بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر:بەر لەكۆتایی ئەمساڵ لەهەولێر چەند هۆڵێكی سینەمایی دەكرێنەوە
دیمانە/ خەلیل بلەیی

*بەر لەماوەیەك كۆنفرانسێكتان ساز كرد بۆ ڕێكخستنەوەی سینەما لەهەولێر، ئایا بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنفرانسەكە هیچیان جێبەجێ كراون؟
- ئەو سیستمە تازەیەی كە بۆ بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر پێشنیار كرا دواتر لەكۆنفرانسێكی دوو ڕۆژیدا خرایە بەر دەست سینەماكاران و ئەوانیش بەكۆی دەنگ دەنگیان لەسەر ئەو سیستمە دا و بەئیمزاوە پەسەندیان كرد، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر وەك تاكە مەرجەعێك ئیشوكارەكانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی فیلم بەپێی ئەو سیستمە پیادە دەكات، سیستمە نوێیەكە بەم زووانە لەدووتوێی كتێبێك یان نامیلكەیەك چاپ دەكرێت و دەخرێتە بەردەم هەموو سینەماكار و فیلمكاران ئەوانەی كە دەیانەوێ زانیاری ورد و درشتیان لەسەر ئەو سیستمە هەبێت، وەك هەموو لایەك دەزانین كە تا ئێستا بودجە لەپەرلەمان پەسەند نەكراوە بۆیە تا ئێستا هیچ كارێكمان ئەنجام نەداوە.
* هیچ فیلتەرێكتان هەیە بۆ پۆلین كردن و جیاكردنەوەی فیلمەكان؟
- بێگومان فیلتەر هەیە و تا ئێستا ژمارەیەك فیلمساز فیلمی درێژیان هێناوە كە پێشتر ئەزموونی فیلمی درێژیان نەبووە یان لەگەڵ سیستمە نوێیەكە یەك ناگرنەوە ئەمانە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی ناچنە بەردەم لیژنەی خوێندنەوە سیناریۆی فیلمە درێژەكان و ڕاشكاوانە پێی دەڵێین كە ناتوانێت لەئێستادا فیلمی درێژ پێشكەش بكات، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە ئێمە كار بەو سیستمە دەكەین و پابەندی ئەو سیستمە نوێیەین، سیستمەكەش ساڵانە هەموار دەكرێتەوە و چەند خاڵێك هەیە كە پێویستە بەشێوەیەكی پراكتیك كاری لەسەر بكەین بۆ ئەوەی لایەنە باش و خراپەكانی بزانی، بۆیە بەپێی ڕێكەوتنمان لەگەڵ سینەماكاران ئەگەر سیستمەكە كێشە و كەموكوڕی هەبوو، ئەوا لەساڵی داهاتوودا دووبارە هەموار دەكرێتەوە.
* ئەوە نیوەی ساڵی 2012 تەواو بوو بۆ نیوەكەی تر وەك چالاكی فیستیڤاڵ چیتان لەبەرنامەدایە؟
-لەسیستمەكەدا ژمارەی فیلم و فیستیڤاڵەكان دیاری نەكراوە، بەڵام یەكێك لەكارە گرنگەكانمان كردنەوەی وۆرك شوپێكی 45 ڕۆژەیە بۆ ئارەزوومەندانی سینەما و ئەوانەی حەز دەكەن لەبواری سینەمادا كار بكەن، وۆرك شۆپەكە لەژێر دەستی چەند مامۆستایەكی پرۆفیشناڵ دەبێت لەبواری نووسینی چیرۆك، سیناریۆ، بەرهەمهێنان، دەرهێنان، وێنەگرتن، ڕووناكی، مۆنتاژ، دواتر ئارەزوومەندە بەشداربووەكان دابەش دەبن بۆ چەند گروپێك و هەر گروپێك فیلمێك بەرهەم دەهێنێت بەمەش لەكۆتایی وۆرك شوپەكەدا 15- 20 كورتە فیلم لەسەر ئەركی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر بەرهەم دەهێنرێت و وەك فیستیڤاڵێكی جوان نمایشی دەكەین بۆ ئەو كەسانەی كە یەكەم جارە فیلم دروست دەكەن و ئامانجیشمان لەو كارە ئەوەیە كە زیار لە10 سینەماكاری گەنج كە بەهرە و توانای شاراوەیان هەیە بدۆزینەوە و بیانخەینە سەر ڕێڕەوێكی ئەكادیمی بۆ ئەوەی بتوانن لەئاییندەدا كار بكەن، جگە لەمە دوو فیستیڤاڵی كورتە فیلم لەبەرنامەماندا هەیە یەكیان بۆ كورتە فیلمی ئاسایی و ئەویتریان تایبەتە بەتوندوتیژی دژ بەئافرەتان كە بۆتە نەریتێكی ساڵانە و لەئێستاوە لەخۆئامادەكردنداین بۆیان بەتایبەتی ئەوەی تایبەتە بەتوندوتیژی دژ بە ئافرەتان، چونكە دوو فیستیڤاڵەكەی پێشووتر سەرەتایەكی زۆر گرنگ بوو، بەڵام هەوڵ دەدەین ئەم ساڵ شتێكی جوانتر و پێشكەوتووتر پێشكەش بكەین.
* ئەی سەبارەت بەفیلمی درێژ چیتان كردووە؟
- ئێستا یەك فیلمی درێژمان لەقۆناغی بەرهەمهێنانە بەناوی (مێژووی ون) لەدەرهێنانی حوسێن سێودین و بەپێی ئەو بودجەیەی لەبەر دەستماندایە هەوڵ دەدەین دوو تا سێ فیلمی دیكەی درێژ بەرهەم بهێنین، ئەمە جگە لەوەی ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر هەشت درامای تەلەفزیۆنیمان هەیە كە هەندێكیان لەقۆناغی بەرهەمهێنانە و زۆربەیان قۆناغی وێنەگرتنیان تەواو بووە.
* سینەما بێ هۆڵ نابێ، وەك بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر چ هەنگاوێكتان ناوە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە، چونكە ئێستا خەڵكێكی زۆری بیانی سەردانی هەولێر دەكات، هەروەها بینەری كوردیش پێویستی بەهۆڵ هەیە؟
- لەو بڕوایدام ئەو بزاوتە و پێشكەوتنە سینەماییە خێراییەی كە لەپایتەختی كوردستان هەیە لەهیچ شارێكی دیكە نییە، ئەوەی تا ئێستا هەبوو چەند هۆڵێكی كەرتی تایبەت بوون لەوانە سینەما سەڵاحەدین كە بەكۆنترین هۆڵی سینەما دادەنرێت لەكوردستان و لەساڵی 1948 دامەزرابوو، دروستكردنی هۆڵی نمایشكردنی فیلمی سینەما ئەركی كەرتی تایبەتە نەك كەرتی گشتی، بۆیە بەشانازییەوە دەڵێم ئەم ساڵ لەیەكێك لەمۆڵەكانی هەولێر پێنج هۆڵی سینەمایی دروستكردووە و دوای ئەوەی سەردانمان كردن دەركەوت كە كارێكی زۆر ئەكادیمی زانستی و زۆر سەركەوتوو بووە، بەهەمان شێوە لەمۆڵێكی تری شاری هەولێر كار دەكرێت بۆ دروستكردنی پێنج هۆڵی دیكەی سینەما و لەو بڕوایەدام بەر لەكۆتایی هاتنی ساڵی 2012 هەولێری پایتەخت دەبێتە خاوەنی 10 هۆڵی سینەمای پێشكەوتوو.
* هەماهەنگیتان چۆنە لەگەڵ خاوەنی ئەو هۆڵانەی بڕیار وایە بێنە دامەزراندن؟
- هەماهەنگی باشمان لەگەڵیان هەیە و ئەوەی بۆیان باس كردین هۆڵەكان دابەش دەكرێن، یەكیان تایبەتە بەنمایشكردنی فیلمە كوردیەكان، یەكیان بۆ فیلمە بیانییەكان، هۆڵێكیان تایبەت دەبێت بۆ نمایشكردنی فیلمە سێ ڕەهەندی و شەش ڕەهەندی و نۆ ڕەهەندییەكان، ئەویتریشیان تایبەت دەبێت بەفیلمەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
* وەك بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر بوونی فیستیڤاڵێكی تایبەت بەشاری هەولێر بەپێویست نازانن؟
- ئێمە هەوڵ دەدەین گرنگیەكی زۆر بەسینەماكارانی سنووری پارێزگای هەولێر بدەین وەك باسم كرد ئەو سێ فیستیڤاڵە تایبەت دەبن بەهەولێر لەوانە فیستیڤاڵی هەولێر كە ئێستا لەسەر ئاستی فیستیڤاڵەكانی جیهانیش ناوی هەیە.
* هەماهەنگیتان لەگەڵ فیستیڤاڵە سینەما جیهانییەكان چۆنە؟
- خاڵی پێوەندیمان لەگەڵ فیستیڤاڵە جیهانییەكان فیلمەكانمانن ئەو فیلمانەی كە لەفیستیڤاڵەكان بەشدارن و خەڵاتیش بەدەست دەهێنن، تا ئێستا نزیكەی 30 فیلمی كوردیمان هەیە وەكو كوردستان كە زیاتر لە100 خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە كەواتە 100 فیستیڤاڵی جیهانی، فیلمی كوردی بەفەرمی دەناسن، چونكە بەشداری تێدا كردووە و خەڵاتیشی بەدەستهێناوە و هەر هیچ نەبێ بەشداری كردووە.
