شەقامێك بەناوی نەجوا كەرەم دەكرێت

شەقامێك بەناوی نەجوا كەرەم دەكرێت
خەڵكی شاری زەحلەی لوبنانی بڕیاریاندا وەك وەفایەك بۆ خانمە گۆرانیبێژ (نەجوا كەرەم) كە كچی ئەو شارەیە، یەكێك لەشەقامە سەرەكیەكانی بەناوی بكەن.
نەجوا كەرەم لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی خەڵكی شارەكە وتی: نازانم بەهیچ شێوەیەك وەسفی خۆشی و شادی خۆم بكەم، ئێوە سەلماندتان ڕێز لەو كەسانە دەگرن كە بچووكترین خزمەت بەشار و وڵاتی خۆیان دەكەن، بۆیە من هەروەك چۆن هەمیشە بەبەردەوام شانازیم بەئێوەوە كردووە ئێستاش و تا لەژیاندا مابم هەمیشە شانازی بەشارە خۆشەویستەكەمەوە دەكەم و بەڵێنتان پێ دەدەم لەڕێگای هونەرەكەمەوە هەرچی لەتوانامدا هەبێت پێشكەشی ئێوەی دەكەم.
لەلایەكی دیكەوە كچێكی لوبنانی دانیشتووی ئوسترالیا هەوڵی دامەزراندنی كۆمەڵەیەك دەكات بەناوی (كۆمەڵەی نەجوا كەرەم) كە ئامانجی بریتییە لەبڵاوكردنەوەی كەلتوور و فەرهەنگی لوبنانی لەئوسترالیا، كارلا غەزەل كە كچێكی لوبنانی و دامەزرێنەی ئەم كۆمەڵەیەیە دەڵێ: ئێستا هەوڵەكانمان چڕ كردۆتەوە لەڕێگای چەند كەسێك بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی حكومەت لەسەر دامەزراندنی ئەم كۆمەڵەیە، مەبەستی سەرەكیشمان لەدامەزراندنی بریتییە لەدووبارە زیندووكردنەوەی كەلتووری لوبنانی، چونكە ئێستا ژمارەیەكی زۆر لەئەندامانی جالیەی لوبنانی لەو وڵاتە زمان و كلتووری خۆیان لەبیر كردووە یان خەریكە لەبیری بكەن، كارلا زیاتر وتی: یەكێكی تر لەئامانجەكانمان بریتییە لەیارمەتیدانی لوبنانییەكان بۆ ئەوەی دووبارە پێوەندی پتەویان بەوڵاتەكەی خۆیانەوە هەبێت.
Top