن و هانمان دەدەن بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەو كارە و رزگاركردنی كلتووری خۆمان لە ون بوون.
دالیا ئاماژەی بەوە كرد كە تا ئێستا لە چەندین چالاكی و فیستیڤاڵی جیاجیادا بەشدارییان كردەوە، هەروەها لە گشت چالاكییە هونەرییەكانی شاری دهۆكدا بەشدار بوون و دەڵێ: لە فیستیڤاڵی هەولێردا بەشدار بووین مایەی خۆشی و سەربەرزی بوو بۆ ئێمە كە لە وڵاتی خۆمان ئەم فیستیڤاڵە هونەرییە بە بەشداری گرووپی هونەری چەندین وڵات ئەنجام دەدەرێت و ئێمەش بوونمان هەبوو و چەندین تابلۆی هونەری جوانمان پێشكەش كرد.
تیپی فۆلكلۆری كلدانی بۆ هونەرە میللیەكان سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، دالیا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە تیپەكەیان پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە ، بە وتەی دالیا ئەوان تا ئێستا تەنیا یەك جۆر جلوبەرگیان هەیە بۆیە پێویستییان بە جلوبەرگی زیاتر هەیە، چونكە ئەوان چەندین تابلۆی جیاجیا پێشكەش دەكەن كە فۆلكلۆری ناوچە جیاوازەكانە و لەوانەیە شێوەی جلوبەرگی ناوچەكانیش جیاواز بێت، بۆیە ناكرێ هەموو تابلۆ هونەرییەكانیان بە یەك جلوبەرگ پێشكەش بكەن.

