فیلمی “The Conjuring” بەربەرەكانی سرووشت لەگەڵ زانستدا

فیلمی “The Conjuring” بەربەرەكانی سرووشت لەگەڵ زانستدا
ماڵپەڕی سینەمایی “سكرین” لە هەواڵێكدا ئاماژەی بە واژووكردنی ڕێككەوتنی كۆتایی هەر دوو ئەستێرەی گەنجی هۆلیوود (پاتریك ڤیلسۆن) و (ڤێرا فارمێگا) بۆ بەشداریكردن لە فیلمێكی ترسناكی (هۆرور)ـدا بە ناوی “The Conjuring” كردووە، كە لە لایەن گەورە كۆمپانیای فیلمسازی ئەمەریكی “نیۆ لایەن” دروست دەكرێت”.

دەرهێنەری بەئەزموونی فیلمە ترسناكەكان (جێمس ڤان) كە پێشتر فیلمێكی سەركەوتووی بۆكس ئۆفیسی لە ژێر ناوی “Insidious”ـدا بەرهەمهێناوە، ساڵی ڕابردوو هەروەك یەكێك لە فیلمە پڕداهاتەكانی سینەما لە 2011 هەژمار كرا، ئێستایش ئەركی دروستكردنی ئەو فیلمەی پێی ئەسپردراوە.

هەروەها هەر دوو فیلمنامەنووس (چاد هایس) و (گاری هایس) بە هاوبەشی چیرۆكی فیلمەكە ئامادە دەكەن.

چیرۆكی فیلمەكە لەسەر بنەمای ژیانی ڕاستەقینەی بنەماڵەیەك بەناوی پێرۆن ئامادەكراوە، كە لە دەیەی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا لە ناوچەیەكی سەر بە شاری نیویۆرك بە ناوی “رۆد ئایەلەند” نێشتەجێی بوونە.

ئەو بنەماڵەیە لە ژن و پیاوێكی زانای فیزیا پێكهاتوون، كە ڕووبەڕووی هەندێك دیاردەی ناسرووشتی دەبنەوە، كە زانست ناتوانێت وەڵامێكیان بۆ بدۆزێتەوە و هەر ئەوە تووشی هەندێك ڕووداوی مەترسیداریان دەكاتەوە.

لە ئەنجامدا چارەیان نامێنێت و لەسەر ئەو ساغ دەبنەوە كە لە پێناو دۆزێنەوەی ڕاستییەكان، لە دوو لێكۆڵەری ڕووداوە ناسرووشتییەكان بە ناوی (ئێد) و (لۆرێن ڤارێن) یارمەتی وەرگرن.

جێگەی ئاماژەپێكردنە كە ئەكتەری گەنج (پاتریك ڤێلسۆن) لەدوای بەشداریكردنی لە فیلمی سەركەوتووی “Young Adult” ـدا سەرنجی دەرهێنەرانی هۆلیوودی بۆ لای خۆی ڕاكێشا، هەر بۆیە زۆر بە زووی جێگەی خۆی لە ناو ئەستێرە گەنجەكانی دیكەدا كردووتەوە.

هەروەها خانمەئەكتەر (ڤێرا فارمێگا) بەم زووانە بەشداری لە فیلمێكی ئەكشن و پۆلیسی لە ژێر ناوی “Safe House” ـدا، كە لەگەڵ دوو ئەستێرەی بەناووبانگی دیكەی هۆلیوود (دێنزێل واشێنتگتۆن) و (رایان رێندۆلز) دەكات.
Top