نانسی عەجرەم بۆ گوڵان:ئەوەی دەربارەی ئەم وڵاتە بینیم زۆر جوانتر بوو لەوەی بیستبووم
ئا:عومەرهادی

* یەكەمین جارە دێیتە عێراق و هەرێمی كوردستان و لەهەولێری پایتەخت دایت، هەست بەچی دەكەیت كە یەكەمجارە لەو شوێنەیت؟
-زۆر بەو سەردانەم خۆشحاڵم و هەمیشە خەونم بەوە دەبینی بێمە ئەم وڵاتە و لەنێو خۆشەویستانی خۆم لە عێراق ئاهەنگ بگێڕم، من زۆر شتم لەسەر ئەم وڵاتە بیستبوو، بەڵام ئەوەی بینیم زۆر جوانتر بوو.
* لەبارەی عێراقەوە چیت پێ گوترابوو؟
-عێراق وڵاتی هەزراویەك شەوەیەو منیش زۆر شتی جوانم لەبارەی ئەم وڵاتەوە بیستووەو دواتر من خۆم بەیەكێك لە خۆشەویستانی دەنگی گۆرانیبێژی گەورە قەیسەری گۆرانی كازم ساهر دادەنێم و پێوەندییەكی باشم لەگەڵیدا هەیە.
* سەردانەكەت كورت و بۆ یەك ڕۆژ بوو، لەبەرچی زیاتر نەمایەوە؟
-بەڕاستی خشتەی كارەكانم زۆر پڕەو كارەكانم لەو ماوەیەدا زۆرن، ئەمانەش ڕێگربوون لەبەردەم مانەوەی زیاترم لێرە، ئەگینا پێمخۆشە جارێكی دیكە بگەڕێمەوە.
* ئەمشەو لەگەڵ خۆشەویستانت لەعێراق بەیەك دەگەن چییان پێشكەش دەكەی ئایا گۆرانیی عێراقی دەڵێی؟
بەداخەوە ئەمشەو هیچ گۆرانییەكی عێراقی پێشكەش ناكەم، بەڵام خۆم بۆ گۆرانیی عێراقی و كاری زیاتری عێراقی ئامادە دەكەم و لەبەرنامەمدایە چەندین گۆرانیی دیكەی كۆنیش جارێكی دیكە تۆمار بكەمەوە.
* لەبەرنامەتدایە بەعێراقی گۆرانی بڵێی؟
-بێگومان پڕۆژەیەكی وام هەیە بەهاوكاری لەگەڵ شاعیر كەریم عێراقی و جارێ قسەی لەسەر ناكەم، بەڵام ئێستا لەقۆناغی ئامادەكاریداین.
* گۆرانییەكت بۆ منداڵان پێشكەشكرد و سەركەوتنێكی باشت بەدەست هێنا، ناتەوێ ئەو ئەزموونە دووبارە بكەیتەوە؟
-دەمێكە كارەكانی دانانی ئەلبومێكی تایبەت بەمنداڵان و بائەو نهێنییەت بۆ ئاشكرا بكەم تائێستاش زۆرجاران لەزۆر ئاهەنگدا خەڵك داوای دووبارەكردنەوەی گۆرانیی (شاطر شاطر و شخبط شخابیط)م لێدەكەن بەواتایەكی دیكە گەورەكان زیاتر حەز لەو گۆرانییانە دەكەن.
* دوای نانسی 7، ئامادەكاری بۆ ئەلبوومی تازە هەیە؟
-بەڵێ ئێستا خەریكم گوێ لەهەندێ كاری تایبەت دەگرم لەوانەیە ئەلبوومی نانسی 8ی لێ بەرهەم بێت.
* لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەتدا باسی وەرزشت كرد ئایا حەز لەوەرزش دەكەی؟
-بەڵێ من لەماڵەوە هۆڵی وەرزشیم هەیە و پێموایە وەرزش بۆ تەندروستی و پاراستنی جوانیی لەش و سەقامگیریی دەروونیی مرۆڤ باشە، بۆیە ئامۆژگاریی هەموو كەسێك دەكەم وەرزش بكات.
* ئێستا دەبینین هونەرمەندان بەرنامەی تەلەڤزیۆنی پێشكەش دەكەن، ئایا تۆش پێت خۆشە ئەم كارە بكەی؟
-ئەو پرۆژەیە جارێ لەمن دوورە، بەڵام هونەرمەندی زۆریش لەم بوارەدا سەركەوتن، لەوانەش هونەرمەند نەجوا كەرەم لەبەرنامەی عەرەب گۆت تالنت.
* بیستوومانە گرفت لەنێوان ئێوەو نەجوا كەرەم هەیە؟
-نەخێر هیچ شتی لەو بابەتە نییە و من نەجوا كەرەمم زۆر خۆشدەوێ و ئەویش كەسێكی زۆر خۆشەویستە لەلای من و مرۆڤێكی ڕۆشنبیرەو لەبۆنەكاندا لەسەر یەك مێز دادەنیشین.
* بیرت لە وێنەگرتنی ڤیدیۆ كلیپ كردووە لەعێراقدا؟
-بۆ نا بەهەبوونی شوێنی باش و توانای باش من ئامادەم و بێگومان دەیكەم.
* لەماوەیەكی نزیكدا سەردانی بەغدا دەكەی؟
-نازانم، بەڵام ئەگەر داوەتم ئاراستەكرا، بێگومان دوودڵ نابم.
* داری شەوی لەدایكبوون چ واتایەكی بۆتۆ هەیە، بەتایبەتی كە تۆ یەكەمین كەس بووی دارەكەت ڕووناك كردەوە لەناوەڕاستی بەیرووت؟
-ئەم دارە لای من واتای دایك دەبەخشێ، لای منیش دایك تاكە باوەشە كەتیایدا بحەسێمەوە، من ئەو دارەم زۆر خۆشدەوێ، چونكە مایەی گەشبینییە بۆ من و بەبینینی دڵخۆش دەبم.
* ئەگەر داوات لێكرا ئایا بەشداری كاری خێرخوازی دەبی بۆ عێراق؟
-بێگومان بەشداری دەكەم و نەك تەنيا بۆ عێراق، بەڵكو بۆ هەموو جیهان، بەرلەوەی وەكو باڵیۆزی ئاشتی هەڵببژێردرێم چەندین داوەتی لەمجۆرەم بۆ هاتووەو من بە ئەركێكی مرۆیی دەزانم.
* چ بەخوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەڵێی؟
-بەر لەهەموو شتێك سوپاسی تۆی بەڕێز دەكەم كە لە سەرەتای گەشتەكەوە لەگەڵمدابووی و سوپاسی گۆڤارە جوانەكەتان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و داوا لەخوێنەرانی ئەم گۆڤارە دەكەم لەڕێگەی ئەم گۆڤارەوە موتابەعەی هەواڵەكانم بكەن.





