فرمێسك مستەفا:باشترە داهاتی فیستیڤاڵەكان لە نۆژەنكردنەوەی هۆڵەكاندا خەرج بكرێت

فرمێسك مستەفا:باشترە داهاتی فیستیڤاڵەكان لە نۆژەنكردنەوەی هۆڵەكاندا خەرج بكرێت
فرمێسك مستەفا لەشاری سلێمانی لەدایكبووە. خوێند‌نی سەرەتایی و ناوەندی و دوا ناوەندی لەوێ تەواو كردووه. كۆلێژی هونەرە جوانەكانی بەغدای تەواوكردووه، یەكێكە لەو ئەكتەرە بەئەزموونانەی‌ شانۆی‌ كوردی‌ كە لەسەرەتای‌ ساڵانی‌ هەشتای‌ سەدەی‌ ڕابردووەوە دەستی داوەتە كاری‌ شانۆیی‌، لەساڵی 1983 بۆ یەكەمجار چووەتە سەرشانۆ بە شانۆگەریی(كەللـە ‌‌‌‌سەر) و لەو كاتەوە و تائێستاش خاوەن چەند ئەزموونێكی‌ باشی‌ نواندنی‌ شانۆییە و لەگەڵ چەند دەرهێنەرێكی‌ ناسراوی‌ كورد و عەرەبیشدا چەندین كاری‌ شانۆیی‌ بەرجەستە كردووە. 1988 بووەتە مامۆستا لەپەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان لەشاری سلێمانی و تائێستاش بێ‌ دابڕان عاشقێكی‌ سەرسەختی‌ شانۆیە و ناتوانێت لێی‌ دابڕێت. لەدیدارێكدا لەگەڵ گوڵان باسی لەچەند پرسێكی تایبەت بەشانۆی كوردی كرد.

ئا:خەلیل بلەیی





* ئایا فیستیڤاڵەكانی شانۆ ئامانجی خۆیان دەپێكن؟ یان تەنیا فیستیڤاڵ ساز كردنە و هیچی تر؟

- لەزۆر چاوپێکەوتن و ئەو گوتارانەی نووسیومن، جەختم لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە فێستیڤالەکان تەنیا بۆ دروستبوونی کۆمۆنیکاتسیۆنن لەنێوان هونەرمەنداندا و هاندەرێکە بۆ وەبەرهێنانی بەرهەمی شانۆیی. دەنا گەر کاریگەرییان هەبێت لەسەر پێشکەوتنی ڕەوتی شانۆیی من ئەوە نابینم. لەهەموو دنیادا فیستیڤاڵەکان ئامانجێکی تایبەتیان هەیە، هەر بۆیەش بۆنە فیستیڤاڵییەکانیان دەکەنە چەند بەشێکەوە و هەر بەشەش لەپێناوی ئامانجێکی دیاریکراودایە. بەداخەوە لەبەر ئەوەی هێشتا ئێمە لەسەرەتاداین بۆ دروستکردنی ئاڵوگۆڕی کلتوری و ڕۆشنبیری و هونەری لەبەر ئەوە دەمانەوێت ئامانجی دیاریکراومان هەبێت.

لەبارودۆخی ئێستای کوردستاندا لەهۆڵ و تەلارە هونەرییەکان کەموکوڕیەکی وا هەیە، کە پێویستە جارێ پەنا بەرینە بەر ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی هۆڵێ شیاو بۆ شانۆکاران، ئەوسا ئەو داهاتەی بۆ فیستیڤاڵەکان تەرخان دەکرێت بخرێتە خزمەت نۆژەنکردنەوەی هۆڵەکان. لەکاتی ئامادەباشی هەر بەرهەمێکی شانۆیی ئێمەی شانۆکار دووچاری زۆرێک لەگرفتی تەکنیکی و ژووری شیاو و ئامادەکراو بۆ ئەکتەران و شوێنی حەوانەوە و حەمام دەبینەوە. هیچ موستەلزەماتێکی وای تێدا نییە کە شیاو بەکاری خۆمان و تەنانەت بینەریشمان بێت. من خۆم کاتێ شانۆکارێک یا بینەرێکی بێگانە سەر دەکات بە هۆڵەکانماندا هەست بەشەرمەزارییەکی گەورە دەکەم، چونکە من ئاگادارم و بینیومە کە هۆڵێ شانۆ لەدەرەوەی نیشتمانی مندا چۆنە و لەچ ئاستێکدایە. گەرچی هەرێمی کوردستان و شانۆکارەکانمان پێویستیەکی هاوچەرخانەیان بەتێکەڵ بوون و ئاڵوگۆڕی هەبێت لەڕێگای فیستیڤاڵەکانەوە ئەمەی بۆ بڕەخسێت. بەڵام هۆڵێ گونجاو ماڵێ شانۆیی هاوچەرخ دەبێت خەمی سەرەکیمان بێت، لەپێش بیرکردنەوە لەگێڕانی فیستیڤاڵ.

* چۆن فیستیڤاڵە شانۆییەكانمان دەگەیەنینە ئاستی جیهانی؟

- بەجیهانگیری کارە هونەرییەکانمان، پێویستی بەپاشخانێک و ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لەلایەن ئەو کەسانەی هەڵدەستن بەگێڕانی ئەو فیستیڤاڵانە. تا ئامانجێکی ڕوونی هەبێت. دەبێت ئەدرەسێکی دیاریکراوی هەبێت، چوارچێوەیەکی ڕوونی هەبێت. بۆ نموونە لێرە لە وڵاتی ئەڵمانیا چەندین فیستیڤاڵ ساڵانە ساز دەدرێت، بەڵام هەریەکە قاڵبێکی خۆی هەیە لەسەر پرەنسیپێکی ڕوون کار دەکەن و کارە بەشداربووەکانیش دەبێت ئەو مەرجەیان تێدا بێت و لەخزمەتی ئامانجی فیستیڤاڵەکەدا بن. دەبێت بەمەرجی تایبەت بەشدار بیت. دوای ئەوە لەو فیستیڤاڵەدا کاری هاوبەش دروست دەبێت. بۆ ئاییندە سوودی دەبێت بۆ پرۆسەی ئەو فیستیڤاڵە. بۆیە تەمەنی فیستیڤاڵەکانیان زۆر دەخایەنێت و ساڵانەش پەرەی پێدەدەن.

* ئایا ئێمەی كورد ڕەخنەگری شانۆییمان هەیە و ئەگەر هەیە لەچ ئاستێكدایه؟

- هەندێ ڕەخنەگر بەهرەیەکی سروشتی خۆرسکیان هەیە لەقودرەتی نووسین و داڕشتندا، لەبەر ئەوە جورئەتی ئەوەیان هەیە کە خۆیان بدەنە قەدەری ڕەخنەگرتنی شانۆیی. هەندێکیشیان کە ژمارەیان زۆر کەمە ئەکادیمین.

بۆ من گرنگە ڕەخنەگر کەسێکی هزر فراوان و ڕۆشنبیر بێت و زانستییانە کارەکان هەڵبسەنگێنێت، دووربێت لەمەدح و سەنا. هەموو ستایشێکی لەسەر بنەمایەکی زانستییانە بێت و لەخزمەتی کارەکەدا بێت، پێچەوانەکەشی هەمان شت بێت.

وەلێ ڕەخنە زۆر کات لای ئێمە بەپێوەری هاوڕێیەتی و نزیکایەتییە، یا پێوەری حەساسیەت و کینەیە. لەبەر ئەوەیە کەمێکیان دەتوانن زانستیانە یاخود بە ویژدانەوە ڕەخنەکانیان ئاراستەی بەرهەمەکان بکەن و بنەمایەکی ئەکادیمی و مەعریفی بدەنێ. هەر بۆیەش کارە شانۆییەکان بەداخەوە زۆر کەم لەسەر بەرهەمەکانیان دەنووسرێت و شیدەکرێنەوە. کورد نەک هەر لەڕەخنەدا هەژار و لاوازە، بەڵکو هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی شانۆییشان کەمە. تەنانەت لە زانکۆ و پەیمانگا هونەریەکانیش نایخوێنن. یاخود قوتابیان ڕاناهێنن لەسەر چۆنیەتی لێکۆڵێنەوەی ئەکادیمی بۆ بەرهەمە شانۆییەکان.. لەزانکۆکانی ئەڵمانیا، ڕۆژێک هەیە کە مامۆستا و فێرخوازەکان دەڕۆن بۆ بنینی نمایشێک تا ڕۆژێکی تەواوی بۆ تەرخان دەکەن کە شیکردنەوە و لێکۆڵێنەوەی نمایشەکەیە، لەلایەن قوتابیان و مامۆستاکەیان.. ئێمە لەکوردستان گەر مامۆستاکە بەرهەمی دەر‌هێنەرێکی بەدڵ نەبێ، زۆر بەناشرینی و شکاندنەوەیەکی نەیارانەو نا زانستی کارەکە دەشکێنێتەوە، تا فێرخوازەکانی چەواشە بکات. لێناگەڕێت ئەوان بەچاوی خۆیان و دیدگاو ڕادەی ڕۆشنبیریان کارەکە هەڵسەنگێنن و بیبینن. تەنانەت ڕۆژنامەنووسێك کە دێت لەسەر شانۆگەریەکی بەشدرابووت چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکات، هێندە ڕادەی ڕۆشنبیری هونەری و فەرهەنگی کەمە نازانێت چۆن و لەچ پەنجەرەکەیەوە ڕەخنەکانی خۆی یا پرسیارەکانی خۆیت ئاراستە بکات.

* باشە پەیمانگا و كۆلێژەكانی هونەرە جوانەكان چ ئیزافەیەكیان لەسەر شانۆی كوردی هەبووه؟

- بێگومان ئیزافەیان هەیە، گەر زۆر کەمیش بێت، دەتوانێت ساڵانە هەر هیچ نەبێت لەژمارەیەکی زۆر دوو قوتابیش بەرهەم بهێنێت وەک کارو پیشە سەیری هونەرەکەی بکات، ناڵێم زۆرە. بەڵام باشترە لەنەبوونی. من خۆم تێبینیەکی زۆرم هەیە لەسەر پێگەی پەروەردە و پێگەیاندنی فێرخوازانی شانۆ و بەگشتیش لەبواری خوێندنی هونەردا. کە سیستمی خوێندنەکە لەبنەڕەتیدا خەلەلی هەیە، خەلەل لەفێرخوازی شانۆدا نییە، هێندەی لەسیستمەکە دا هەیە. هەربۆیەش ئێمە وادەزانین و زۆر کات دەبینین کاریگەری و جێگا دەستی فێرخوازانی شانۆ و هونەر کەمترە لەوەی کە چاوەڕوان بکرێت لێیان.

* لەشانۆ شتێك هەیە بەناوی نەوەی نوێ و نەوەی كۆن؟

- قۆناغ و سەردەمی نێوان نەوەکان لەشانۆدا وەک موروی ملوانکەیەکن کە هەر نەوەیەک دێت مورویەک لەو ملوانکەیە زیاد دەکات و لەهۆنینەوەیدا بەشدارە، لەقۆناغەکانی گەشەکردنی شانۆدا بەپێی داخوازی سەدە و کات دەگۆڕێت بەپێی بیرکردنەوە و گەشەسەندنی نەوەکانیش، جۆگەی ڕەوتی شانۆ دەگۆڕێت. تەنیا ئەمە مەسەلەکەیە. گرنگ لێرەدا بابەتێکە کە هەر نەوەیەک دێت مێژووی ئەوی پێش خۆی نەسڕێتەوە، نابێت ئەوە لەیاد بکات کە هەوێنێک هەبووە پێش خۆی بە هەڵەو ڕاستییەکانیانەوە، گرنگ ئەوەیە ئەو لەم کاتەدا چی دەخاتە سەر بزاوتەکە. من خۆم زۆر شانازی بەوەوە دەکەم کە لەگەڵ هەردوو ئەم نەوەیدا کار دەکەم، بۆ من ئەزموونێکی زۆر دروستە و دەشبێت کارکردنەکە بەهەردوو نەوەکە بێ و ئەزموونی هەردووکیان پێداویستییەکیی زەرورە لەشانۆدا.

* خۆت بە دەرهێنەر دەزانی یان ئەكتەر و بۆچی؟

- ئەزموونی من وەک دەرهێنەر، لەدوای ئەوەی لەشاری شتوتگارت کارەکانی خۆم، خۆم کاری دەرهێنانم بۆ دەکردن. لەهەمانکاتیشدا ئەکتەر بووم، بێ لەو ئەزموونی دەر‌هێنانی شانۆگەری بۆ منداڵان. دەرهێنان چێژی خۆی هەیە، بەڵام نواندن بۆمن ژیان و هەناسەدانمە. کاتێک دەرهێنەرێکی بەتوانا و زیرەکم هەبێت، بێگومان پەنا دەبەمەوە بەر ئەکتەری. نواندن بۆ من وەک قوڕی پەیکەرتاشێکی زانای لێهاتووە کاتێک کە قوڕێک هەڵدەبژێرێت دەزانیت بۆ چ کارێ ئەنجامی بدات و چۆن فیگورەکەی هەڵبژێرێت و وێنەکەی بکات. لەبەر ئەوەی ئەزموونی منیش لەو بوارەدا دەوڵەمەندترە زیاتر خۆم بەئەکتەر دادەنێم و پسپۆری خۆشمە. گەرچی بەبڕوای من دەرهێنەری باش ئەو دەرهێنەرانەن بەئەزموونی نواندندا تێپەڕیوون، بەڵام ئەکتەری باش بووبن. یەکێک لەئەکتەرە بەتواناکانی سینەما، دەبێتە دەرهێنەرێکی بەناو بانگ، لە یاداشتەکەی خۆیدا دەنووسێ، دەرهێنەر دەبێت بەئەزموونی نواندندا تێپەڕی بێت تا بزانێت چۆن و بەچ شێوازێك لەگەڵ ئەکتەرەکاندا مامەڵە بکات و بزانێت چیان گەرەکە و چۆن ڕۆڵەکانیان بەسەردا دابەش بکات.

* چ پێوەرێك هەیە كە بتوانین بڵێین شانۆی كوردی لەبارودۆخێكی باش یان خراپدایه؟

- پێوەرەکان بەجۆر و چۆنیەتی و ڕادەی بەرزی هونەری ئەو کارانەن کە پێشکەش دەکرێن، بە ڕادەی بەرزی مەعریفی شانۆکاران خۆیانن، بەو بینەرەیە کە ڕوو لەهۆڵەکان دەکات، بەو پێڕەو و پرۆگرامە ساڵانەیە کە بەڕێوەبەرایەتی شانۆکان دایدەڕێژن، بەجۆری ئەو بەرنامانەیە کە وەزارەتی ڕۆشنبیری دایدەنێت. بەڕادەی ئەوەیە تاچەند شانۆ لەکوردستاندا توانیوێتی بێتە ناو جەرگەی ژیانەوە، لەپێگەی پێگەیاندن و پەروەردەدا ڕۆڵێ بەرچاوی هەیە. چۆن شانۆ لەکوردستان دەتوانێت ببێتە مینبەرێک بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ گرفتەکانی سەردەمی خۆیدا. دۆزینەوەی زمانی هاوبەش و دیالۆگ بەستن لەگەڵ شانۆکاری شارەکانی تر و خاوەن ئایدیا جیاوازەکان کاتێک بەتەبایی و خۆشەویستیەوە کارەکانی خۆیان بەئەنجام بگەیەنن، کاتێک شانۆ بووە سەکۆی دیالۆگی سەردەم.















Top