لەسەر سەروەتەكەی (مایكڵ جاكسۆن) هەرایە

لەسەر سەروەتەكەی (مایكڵ جاكسۆن) هەرایە
بە پێی ئەو وەسیەتەی گۆرانیبێژی كۆچكردوو (مایكڵ جاكسۆن) نووسیوویەتی، لە دوای خۆی هەموو سەروەت و سامانی خۆی بۆ منداڵەكانی بەجێ دەمینێت، بەڵام پێدەچێت خوشك و براكانی (جاكسۆن) ئەگەر بە شەڕیش بێت بەشێكی بۆخۆیان ببەن.

سەرجەم ئەو سەروەت و سامانەی گۆرانیبێژی ئەفسووناوی و پادشای “پۆپ”ـی جیهان (مایكڵ جاكسۆن) لە دوای خۆی بە جێی هێشتووە، بە 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت.

ئەگەرچی (جاكسۆن) دوو ساڵە مردووە، وەلێ ئێستایش داهاتی هەر ساڵێكی لە 100 ملیۆن دۆلار كەمتر نییە، ئەو داهاتەیش لە ڕێگەی فرۆشتنی بەشێك لە ئەلبوومەكانی و پشكەكانییەوە دەستی دەكەوێت.

بەر لە مردنی (مایكڵ) وەسیەتی نووسیوە، كە هەموو سەروەت و سامانەكەی خۆی بۆ منداڵەكانی بەجێ دەهێڵێت، كە سێ منداڵن و خوشك و براكانی لێ بێبەش كردووە. بەو هۆیەیشەوە ئێستا شەڕێكی توند لە نێوان بنەماڵەی (جاكسۆن)ـدا بەرپا بووە لەسەر سەروەتەكەی (مایكڵ).

خوشك و براكانی (مایكڵ) ئێستا بەرۆكی منداڵەكانی (مایكڵ)ـیان گرتووە و داوای بەشی خۆیان لە سەروەتی براكەیان دەكەن.

مێدیاكان وێنەیەكی ناوازەی (جانێت جاكسن)ـی خوشكی (مایكڵ)ـیان بڵاو كردووەتەوە، كە لە یەكێك لە منداڵەكانی (مایكڵ) دەدات، بە گوتەی گۆڤاری “ئێم تی ئێز” هۆكار ئەو شەڕە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە منداڵەكانی (مایكڵ) بە (جانێت)ـی پوریان گوتووە، كە یەك قروش وەرناگرن.

جێگەی ئاماژەیە، (مایكڵ جاكسۆن) لە ساڵی 2009ـدا و لە تەمەنی 50 ساڵی بەهۆی زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی دەرمانی خەمۆكی گیانی لە دەست دا.


















هەولێر
Top