نەریمان بابان:دهستخۆشی جهماوهر هۆكاری بهردهوام بوونمه

*ساڵانێكە لەئەوروپا ژیان بەسەر دەبەی و ئەو ستایلەی تۆ پێی ناسراوی لەئەوروپا باوی هەیە، ئەم چەند ساڵە چ ئیزافەیەكیان خستە سەر كاروانی هونەری نەریمان بابان؟
- هاتنمان بۆ ئەوروپا لەبواری تەكنیكەوە ئیزافەیەكی زۆر خستە سەر كارەكانمان، كە لەكوردستان كارمان دەكرد ئەو شتانەی بەدەستمان دەگەیشت شتی سادە بوون و بەپێی ئەو كاتەی لەتیپی بابان بووین كارمان لەسەری دەكرد، ڕەنگە كارە كۆنەكانمان بۆ ئەوكات زۆر باش و پێشكەوتوو بووبێت، بۆیە ئێمە ئێستا هەوڵ دەدەین ئەو پێشكەوتنەی لێرە هەیە بەكاری بهێنین و بیخەمە خزمەتی هونەری میللەتەكەم، لەلایەكی ترەوە هەستی كوردایەتی لەغوربەت زیاتر دەبێت لەوەی لەكوردستان هەیە، و زیاتر حەز دەكەی شتەكانت بۆ كورد بێت.
*گرنگترین ئەو لایەنانەی كە لەستایلی جەنابتەوە نزیكن و هەوڵتداوە بیخەیتە نێو هونەری كوردییەوە چی بوون؟
- من هەوڵمدا گۆرانی كوردی لەئەرەبێسكەوە دوور بخەمەوە، چونكە ئەرەبیسك ناوەكەی بەخۆیەوەیه، توركەكان لەعەرەبیان دزیوە كوردیش چووە جارێكی تر لەتوركی وەردەگرێتەوە واتە كۆپی كۆپی دەكاتەوە، ئەمەش هەڵەیەكی زۆر گەورەیە، چونكە تورك و عەرەبەكان هەوڵ دەدەن سوود لەموزیكی بیانی ئەوروپی وەربگرن، كەچی كوردیش لەجیاتی بچێت سوود لەموزیكی ئەوروپی ببینێت دەچێت تەقلیدی تورك و عەرەب دەكاتەوە، من هەوڵمداوە هەرشتێك كە ئەوروپییەكان بەكاری دەهێنن وەریبگرم بیخەمە خزمەت هونەری كوردییەوە بۆ ئەوەی كاتێك گەنجێكی كورد گوێی لێبێت جیای بكاتەوە لەو موزیكە توركی و فارسی و ئەرەبێسكانەی كە ئێستا هەن، بەداخەوە حاڵەتێك درووستبووە كە دەتوانم ناوی بنێم دووبارە ڕووخان و گەنجی كورد وا هەست دەكەن كە موزیكی كوردی تەنیا ئەوەندەیە كە گوێیان لێدەبی بەجۆرێك وایانلێكردووە هیچ جیاوازییەك بەدی ناكرێت لەنێوان گۆرانییەكی عەرەبی یان توركی و خەریكە ڕەنجەكە بەخەسار دەچێ.
*ستایلە ڕۆژئاواییەكەی تۆ لەئەوروپا باوە، بەڵام ئەو گرفتانەی تووشت هاتن لەئەوروپا چی بوون؟
- هونەرمەندە كوردەكان بەگشتی لەئەوروپا كێشەی كۆبوونەوەیان هەیە، واتە زۆر بەئاسانی ناتوانن یەكتر ببینن، وەك ئەوە نییە كە لەكوردستان هەیە گرفتەكان لێرە زۆرترن، بەشێوەیەكی گشتی هەموو شتێك بەحەق و حیساب و سەعات و پارەیە، هیچ شتێك بەهاوڕێیەتی و خۆشەویستی نییه ئەمەش كاتی زۆری دەوێ و لەڕووی ماددیشەوە زۆر دەكەوێت لەسەر هونەرمەند كە بیەوێ خۆی بژێینی و هونەرەكەشی بەردەوام بێت بەتایبەتی بۆ كەسێك كە خاوەن خێزان و منداڵ بێت، من خۆم ئەو گرفتەم نییە، چونكە خاوەن خێزان و منداڵ نیم هەروەها تێكست و ئاوازەكانیش خۆم دایدەنێم، نازانم ئێستا چۆنە لەكوردستانیش چۆنە، بەڵام كاتی خۆی بەهاوڕێیەتی و خۆشەویستی بۆ كارەكە كۆ دەبووینەوە بەهەموومان كارێكی جوانمان دەكرد.
* بۆ پێشخستنی هونەر، خۆشەویستییەكەی كوردستان باشترە یان ئەو حەق و حیسابەی لەئەوروپا لەگەڵ هونەرمەند دەكرێت؟
-شتەكە ڕێژەییە واتە 50% ی خۆشەویستی و 50%ی ئێرە هەردووكیان پێویستن، چونكە تەنیا بەخۆشەویستی و حەزكردن بۆ كارەكە هونەر پێشناكەوێت، بەهەمان شێوه ئەگەر تەنیا بیر لەپارەكە بكەیتەوە خۆشەویستی بۆ هونەرەكە نامێنێت، كەواتە هەردووكیان تەواوكاری یەكترن، بۆیە من ماوەی چەند ساڵێكه بەردەوام لەگەڵ گرووپێك كار دەكەم هەم حەقی خۆیان وەردەگرن و لەهەمان كاتدا خۆشحاڵیشن بەو كارەی كە من ئەنجامی دەدەم و دەتوانم بڵێم بەڕێژەی 80% سەركەوتوو بووم لەڕاگرتنی باڵانسێك لەنێوان خۆشەویستی و حەق و حیساب.
*ئەوەی بەقووڵی لەكلیپەكانتدا بڕوانێت وەك ستایلەكەت جۆرە تایبەتمەندییەكی پێوە دیارە، بیرۆكەی كلیپەكان خۆت دایدەنێی یان كەسانێك هەن یارمەتیت دەدەن؟
-من هەمیشە حەزم لەتازەگەرییە نەك دووبارە بوونەوە، حەز ناكەم مرۆڤەكان لەكلیپ و تێكست و مۆسیقادا خۆیان دووبارە بكەنەوە، بۆیە هەوڵمداوە هەمیشە شتێكی نوێ بهێنم كە تازە بێت لەبەر چاوی بینەر، لەو كلیپانەی كە هەڵمبژاردووە ویستوومە جیاواز بێت لەوەی كچێك و كوڕێك بێن و لەیەكتر عاجز بن، من حەزم كردووە لەیەك كاتدا دوو شت نیشان بدەم كورتە فیلمێك و كلیپێكی جوان واتە لەیەك كاتدا گوێ بگرێت و سەیر بكات، زۆر جار كەسانێك هەن كە حەز لەگۆرانییەكانم دەكەن، بەڵام بەداخەوە وەك خۆی بەباشی تێی ناگەن، گۆرانیم هەبووە زۆر سیاسی بووە كچی بەشێوازێكی زۆر لەخۆشەویستی نزیك وتراوە، بەهەمان شێوە زۆر كەس كلیپەكانم بەترسناك دەزانن، بەڵام بەپێچەوانەوە كلیپەكانم هیچ پێوەندییان بەترسەوە نییە، من زۆر پێم جوانە چی تێدایە با لەگۆرانی كوردیشدا ئەو تازەگەرییە هەبێت، بەڵام هەست دەكەم ئێستا كلیپەكانی من بۆ چاوی بینەری كوردی نامۆن.
*ئەم تێنەگەیشتنەی بینەر و گوێگری كورد لەگۆرانی و كلیپەكانت بۆ سیناریۆكە یان بۆ جۆرە ستایلەكەی تۆ دەگەڕێتەوە؟
-رێزێكی تایبەتیم بۆ گوێكری كورد هەیە، ئەمە بۆ پڕكردنی مێشكی بینەری كوردی بەهەندێك شتی ناڕەوا و نەشاز كە وایان لێبێت نەتوانن لێی تێبگەن، جاران لەساڵانی هەشتا و نەوەدەكان كە كاسێتێكمان دەكڕی گوێمان لەهەمووی دەگرت، وشە بەوشە تەنانەت سەیرمان دەكرد كە كێ ئەم ئاوازەی بۆ داناوە، ئەم هۆنراوەی بۆ نووسیوەیەتەوە كێ دابەشی كردووە و مەبەستی چی بووە كە فڵان دێڕی داناوە یان لەكلیپەكەدا بۆچی ئەو گوڵەی دایناوە سوور نییە سپییە، كەچی گەنجی ئێستا بیر لەو شتانە دەكاتەوە، كلیپەكانی من زۆر سادە و ساكارن پێم ناخۆشە كە گەنجی ئێمە لەكوردستان تێی ناگەن و بەشێوەیەكی دیكە لێك دەدرێتەوە، چونكە پێوەندی بەمن و سیناریست و دەرهێنەرەوە نییە، بەڵكو پێوەندی بەبیركردنەوەوە هەیە لەگەڵ ئەوەشدا من بێ ئومێد نیم، چونكە خەڵكێكی زۆر و ئاستی تێگەیشتنی لاوان فراوانترە و تێی دەگەن.
* تۆ یەكێكی لەو هونەرمەندانەی كە غەدرت لێكراوە، ئایا ئەمە شانسی تۆیە یان بەئەنقەستە یان چ هۆكارێكی دیكەی لەپشتە؟
-به ڕاشكاوی دەڵێم من بڕوا بەبوونی وەزارەتی ڕۆشنبیری ناكەم، چونكه هەر شتێك لەژیانی مندا ئەگەر وجودی نەبووه، ئەم وەزارەتە هیچ ڕۆڵێكی نەبووە لەژیانی مندا، بۆیە بڕوام بەبوونی نییە، بۆیە نامەوێ ناوی بهێنم، چونكە تەنانەت بەسەریشیان نەكردومەتەوە، سەبارەت بەغەدركردنیش دەڵێم كەس پێمانی نەوتووە گۆرانی بڵێن و كەسیش چەكی لەسەر سەرمان دانەناوە كە گۆرانی بڵێین بەزۆری، بەڵكو ئەمە كارێكە خۆمان هەڵمانبژاردووە و خۆمان حەزمان كردووە بیكەین، بۆیە ئەگەر هەندێك جار گلەییش بكەین ئەوە لەهیلاكی و ماندووبوونمانە لەدەرەوەی وڵات لەژێر فشارین، بەڵام جوانتر بوو لەوڵاتەكەی خۆمانەوە دەستخۆشی و پێزانینێك بووایە وەك خۆم تائێستا نە دەستخۆشی و سوپاسم لەحكومەت یا لایەنێك یا كەناڵێك بۆ هاتووە و بڕواش ناكەم تازە گوێم لێ بێت و ئەگەر گوێشم لێ بێت تازە زۆر درەنگە خۆزگە لەكاتی خۆیدا گوێم لێبوایە، كە ئەو قسەیە دەكەم مەبەستم لایەنی ماددی نییە، تاكە شت كە هاندەری بەردەوام بوونمە دەستخۆشی ئەو میللەتەیە كە بۆ من گەورەترین سەرمایەیە و هۆكاری بەردەوام بوونی منە.
*ئەگەر كۆنسێرتێك لەكوردستان ساز بكەی پێتوایە پێشوازی جەماوەر چۆن دەبێت لەو كۆنسێرتە؟
- من ناتوانم 100% حوكم بدەم، بەڵام بەهۆی ئەو ئیمێلانەی بۆم دێت پێشبینی دەكەم ژمارەیەكی زۆر لەگەنجان بێن بۆ كۆنسێرتەكە و سەركەوتنیش بەدەست دەهێنێت و هیوادارم كە گەڕامەوە ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێت، بۆ ئەوەی بەردەوام بم و پێوەندی ڕاستەوخۆم لەگەڵ جەماوەرەكەم هەبێت، چونكە جەماوەر حەز دەكات ڕووبەڕوو ئەو هونەرمەندەی خۆشی بوێت و بیبینێت.
* لەگۆرانییەكانتدا هەست بەخۆشەویستییەكی قوڵ دەكرێت، كە وایە بۆچی تا ئێستا ڕەبەنی؟
- هیچ كەسێكمان بێ خۆشەویستی ناژین، بەڵام شرۆڤە كردنەكان جیاوازن، ئەگەر مرۆڤەكان داببڕی لەخۆشەویستی وەكو دارێكی كزی بێ بەریان لێدێت، بۆیە لەگیانی منیشدا خۆشەویستی گەورە هەیە و ئەو سۆزەم بەدەنگ و تێكستەكان دەربڕیوە و ئەو ئازارانەی لەناخمدا هەیە بەو شێوەیە دەرببڕم.




