لەیلا فروهەر لە بەرزی بەرزیەوە بۆ كابۆكێ و گیان گیان و ڤاران ڤارانا
جیهانگیر باوكی لەیلا كە بە”باوكی شانۆ و سینەمای ئێران” ناسرابوو، تامردنی بەشداری زیاتر لە 80 فیلمی سینەمایی كرد.
لەیلا بەهاوكاری دایك وباوكی لەتەمەنی 8 ساڵیدا بەشداری چەندین شانۆگەری لەئەسفەهان كرد. ئەو لەساڵی 1965 بەشداری لەفیلمەكانی (موراد و لالە) و (كەڵەشێری شەڕكەر) كردو چووە نێو بواری سینەما، هەرچەندە تەمەنی بچووك بوو، بەڵام نێوبانگێكی زۆری بەدەستهێناو نازناوی “منداڵی سینەمای ئێران”ی پێبەخشرا، لەیلا تا ساڵی 1979 بەشداری زیاتر لە 45 فیلمی سینەمایی ئێرانی كرد.
ئەو لەتەمەنی لاویدا بەهاوكاری مامۆستایەك بەنێوی تاجبەخش، خۆی فێری چەندین ئامێری مۆسیقا كرد بەتایبەت ئامێری (سێ تار)، بەهۆی ئەو پێشكەوتنەوە توانی لە تەمەنی 14 ساڵیدا یەكەمین ئەلبوومی گۆرانی خۆی بەنێوی (شەمیم) بەهاوكاری ئۆركسترای 40 كەسی لەیانەی میامی تاران پێشكێش بكات،
دوای هاتنە سەركاری حوكمی ئیسلامی بە رێبەرایەتی خومەینی، لەیلا و دایك و باوكی چیتر نەیانتوانی درێژە بەكارە هونەرییەكانیان بدەن، چونكە حكومەتی ئێران رێگەی پێنەدەدان، بۆیە لەمانگی 11ی 1986 لەیلاو فەریبا ئێران بەجێدەهێڵن .
لەیلالەگەڵ خوشكەكەی دوای دوو هەفتە لە دەرچوونیان لە ئێران گەیشتنە ویلایەتی لۆسانجلێسی ئەمریكا و لەوێ كارە هونەرییەكانی خۆیان دەستپێكردەوە. ئەم خانمە هونەرمەندە تائێستا 22 ئەلبوومی گۆرانی هەیە توانیویەتی بەشداری چەندین كۆنسێرت بكات. هەروەها بەپێی چەندین رۆژنامەو گۆڤارە بەناوبانگا فارسیەكان لەیلا لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی دیكەی فارس جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە دەتوانێ بە هەموو شێوەیەك گۆرانی بڵێت. لەگۆرانی پۆپەوە بگرە تا كلاسیك، جگە لەوەش دەتوانێ بەچەندین زمانی جۆراوجۆر گۆرانی بڵێت. بۆنموونە لەئەلبوومی (Plant Of Harmony)كە لەساڵی 1996 بڵاوكرایەوە، بەزمانەكانی كوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، توركی، ئەفغانی، ئیتالی، ئەرمەنی، ئیسرائیلی، یۆنانی گۆرانی گوتووە. جگە لەو ئەلبوومە لەیلا لە ئەلبوومێكی دیكەی خۆیدا گۆرانی (بەرزی بەرزی) ناسر رەزازی، بە كوردی گوتووەتەوە، كە لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو و لەساڵانی دەرچوونی ئەو گۆرانییە لەزۆربەی تۆمارگاكان بەئاشكرا ئەو گۆرانییە لێدەدرا .
لەیلا ئەمساڵیش بۆ دووەمین جار گۆرانی كوردی دەڵێتەوە، لەمانگی ئازاری ئەمساڵ دواین ئەلبوومی خۆی بڵاو كردەوە بەناوی ( From My Hear) كە لە سیانزە تراك پێكهاتووە، لەم سیانزە تراكەی سێ تراك لەگۆرانیەكان بەزمانی كوردی گۆرانی دەڵێت . كە گۆرانیەكان هەریەك بەناوی (گیان گیان، ڤاران ڤارانا، كابوكێ ) . لەیلا لەگۆرانی كابوكێ ئەو دەردەخات كە كچی كوردانە، ئەو خانمە هونەرمەندە لەساڵی 2009 بۆیەكەمجار هاتەكوردستان بە هاوكاری كۆمپانیای بابیلۆن ئاهەنگێكی گەورەی سازكرد لەشاری هەولێر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەهاتنی بۆكوردستان .
ئا: ڕۆشنە عومەر
