ساڵێكی دیكه "تایتانیك" دهگهڕێتهوه
(جەمیس كامیرۆن) كاری دەرهێنانی بۆ دەكاتەوە
لەو بارەیەوە سایتی گۆڤاری "پیوپڵ"ـی بەربڵاو بڵاوی كردووەتەوە كە كۆمپانیاكە بە نیازە ئەركی دووبارە دەرهێنانەوە فیلمەكە بە دەرهێنەری ناودار و بەتوانا (جەیمس كامیرۆن) بسپێرێتەوە.
لە ئێستادا بەرهەمهێنانی فیلم بە شێوەی "سێدووری" بە تەواوی ڕەواجی پەیدا كردووە، بە شێوەیەك ئێستا هەندێك فیلمی لەو شێوەیە زۆر بینەر و داهاتەكانی لە فیلمی ئاسایی زیاترە.
بەو پێیەشی (كامیرۆن) لەو بوارەدا دەستێكی باڵای هەیە و تا ئێستا گەورەترین فیلمی لەو شێوازەی لە مێژوودا بەرهەمهێناوە كە ئەویش فیلمی گەورە "AVATAR"ـەو بە گەورەترین و پڕداهاتترین فیلمی مێژوو دادەنرێت كە داهاتەكەی لە 2 ملیار و نیو دۆلار زیاترە و ئەمساڵیش یەكێك دەبێتەوە لە كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "ئۆسكار"ـی دەیەی یەكەمی سەدەی بیست و یەكەم لە فیلمە "سێدووریی"ـیەكان.
(جاك) و (ڕووز) دەگەڕێنەوە
هەر بە گوێرەی سەرچاوەكە لە كاتێكدا كە ئەگەر بێت و (جەیمس كامیرۆن) ڕەزامەندی لەسەر دەرهێنانی فیلمەكە بدات، ئەوا هەوڵ دەدرێت جارێكی دیكە هەردوو گەورەئەكتەر (لیۆناردۆ دی كاپیرۆ) و (كەیت وێنسڵیت) بە دەنگ بەشداری لە فیلمەكەدا بكەنەوە و ڕۆڵەكەی خۆیان لە فیلمەكەدا ببێننەوە.
لەبارەی وادەی بەرهەمهێنانی فیلمەكەشەوە ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە لە كاتی ڕەزامەندینواندنی (كامیرۆن)ـدا ئەوا پێدەچێت لە ناوەڕاستی ساڵی 2013ـدا دەست بە بەرهەمهێنانی بكرێت، بەو پێیەی تا ئەو كاتە (كامیرۆن) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیانەكەدا بۆ بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی "ئاڤاتار" واژۆ كردووە.
بوودجەكەی لە 300 ملیۆن دۆلار زیاترە
لەمەڕ بوودجەی خەمڵێنداروی فیلمەكەش "پیوپڵ" پێشبینی كردووە كە فیلمەكە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلاری تێ بچێت، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی گرێبەستی ئەكتەرەكان و ئەو ئەرك و مەسرەفە گەورەیەی كە ئەم شێوازە فیلملان هەیانە.
هەر بۆ نموونە باسی لەوە كردووە كە (لیۆناردۆ دی كاپیرۆ) كە ڕۆڵی (جاك)ـی لە فیلمە ئاساییەكەدا دەبینێ، لە ساڵی 1996ـدا تەنیا 2 ملیۆن دۆلاری وەرگرت، بەڵام لە ئێستا ئەگەر بەشداری لەم فیلمەدا بكات لە 8 ملیۆن كەمتر وەرناگرێت.
جێگەی باسە لە ساڵی 1912ـدا گەورەترین كەشتی تا ئەوكات لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی ئەمەریكییەوە دروستكرا كە ناوی لێنرا "تایتانیك" واتە ئەو كەشتیەی كە نوقم نابێت. لە یەكەمین گەشتیشدا كە لە بەریتانیاوە بۆ ئەمەریكا دەڕۆیشت نوقم بوو لە ئەنجامیشدا 1500 لە سەرنشینەكانی خنكان و بە گەورەترین كارەساتی مرۆیی دەریایی لە سەدەی بیستەمدا دادنرێت.
لەساڵی 1996ـیشدا هۆڵیوود شاكارێكی زۆر گەورەی لەسەر ئەم ڕووداوە بەرهەمهێنا كە بە دووەم فیلمی پڕداهات لە مێژووی سینەمادا دادەنرێت و داهاتەكەی لە 2 ملیار دۆلار زیاترە. سەرەڕای ئەوەی كە 6 خەڵاتی گەورەی ئۆسكاری بردەوە. هاوكات خەڵاتی سینەمایی "ئەكادیمیای ئەمەریكی)ـیشی وەك باشترین و گەورەترین فیلمی سەدەی بیستەم پێبەخشرا.
