هه‌ژار خه‌ریكه‌ كۆنـه‌كان نوێ ده‌كاته‌وه‌

هه‌ژار خه‌ریكه‌ كۆنـه‌كان نوێ ده‌كاته‌وه‌
هونەرمەندی لاو هەژار دهۆكی سەرقاڵی تۆماركردنی گۆرانییەكی نوێی فۆلكلۆرییە بەناوی (یەك مەلیك) كە بەم زووانە لە كەناڵەكان بڵاودەبێتەوە.
لەم بارەیەوە هونەرمەند هەژار بە گوڵانی راگەیاند: دابەشكردن و ئەرانجی گۆرانییەكە خۆم كردوومە و لەبەر ئەوەی پێویستمان بە هەندێك ئامێری موزیكی بوو لە دەرەوەی كوردستان بۆیە گۆرانییەكەشمان هەر لە دەرەوە تۆمار كرد و ماسترینگی لە ستۆدیۆی دەنگ و ڕەنگ لەدهۆك ئەنجامدراوه، سەبارەت بە كلیپیش ستۆدیۆیەكمان بەكرێ گرت لەسەر ئەركی خۆم دەرهێنەری كلیپەكەش (ئەفشین)ـە كە لەدانیمارك بەتایبەت بۆ ئەو كلیپە هێنامان بۆ سوید و ئێستاش كلیپەكە لە قۆناغی مۆنتاژدایە و ئەكتەرەكانی بەشدار بووش قوتابی هونەرە جوانەكانی شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سویدن بەسەرپەرشتی كاك دڵشاد هەستیار.
هەژار دهۆكی دەربارەی هەڵبژاردنی ئەو گۆرانییە گوتی: ئەمە یەكێكە لە گۆرانییە زۆر كۆنەكان لە تەمەنی منداڵیم زۆر گوێم لێدەبوو لەشاری ورمیە كە لە شایی و زەماوەندەكان دەگوترا، بۆمن كارێكی زەحمەت بوو كە گۆرانییەكی لەو شێوەیە نوێ بكەمەوە، چونكە مانای زۆر لە وشەكانی قورسە، بەڵام من بە دوای ماناكانیدا گەڕام و دوای ئەوەی بینیم كە پەیڤەكانی زۆر خۆشن بڕیارمدا ئەم گۆرانییە نوێ بكەمەوه بە ستایلێكی نوێەوە.
Top