نانسی عەجرەم بۆ گوڵان:ئەوەی دەربارەی ئەم وڵاتە بینیم زۆر جوانتر بوو لەوەی بیستبووم

نانسی عەجرەم بۆ گوڵان:ئەوەی دەربارەی ئەم وڵاتە بینیم زۆر جوانتر بوو لەوەی بیستبووم
رۆژی 22/12/2011 خانمە هونەرمەندی لوبنانی نانسی عەجرەم لە سەردانێكی كورتدا كە كەمتر لە 24 كاتژمێری خایاند سەردانی شاری هەولێری كرد و ئاهەنگێكی چەند كاتژمێری بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە ساز كرد، وەك هاوڕێ و هاوكاری نانسی هەر لە فڕۆكەوە تاكو گەڕانەوەی هەستم بەوە دەكرد كە زۆر دڵخۆشە بەوەی بۆ یەكەم جار لە رێگای هەولێرەوە سەردانی عێراق دەكات، بۆیە لە دەرفەتێكدا رووبەڕووی چەند پرسیارێكمان كردەوە.

ئا:عومەرهادی


* یەكەمین جارە دێیتە عێراق و هەرێمی كوردستان و لەهەولێری پایتەخت دایت، هەست بەچی دەكەیت كە یەكەمجارە لەو شوێنەیت؟
-زۆر بەو سەردانەم خۆشحاڵم و هەمیشە خەونم بەوە دەبینی بێمە ئەم وڵاتە و لەنێو خۆشەویستانی خۆم لە عێراق ئاهەنگ بگێڕم، من زۆر شتم لەسەر ئەم وڵاتە بیستبوو، بەڵام ئەوەی بینیم زۆر جوانتر بوو.
* لەبارەی عێراقەوە چیت پێ گوترابوو؟
-عێراق وڵاتی هەزراویەك شەوەیەو منیش زۆر شتی جوانم لەبارەی ئەم وڵاتەوە بیستووەو دواتر من خۆم بەیەكێك لە خۆشەویستانی دەنگی گۆرانیبێژی گەورە قەیسەری گۆرانی كازم ساهر دادەنێم و پێوەندییەكی باشم لەگەڵیدا هەیە.
* سەردانەكەت كورت و بۆ یەك ڕۆژ بوو، لەبەرچی زیاتر نەمایەوە؟
-بەڕاستی خشتەی كارەكانم زۆر پڕەو كارەكانم لەو ماوەیەدا زۆرن، ئەمانەش ڕێگربوون لەبەردەم مانەوەی زیاترم لێرە، ئەگینا پێمخۆشە جارێكی دیكە بگەڕێمەوە.
* ئەمشەو لەگەڵ خۆشەویستانت لەعێراق بەیەك دەگەن چییان پێشكەش دەكەی ئایا گۆرانیی عێراقی دەڵێی؟
بەداخەوە ئەمشەو هیچ گۆرانییەكی عێراقی پێشكەش ناكەم، بەڵام خۆم بۆ گۆرانیی عێراقی و كاری زیاتری عێراقی ئامادە دەكەم و لەبەرنامەمدایە چەندین گۆرانیی دیكەی كۆنیش جارێكی دیكە تۆمار بكەمەوە.
* لەبەرنامەتدایە بەعێراقی گۆرانی بڵێی؟
-بێگومان پڕۆژەیەكی وام هەیە بەهاوكاری لەگەڵ شاعیر كەریم عێراقی و جارێ قسەی لەسەر ناكەم، بەڵام ئێستا لەقۆناغی ئامادەكاریداین.
* گۆرانییەكت بۆ منداڵان پێشكەشكرد و سەركەوتنێكی باشت بەدەست هێنا، ناتەوێ ئەو ئەزموونە دووبارە بكەیتەوە؟
-دەمێكە كارەكانی دانانی ئەلبومێكی تایبەت بەمنداڵان و بائەو نهێنییەت بۆ ئاشكرا بكەم تائێستاش زۆرجاران لەزۆر ئاهەنگدا خەڵك داوای دووبارەكردنەوەی گۆرانیی (شاطر شاطر و شخبط شخابیط)م لێدەكەن بەواتایەكی دیكە گەورەكان زیاتر حەز لەو گۆرانییانە دەكەن.
* دوای نانسی 7، ئامادەكاری بۆ ئەلبوومی تازە هەیە؟
-بەڵێ ئێستا خەریكم گوێ لەهەندێ كاری تایبەت دەگرم لەوانەیە ئەلبوومی نانسی 8ی لێ بەرهەم بێت.
* لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەتدا باسی وەرزشت كرد ئایا حەز لەوەرزش دەكەی؟
-بەڵێ من لەماڵەوە هۆڵی وەرزشیم هەیە و پێموایە وەرزش بۆ تەندروستی و پاراستنی جوانیی لەش و سەقامگیریی دەروونیی مرۆڤ باشە، بۆیە ئامۆژگاریی هەموو كەسێك دەكەم وەرزش بكات.
* ئێستا دەبینین هونەرمەندان بەرنامەی تەلەڤزیۆنی پێشكەش دەكەن، ئایا تۆش پێت خۆشە ئەم كارە بكەی؟
-ئەو پرۆژەیە جارێ لەمن دوورە، بەڵام هونەرمەندی زۆریش لەم بوارەدا سەركەوتن، لەوانەش هونەرمەند نەجوا كەرەم لەبەرنامەی عەرەب گۆت تالنت.
* بیستوومانە گرفت لەنێوان ئێوەو نەجوا كەرەم هەیە؟
-نەخێر هیچ شتی لەو بابەتە نییە و من نەجوا كەرەمم زۆر خۆشدەوێ و ئەویش كەسێكی زۆر خۆشەویستە لەلای من و مرۆڤێكی ڕۆشنبیرەو لەبۆنەكاندا لەسەر یەك مێز دادەنیشین.
* بیرت لە وێنەگرتنی ڤیدیۆ كلیپ كردووە لەعێراقدا؟
-بۆ نا بەهەبوونی شوێنی باش و توانای باش من ئامادەم و بێگومان دەیكەم.
* لەماوەیەكی نزیكدا سەردانی بەغدا دەكەی؟
-نازانم، بەڵام ئەگەر داوەتم ئاراستەكرا، بێگومان دوودڵ نابم.
* داری شەوی لەدایكبوون چ واتایەكی بۆتۆ هەیە، بەتایبەتی كە تۆ یەكەمین كەس بووی دارەكەت ڕووناك كردەوە لەناوەڕاستی بەیرووت؟
-ئەم دارە لای من واتای دایك دەبەخشێ، لای منیش دایك تاكە باوەشە كەتیایدا بحەسێمەوە، من ئەو دارەم زۆر خۆشدەوێ، چونكە مایەی گەشبینییە بۆ من و بەبینینی دڵخۆش دەبم.
* ئەگەر داوات لێكرا ئایا بەشداری كاری خێرخوازی دەبی بۆ عێراق؟
-بێگومان بەشداری دەكەم و نەك تەنيا بۆ عێراق، بەڵكو بۆ هەموو جیهان، بەرلەوەی وەكو باڵیۆزی ئاشتی هەڵببژێردرێم چەندین داوەتی لەمجۆرەم بۆ هاتووەو من بە ئەركێكی مرۆیی دەزانم.
* چ بەخوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەڵێی؟
-بەر لەهەموو شتێك سوپاسی تۆی بەڕێز دەكەم كە لە سەرەتای گەشتەكەوە لەگەڵمدابووی و سوپاسی گۆڤارە جوانەكەتان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و داوا لەخوێنەرانی ئەم گۆڤارە دەكەم لەڕێگەی ئەم گۆڤارەوە موتابەعەی هەواڵەكانم بكەن.











Top