نیان عەبدوڵڵا: خۆشەویستی منداڵەكانم وایكرد گۆرانی بۆ مـــنداڵان بڵێم

نیان عەبدوڵڵا: خۆشەویستی منداڵەكانم وایكرد گۆرانی بۆ مـــنداڵان بڵێم
ئەوەی لەبەرهەمەكانی ئەم دواییەی خانمە هونەرمەند نیان عەبدوڵڵا بڕوانێت هەست بەبوونی گۆڕانكارییەكی ئاشكرا دەكات لەهەموو لایەنەكانەوە بەتایبەت تێكست و كلیپدا، هەروەها لەجۆر و ستایلی گۆرانییەكانیدا، بۆ نموونە یەكێك لەگۆرانییەكانی تایبەت بوو بەمنداڵان كە ئەمەش جاری یەكەمە بەو شێوەیە گۆرانی بڵێ، لەدیمانەیەكی تایبەتی گوڵاندا سەبارەت بەو بابەتانە و چەند بابەتی دیكەی پێوەندیدار، خاتوو نیان عەبدوڵڵا بەم شێوەیە دەدوێ:





* دایكایەتی چ هەستێكی لادروست كردی تاكو خۆشەویستیت بۆهونەر و ژیان زیاتر بێت؟
- هەستێكی زۆر خۆشی لام دروست كردووە، دایكایەتی هەستێكی زۆر قورسە بەڕاستی پەروەردەكردنی دوومنداڵی دووانە ئەركێكی زۆر قورسە بەتایبەتی بۆكەسێكی هونەرمەند وەك من، چونكە بەهیچ شێوەیەك ناتوانم لەهونەرەكەم داببڕێم، بەهۆی منداڵەكەم خۆشەویستیم بۆهونەرەكەم زیاتر بوو، دایك وشەیەكی زۆر گەورەیە ئەوە دەگەڕێتەوە سەر كەسایەتی و سەلیقەی، خۆ گونجاندن بەتوانای خۆمەوە بەندە دەتوانم كاری ماڵ و دایكایەتی و كاری هونەریشم بكەم، هەروەها بەڵێن دەدەم زیاتر پەرە بەهونەرەكەم بدەم.
* لەكلیپەكانی ئەم جارەت گۆڕانكاری زۆر كراوە لەكوالیتی و دەرهێنان و وێنەگرتندا، هەوڵت داوە نیان وەك ئافرەتێكی هونەرمەند نیشان بدەی یان تەنیا ئافرەتێكە وەك ئەوانی تر؟
- بیرم كردەوە پێویستە هونەرمەند ستایلی خۆی بگۆڕێ و بەشێوەیەكی جیاواز دەربكەوێ بۆئەوەی ئەو خەڵكە بێزار نەبێ بڵێ هەموو جارێك هەمان ئاوازە و هەمان شیعرو بابەتە و دووبارە دەبێتەوە، پێشتر ئەو گۆرانیانەم دەوت كەغەمگین بوون ئێستا ڕووم داوەتە شادی، بۆیە پێویستە بەردەوام خۆم بگۆڕم، ئازایەتی لەوە بەدیار دەكەوێ بتوانی هەموو ستایلێك بڵێیت،چونكە خەڵكانێك هەن حەزیان لەگۆرانی شادیە و هەیە غەمگین یان ئەرابێسك گوێ دەگرێ، بۆیە نابێ تەنیا گۆرانی بۆ خۆشەویستی بڵێی پێویستە بۆ بۆنەو یادەكانیش گۆرانی بڵێی، من گۆرانیەكم بۆ سەری ساڵ گوت منداڵان و زۆربەی خەڵكانیش پێیان خۆش بوو، ئەگەر گۆرانیەكە بۆ ڕۆژێك و دووان بێت، ئەوا نابێ فەرامۆش بكرێت، من دەمەوێ بەهەموو شێوازێك گۆرانی بڵێم.
*باست لەخۆشەویستی كرد بۆمنداڵ، ئەو گۆرانیە بەهۆی دوو منداڵەكەت بوو یان پێشتر لەبەرنامەتدابوو؟
- لەوڵاتە عەرەبیەكان زۆر گرنگی بەگۆرانی منداڵان دەدرێ، منیش بیرم لەكارێكی لەو جۆرە كردبۆوە، ئاواز دانەرێك تۆمارگایەك نەبووە كارم بۆبكات بۆیە دواكەوت، لەوەتەی منداڵەكانم هاتونەتە دنیاوە حەز دەكەم گۆرانی بۆ منداڵان بڵێم، كاتی كریستمسیش ئەو گۆرانیەم هەر لەخۆشەویستی منداڵانەوە وت، زۆرخۆشحاڵ دەبم زۆربەی دایك و باوكان پێم دەڵێن منداڵەكانمان داوای گۆرانی تۆ دەكەن، دەمەوێ گۆرانییەك بكەم نەك منداڵەكان، بەڵكو گەورەكانیش حەزی لێ بكەن و لەهەموو ڕوویەكەوە سەركەوتوو بێت.
*جاران ئافرەت گۆرانی دەوت تەنیا دەنگ بوو تێكستەكە پیاوانەبوو، ئایا چۆن دەبینی ئێستا ئافرەت توانیویەتی گۆرانی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر بڵێ؟
- بێگومان هەیە، بەڵام كەمە، ئێستاش ئافرەت كە گۆرانی دەڵێ لەوانەیە مەبەستی هەر ئەوەبێ كەسانێك هەڵپەڕێنێ، بۆیە دەڵێم ئەم جۆرە گۆرانیانە نەوترێت باشترە، ئێستا گۆرانیبێژ دەتوانێ تێكستەكە بگۆڕی، بۆنموونە با گۆرانی حەسەن زیرەكیش بێت كچەكە بكە بەكوڕێك زۆر ئاساییە گۆڕانكاری تێدابكەی، خۆم بەوشێوەیە لەسەرەتاوە كارم نەكردووە، چونكە بەلامەوە زۆر گرنگ نەبووە.
* كرانەوە هەیە، ئافرەتی زۆر هەیە لەبواری هونەریدا، بەڵام وەكو پێویست گۆرانی ناڵێن، پێتوایە بۆ شەرم بگەڕێتەوە؟
- پێموانیە شەرم بێ، چونكە ئەگەر شەرم بكات بۆچی گۆرانی دەڵێ، ئەوگۆرانیە ڕەسەنانە لەناو خەڵكدا خۆشن ئافرەتان ناچار دەبن بیانڵێنەوە، یان خۆیان ناگەڕێن بەدوای شتی خۆش لەوانەیە گۆرانی هەبێ بۆخۆم پێم خۆش بێ و بیڵێمەوە، بەڵام تۆماری ناكەم یان لەئاهەنگێكدا بیڵێم، بۆیە ناچار دەبن گۆرانی ڕەسەن بڵێنەوە یان داوایان لێ دەكرێ، بەڕای من نەیڵێنەوە چونكە ئەوانیش ناشرین دەكەن، ئێستا ئاوازی باش نەماوە كارەكان هەمووی هەفتەیەكەو دەتوێتەوە نامێنێ.
* ئەگەر دوو تێكستت هەبێ یەكیان خاوەنەكەی پیاو بێ و ئەوەی تر ئافرەت كامەیان هەڵدەبژێری و بۆچی؟
- من گرنگی بەوە نادەم، بەڵكو تاچ ڕاددەیەك ناوەرۆكی تێكستەكە كار لەخۆم دەكات وەك نیان ئەوە هەڵدەبژێرم، زۆر جار شیعری ئافرەتیش هەبووە هەڵمبژاردووە جاری واش پیاوانم دەست نیشان كردووە، لەبەر ئەوەی شیعرەكە زیاتر لەخۆم نزیك بووە.
* هونەرمەندان لەئاهەنگی شەوانە گۆرانی دەڵێن، بۆ ئەم دیاردەیە چی دەڵێی؟
- هەر شتێك خێزانی بێت ئاساییە بەلای منەوە، بەڵام ڕۆشنبیری كۆمەڵگەی ئێمە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئەوە بەئاسایی وەربگرێ ئافرەت لەئاهەنگی شەوان و سەهراتدا گۆرانی بڵێ، ئەوە لەوڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی ئاساییە، لەشەوانی سەری ساڵ و یادی نەورۆز ئاساییە لام وەك و هونەرمەندێك بانگهێشت كرابم، بەڵام ئەگەر شوێنەكە خواردنەوەی لێبێ هەرگیز شتی وا قبوڵ ناكەم و بیریشم لێ نەكردۆتەوە.
* ژمارەیەك تیپ و گرووپی مۆسیقی ئافرەتان هەیە، پێتوایە ئەوانە شتێكی وایان كردبێت ئافرەت زیاتر بێتە ناو هونەر و ئافرەتانیان زیاتر پێشخستبێت؟
-ئەمە دەگەڕێتەوە سەرئاستی گروپەكان تاچەند پێشكەوتوون، من لەگرووپی كۆرسی تەواردام لەوێوە ڕۆژانە مۆسیقا دەخوێنم، نۆتە و مۆسقا فێربووم، بەردەوام گوێم لەنۆتەكانی مۆسیقایە، بەڵام تۆ بچیتە گرووپێكەوە تەنیا مۆسیقا لێبدەن و گۆرانیە كۆنەكان بڵێنەوە جیاوازە، من خۆم لەو گرووپە ئەگەر هەستم كرد ئیشمان دەوەستێ خۆم دەچم بەشوێن شیعرو شتی تازە بۆئەوەی كارمان هەبێ نەك هەر شتی كۆن و گۆرانی بڵێینەوە، ڕاستە ئەمانە گەنجینەی هونەری كوردین، بەڵام دوای چەند ساڵێكی تریش گۆرانیەكانی ئێمەش دەچنە ڕیز ئەوانەوە، بۆیە پێویستە ئێمەی ئافرەت ئیشی تازە بكەین نەوەك هەر شتێك وترا بیڵێینەوە، ئەگەر ئەم گرووپانە لەلایەن حكومەتەوە گرنگیان پێبدرێت و كاری جوان بكەن، ئەوە دەبێتە پاڵنەر بۆئەوەی ئافرەتان بێنە دەرەوە لەماڵەوە بەتایبەتی ئەوانەی دەنگیان خۆشە.
* بۆ پرۆفیشیناڵی چ پێوەرێكت هەیە؟
- یەكەم شت شیعر و دووەم ئاواز و دوایی دەنگی ئەو گۆرانیبێژە، بەڵام ئەگەر ئیشەكەت لەستۆدیۆیەك بۆكرا بەجوانی بۆت نەكرا، ئەوە گۆرانیەكەش دەمرێت. بێجگە لەوانە من دەیگەڕێنمەوە بۆ ستۆدیۆیەكی باش ئیشەكانت بەجوانی بۆ بكەن.
* كاری هونەری داهاتووت چی دەبێ؟
- بیرم كردەوە سیدیەك بكەم، بەڵام بۆ ئێستام زۆر زەحمەتە، چونكە دەمەوێ سیدیەكەم كوالیتیەكی زۆر بەرزی هەبێ و جیاواز بێ لەوانەی پێشترم، بۆیە بیرم كردەوە یەك دوو گۆرانی بكەم بەڕاستی دەرهێنەرانی ئێمە بەوشێوە نین بتوانین بڵێین كاری جوانمان كردووە، بۆیە لەئێران یان توركیا كارەكانم دەكەم، بتەوێ نەتەوێ ئەوان لەڕووی كەلوپەلەوە لەئێمە پێشكەوتووترن، بۆیە ئاوا گۆرانی تۆمار دەكەم باشترە لەوەی ئەلبومێك بكەم ئیشەكانی كرچ وكاڵ بن، دەمەوێ شتێكی زۆرجوان بكەم شتێكی كوردی بێ نەوەك توركی یان ئێرانی پێوە دیاربێ ئێستا پرۆژەیەكم هەیە بۆ نەورۆز گۆرانیەكم وتوە خواتەمەن بدات پێشی نەورۆز یان یەكەم ڕۆژی لەكەناڵەكان پەخش دەكرێت، لەوانەیە لەمەو دوا گۆرانی نیشتمانی بڵێم وەك ئەوەی نەورۆز.
* باست لەوە كرد بەنیازنی سیدی بكەی ئایا هەر ئەم ساڵ بەرنامەت وایە یان هەردەتەوێ لەسیدی دووبكەویەوە؟
- لەوانەیە ببێتە بەرنامەی خۆم، لەوەباشترە سیدیەك بكەی گۆرانیەكانی كرچ وكاڵ بێت، كارەكانی ئێرە زۆر زۆر لەیەك نزیكن، چونكە ستۆدیۆمان كەمە هەموو گۆرانیەكان دەچنەوە سەریەك كە دەزانی لەكوێ كراوە چۆن كراوە بەردەوام حەزم لەگۆڕانكاریە لەئیشەكانم، ئیشێك بكەم بچێتەوە سەر ئەوەی كردوومە قەت نامەوێ.













Top