دەوەن نەوزاد: لەخۆبایی نیم زۆر زۆر سادەم
لەبنەماڵەیەكی هونەر پەروەردا لەدایكبووە، نەوزاد مەجیدی باوكی و سەبیحه ئیسماعیلی دایكی هەردووكیان لەبواری درامادا كار دەكەن و ئەمان هاندەر و پشتیوانی سەرەكیی بوون.
دەسپێكی هونەریی لەساڵی (2002)ـەوە بووە، بۆ یەكەمجار بەگرتەیەك لەدرامای «ڕەشەی پۆلیس» بەشداری كرد.
لەفیستیڤاڵی ساڵی (2007) دا لەسلێمانی خەڵاتی باشترین كچە ئەكتەری وەرگرت لەسەر ئاستی هەرێم، بەهۆی فیلمی «ئەو پیاوەی كە چوو بۆ سەیران»، لەپێوەندییەكدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
ئا:بەهرەسدیق

*باوكت چ كاریگەرییەكی لەسەر تۆ هەبوو بۆ گەیشتن بەو ئاستەی ئێستا؟
- خۆشبەختانە من كچی هەردوو هونەرمەند نەوزاد مەجیدو سەبیحە ئیسماعیل-م ئەوان هاندەری یەكەمم بوون، بەردەوام باوكم شان بەشانی من لەئیشە هونەرییەكان هاوكار و یارمەتیدەرمە لەهەموو بوارەكاندا، ئەگەر باوكم هونەرمەندیش نەبوایە لەو باوەڕە نەبووم ئەوەندە سەركەوتوو بامایە وەكو كچێك لەبواری سینەمادا.
* چ جیاوازییەك هەیە لەنێوان ئەكتەری و دەرهێنان؟
- زۆرشت لەئەكتەری ئیسراحەتی و تەنیا فەرمانت لەسەر دەكرێ، بەڵام لەدەرهێنان دا تۆ فەرمان دەكەی بەسەر خەڵكدا، شتێكی ناخۆشە من هیچ كات حەزناكەم فەرمان بەسەر كەس بكەم، بەڵام كە دەرهێنەر بی ئیشەكەت ناچارت دەكات فەرمان لەسەر 50-100 كەس بكەی لەپێش و پاش كامێرا، زەحمەتتریشە لەڕووی كاركردن و بیركردنەوە و كۆمەڵێك بەشی جیادەبێتەوە دەبێ هەمیشە لەبیركردنەوەو پلان دانان دابی لەكاتێكدا كە بڕیار بدەی دەرهێنان بكەی.
*بۆچی یەكەم فیلمت وەك دەرهێنەر بەناوی (ئافرەت) بوو و خۆشت ڕۆڵی پاڵەوانێتیت تێیدا بینی؟
- فیلمی یەكەمم بۆئەوە بوو بیسەلمێنم كە ژن دەتوانێ وەكو پیاو و هاوشانی پیاو سەركەوتوو بێت لەكاتێكدا كە پیاو پشتی بوو خۆشبەختانە باوكم هاوكارمە خێزانەكەم هاوكارمە دەتوانم ئیشێك بكەم لەوئاستە بێت كەپیاوێك ئەنجامی دەدات نەك هەر خۆم، بەڵكو هەموو ئافرەتی دنیا، لەو باوەڕەدام ئەگەر هاندەرێكی هەبێ دەتوانێ لەپیاو باشتریش ئیش بكەن و بەرهەم بهێنن.
* پێتوایە دەرهێنەرە پیاوەكان وەك پێویست ئاوڕیان لەكێشەكانی ئافرەتان داوەتەوە؟
-ئەگەر ئاوڕیش بدەنەوە بەو شێوەیە نییە كە ئافرەت خۆی هەستی پێ بكات، پێموایە كاتێك كە كاری دەرهێنان دەكەم و فیلمێك دەردەهێنم هێزی خۆم تاقی دەكەمەوە تابزانم گەیشتوومەتە چ ئاستێك لەبواری سینەمادا، چونكە سینەما وەك دەریا وایە تابخوێنی، تاببینی، تا تاقیكردنەوەت هەبێ هێشتا كەمە بەڕای من، بۆیە هەمیشە دەڵێم ڕۆڵی سەرەكی من ئەكتەرییە.
* چۆن بوو بیرت لەوە كردەوە سەرەڕای نواندن كاری دەرهێنانیش بكەی؟
- نەبوونی دەرهێنەری ژن وای لەمن كرد كەبیسەلمێنم ژنیش دەتوانێ هاوشانی پیاو ئیش بكات و زۆر لەویش باشتر بێت، من ناڵێم ئیشەكەم باشە، بەڵام لەچاو دەوەنێك كەبەردەوام لەپێش كامێرا بووەو بەچەندین ئەزموونی باش تێپەڕیوە یاریدەدەری دەرهێنەرم كردووە لەفیلمی سینەمای پرۆفیشیناڵدا ئەمە وای لەمن كرد ئەو بیرۆكەم لادروست بێت، لەرێگەی ئەو گۆڤارەوە خۆشبەختانە دەستخۆشی لەهەموو دەرهێنەرەكان دەكەم كە ئەوانیش هاندەرم بوون و زۆرجاریش پێم دەڵێن تۆخۆت یەكلایی بكەرەوە ئەكتەری یان دەرهێنەری، پێم خۆشە خەڵك بێتە بوارەكەوە و توانای خەڵك تاقی بكەمەوە، بۆیە كاری دەرهێنانیش دەكەم.
* فیلمێكت هەیە بەناونیشانی (نا بۆ توندوتیژی دژی ئافرەت) نیازی دووبارەكردنەوەی ئەم تەجروبەیەت نییە؟
-ئەمە بیرۆكەیەك بوو 8مانگ لەمێشكی مندا بوو، حەزم كرد بیكەمە فیلم و رووداوێكی ڕاستەقینەیە، بەڵام ناو و جێگاكانم گۆڕیوە لەبەر بابەتی یاسایی، ئەمە ڕووداوی كچێكی هاوڕێمە لەدوورەوە دەیناسم كە دوای تەواوكردنی ئامادەیی نەیانهێشتووە بچێت بۆ زانكۆ و بخوێنێ ئەمەش بۆ دوو حاڵەت دەگەڕێنمەوە یەكەمیان باوكیەتی بیری لەداهاتووی كچەكەی نەكردۆتەوە لەهەمان كاتدا براكەیەتی كە بڕوایی بەوە نییە كچ بخوێنێ و بچێتە زانكۆ، كەواتە تا ئێستاش كاریگەری عەشایەری بەسەریاندا زاڵە كە نابێ كچ بخوێنێ و بچێتە دەرەوە و ئیش بكات پێویستە لەماڵەوە بێت و ئیشی ماڵەوە بكات.
* لەدەرهێنەرە پیاوەكان كەس هەبوو دژی ئەوە بێت یان پێی ناخۆش بێت تۆ ببیت بەدەرهێنەر؟
-هەموو كات كەسی باش و خراپ لەبوارە جیاكانی ژیاندا هەیە، بەڵام من ئەوەی خۆم قەناعەتم پێیەتی هەر ئەوە دەكەم و ڕێزیش لەبیروڕای هەموو كەس دەگرم، ئەوانەی پێیان خۆش بێ و پێیان ناخۆشیش بێت مەرج نییە بەپێی قسەكانی ئەوان بێت.
*ئەی كێ زیاتر هانیدای؟
-باوك و دایكم و هاوڕێ نزیكەكانم و جەماوەرم، زۆر خۆشحاڵم كاتێك كە دەڕۆم لەسەر شەقامێك یان لەماركێتێك خەڵكانێك هەن من دەناسن و باوەشم پیادا دەكەن و قسەم لەگەڵ دەكەن، ئەوە وای لێكردووم هەست بكەم بەخۆشحاڵییەوە كە بینەری تایبەتیم هەیە و خۆشیان دەوێم و چاویان لێیە كە ئیش بكەم.
*ئەگەر دایك و باوكت سینەماكار نەبوونایە تۆ هەر ڕێگای نواندنت هەڵدەبژارد؟
-بەڵێ، بەڵام لەوانەیە ئەو كچە نەباما كە ئێستا هەم.
*ئایا دەرهێنەرە ئافرەتەكان وەكو پیاوان دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێندرێت؟ یان بەپێچەوانەوە ئاستەنگیان بۆ دروست دەكری؟
-ناتوانم لەجێی هەموویانەوە بڕیار بدەم، هەموو دەرهێنەرەكان هاندەری من بوون، لەوانەیە جاری وا كێشە هەبووە ئەویش لەبێ ئارامی خۆم بووە، چونكە خۆم بێ ئارامم و زۆریش دڵ تەنگ دەبم و پێم ناخۆشە كە كارێك دوادەخرێ و گرنگی پێ نادرێ، ئەگەرنا وەك خۆم هیچ كاتێك ئاستەنگم نەبووە.
*وەك كچە ئەكتەر و دەرهێنەرێك خەون و ئاواتەكانت چین؟
- هیوادارم هەموو ئەو ئیشانەی دەیكەم جێگەی ڕەزامەندی بینەرەكانم بێت و بتوانم خزمەتی هونەری كوردی بكەم و بەردەوام ئیشی نوێ بكەم.
* ئەگەر پێت بڵێن تۆ لەخۆبایی بووی چۆن وەڵامی ئەم ڕەخنەیە دەدەیتەوە؟
-بەپێكەنینەوە دەڵێت «قەت لەخۆبایی نیم زۆر زۆر سادەم ئەوەی دەوەن بناسێ و قسەی لەگەڵ بكات دەزانێ دەوەن دڵی وەك منداڵێك وایە.
* ترسی ئەوەت نییە كاری نواندن و دەرهێنان ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ژیانی تایبەتی خۆت بیر بچێتەوە؟
- نا بێگومان هەموو شتێك پلانی هەیە، ڕاستە زۆر ماندووم زۆر هیلاكم زۆر شتی ژیانی تایبەتمەندی خۆم پشتگوێ خستووە لەپێناو ئەو حەز و ئارەزووانەی كەهەمە لەبواری سینەما، هەڵبەت هەڵبژاردنی ئەو كەسەی كە دەبێتە هاوسەرم ئاسان نییە، دەبێت كەسێك بێت لەمن و بیركردنەوەو ئیش و كارەكانم تێبگات، هەڵبەت منیش پلانم هەیە لەكاتێكدا بیر لەو كەسەی دووەمی ژیانی خۆم بكەمەوە چۆن بیگەمێ، دیارە ئەو خەونانەی كە هەمە دەمەوێ بیهێنمە دی ئەوكاتە بیر لەوە دەكەمەوە، هێشتا بیرم لێ نەكردۆتەوە.
* دوایین كارو پرۆژەت لەبواری سینەمادا چییە؟
-دەرگا داخراوەكانە كە لەو فیستیڤاڵە پەخش دەكرێت.





