خەڵاتەكانی گۆڵدن گڵۆب دابەشكران و فیلمە درامیەكان پشكی یەكەمیان بەركەوت

خەڵاتەكانی گۆڵدن گڵۆب دابەشكران و فیلمە درامیەكان پشكی یەكەمیان بەركەوت
ئا: كوردۆ شابان


ئەمساڵ جیا لەزۆربەی ساڵان، زۆرینەی خەڵاتەكان بەسەر باشترین فیلمەكان دابەشكران، ئەمەش هەڵبەت لەسەر حسابی ئەكتەرەكان بوو، ئەگەرچی مێرل ستریب، جۆرج كلۆنی و، كیت وینسڵت توانیان دوای ڕكابەرییەكی گەورە، خەڵاتەكە وەرگرن، جێی باسە هیچ یەكێ لەو ئەكتەرانە ئەمە جاری یەكەمیان نییە ئەو خەڵاتە بەدەست دێنن.

گۆڵدین گلۆب، بریتییە لەتۆپێكی زێڕپۆشكراو، گوزارشتە لەكۆمەڵێك خەڵات كە ساڵانە دەبخشرێتە باشترین بەرهەمە سینەمایی و تەلەڤزیۆنیەكانى ساڵی پێشوو، بارەگاكەی لەشاری «بیڤرلی هیلز»ى ولایەتی كالیفۆرنیایە. خەڵاتەكان لەلایەن «كۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسە بیانییەكانی هۆلیۆد» لەئاهەنگێكی گەورە و قەشەنگ و بەئامادەبوونی زۆرترین ئەكتەر و سینەماكاران و ڕەخنەگران و ڕاگەیانكاران، سەرەتای هەموو ساڵێك دەبەخشرێت، و لەساڵی 1944ز ئەم خەڵاتە دامەزراوە، و بەدووەم خەڵاتی سینەمایی دەژمێردرێت لەدوای خەڵاتەكانی «ئۆسكار» لەئەمریكا.

خەڵاتەكانی گۆڵدین گڵۆبی باشترین فیلمەكانی ساڵی 2011ز كە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو پێشكەش كران، بریتی بوون لەمانەی خوارەوە:
فیلمی «The Descendants» خەڵاتی باشترین فیلمی درامی وەرگرت. ئەكتەری بەناوبانگی ئەمریكی «جۆرج كلۆنی» كە پاڵەوانی فیلمەكە بوو، خەڵاتی باشترین ئەكتەری وەرگرت.

هەر لەناو فیلمە درامیەكان، خانمە ئەكتەری ئەمریكی مێرل ستریب بەقارەمانێتی لەفیلمی «The Iron Lady» خەڵاتی باشترین خانمە ئەكتەری وەرگرت. میرل لەفیلمەكە ڕۆڵی سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەگێڕێت. جێی وتنە دەگمەن میرل ستریب فیلمێكی هەبێت و خەڵاتە جیهانییە جۆراو جۆرەكان وەرنەگرێت، ئەمە جاری نۆیەمە ئەم خەڵاتە بەدەست دێنێت.

لەفیلمە كۆمیدی و میوزیكییەكان، فیلمی «The Artist» خەڵاتی باشترین فیلم بەدەست دێنێت و ئەكتەری پاڵەوانی فیلمەكەش «جان دوگاردان» خەڵاتی باشترین ئەكتەری ئەو جۆرە فیلمانە بەدەست دێنێت.

خەلاتی باشترین خانمە ئەكتەر لەفیلمە كۆمیدی و میوزیكییەكان دەبێتە پشكی خاتوو «میشێل ولیامز» لەفیلمی «My Week With Marilyn» میشێل لەفیلمەكە زۆر جوان توانی ڕۆلای مارلین مۆرۆ ببینێت.

دەرهێنەری فیلمی هوگۆ «مارتن سكورسیس» توانی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر ببینێت، بۆ باشترین سینارۆ نووسیش «ودی ئالان» هەڵبژێردرا لەنووسینی سیناریۆی فیلمی «Midnight in Paris».

كەیت وینسڵت خانمە ئەكتەری بەریتانیایی بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لەكورتە زنجیرەی «دیپرێشن ئین میڵدرد پیێرس» بینیبووی، خەڵاتی باشترین كورتە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی گۆڵدین گڵۆبی وەرگرت.
Top