سەندیكای هونەرمەندان رێز لە هونەرمەندانی بە تەمەنی هەولێر و سلێمانی دەگرێت

سەندیكای هونەرمەندان رێز لە هونەرمەندانی بە تەمەنی هەولێر و سلێمانی دەگرێت
لەدرێژەی چالاكییەكانی خۆیانداو لەمیانی وەفاداری و بەسەركردنەوەی هونەرمەنداندا، ئەنجومەنی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بەهاوكاری لقی هەولێرو لقی سلێمانی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان هەڵمەتێكی گەڕان و سووڕانیان بەسەر ماڵی هونەرمەندە بە ئەزموون و خاوەن تواناكانی شاری هەولێر و سلێمانی كرد.
لە هەڵمەتەكەی گەڕانی شاری هەولێردا هەریەك لە"نیاز نوری- نەقیبی سەندیكا و هیوا سوعاد سەرۆكی لقی هەولێر و فەرهەنگ غەفوور، جەمال مشیر، یوسف عوسمان ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكا بەشداربوون سەردانی ماڵی 5 هونەرمەندی بە ئەزموونی شاری هەولێریان لەبوارە جیاجیاكانی هونەر كردو خەڵاتی رێزلێنانی سەندیكایان پێ بەخشین و لە هەڵمەتەكەی شاری سلێمانیشدا كە هەریەك لە"نیاز نوری نەقیب و هیوا سوعاد سەرۆكی لقی هەولێر و فەرهەنگ غەفوور و سازان عەلی ئەندامانی ئەنجومەن بەشداربوون ماڵی چوار هونەرمەند بەسەر كرایەوە.
ئەو هونەرمەندانەی لە سەردانەكەی هەولێردا بەسەركرانەوە بریتی بوون لە"مستەفا رەئوف، حوسێن عەبدوڵڵا، فەرهاد شەریف، عەدنان جەمال، جان تۆماس" و هونەرمەندانی سلێمانیش كە بەسەركرانەوە بریتی بوون لە "سڵاح مەجید، حەمەی نێرگر، عەلی نوری، حەمە ناشاد" كە سەرجەمیان دڵخۆش بوون بەو سەردانەو ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد ئەو جۆرە سەردانانەی سەندیكا ئومێد بەخشەو وایان لێدەكا بەگڕوتینێكی ترەوە بەردەوام بن لەكاری هونەری.
لە بەرامبەردا نیاز نوری نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان گوتی"ئێمە لە سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بە ئەركی سەرشانی خۆمان دەزانین مامۆستاكانی خۆمان بەسەربكەینەوەو گوڵی خۆشەویستی سەندیكایان لەیەخە بدەین".
نیاز گوتیشی"ئەو سەردانەی ئەمڕۆمان دەستپێكی سەردانەكانمانەو لە شارەكانی تریش بەنیازین هەمان كار دووبارە بكەینەوەو هونەرمەندە بەئەزموون و خاوەن تواناكان بەسەر بكەینەوە".
لە كۆتایی قسەكانیدا نیاز نوری گوتی"ئێمە وەك سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بەردەوام ویستوومانە داكۆكیكار بین لەمافی هونەرمەندان".
Top