هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش): ئەوەی ئێستای لە شانۆی كوردیدا مایەی ئومێد و گەشبینییە كارو بەهرەی گەنجەكانە

هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش): ئەوەی ئێستای لە شانۆی كوردیدا مایەی ئومێد و گەشبینییە كارو بەهرەی گەنجەكانە
گۆڤاری (شانۆ) بەپشتیوانی و لەسەر بڕیاری رێزدار (نێچیرەڤان بارزانی) سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە كابینەی پێنجەمدا دامەزرا
هەمیشە خولیای ئەفراندن و سەركەوتنی ئەو پرۆژانەیە كە هونەری كوردی پێش دەخات و خزمەت بە بژاڤی هەڵكشاوەی گەلەكەمان دەكات، ئەو (سی) ساڵ زیاترە شانۆی كردۆتە هاوەڵ ونیشتمان، زیاتر لە(40)كاری شانۆیی هەیە، لەزۆربەیاندا كاری دەرهێنانی ئەنجامداوە، وێڕای فەرامۆشنەكردنی دەقی جیهانی زۆربەی كارەكانی لەتێكستی شانۆیی كوردیدا بووە. لەبواری درامای كوردیشدا بە چەند زنجیرەیەكی وەك (شەوچەرە، ئارەزوو، خەرەند، منداڵەكانمان) تواناو سەلیقەی هونەریی خۆی بەرجەستەكردووە، بەرهەمەكانی لە(تیپی شانۆی سالار)دا لە ناوەندی نەوەدەكانەوە جارێكی تر ناوی ئەم تیپەی خستۆتە ریزی پێشەوەی گرووپە هونەرییەكانی كوردستان، دەرهێنەری ناسراو(ئەرسەلان دەروێش) لەم دیدارە تایبەتەی بەشی هونەریی (گوڵان)دا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە:

ئا:خەلیل بلەیی


*ته‌مه‌نێكی زۆرت له‌ شانۆدا به‌سه‌ر بردووه‌، ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكان نمایشی شانۆیی وه‌ك ئێستا نه‌بوو، شانۆ ئێستا بزاوتێكی گه‌رم و گوڕی پێوه‌ دیاره‌ كه‌چی ئه‌و گرنگییه‌ی پێنادرێت؟
- من پێموایە ئەو(گەرموگوڕییە)ی باسی لێوە دەكەن لە بەرئەنجامی گرنگی پێدانە! واتە بەراشكاوی ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیری بودجە وپشتیوانی دابین نەكات چ گەرموگوڕی وبزاوتێك نابینێت، خۆ ئەگەر گروپێكی شانۆیی وەك تیپە ئەزموونگەرییەكەی هونەرمەند(نیهاد جامی)ش هەڵكەوێت ئەوا دوای چەند ساڵێك لە پشتگوێكردنی بەردەوام و پشتیوانی نەكردنی شیاو ناچار رادەوەستێت و نانوانێت بەردەوامبێت، بەبۆچوونی من گرنگی پێدان هەیە بەڵام وەك لە چەندین دیدار و وتاری پێشتردا وتوومە (كارنامەی دروست)نییە، ئێمە پێویستمان بە بوونیادنانی ژێرخانی شانۆ هەیە، پێویستیمان بە سیستمێكی نوێ هەیە لەمامەڵەكردنی وەزارەتی رۆشنبیریی لەگەڵ تیپە شانۆییەكانی كوردستان، ئەم (مەركەزییەتە)قورسەی بەڕێوەبەرێتییە شانۆییەكان و پەراوێزخستنەی تیپە شانۆییەكان لە بەرهەمهێنانداو تەرخانكردنی بودجەی ساڵانە بۆ كارەكانیان كە بیانخاتە بەردەم بەرپرسیارەتییەوە لە بەردەم وەزارەتی رۆشنبیری و جەماوەری كوردستان، بەردەوامی دەداتە دیاردەی قۆرخكردن و میزاجیەتی رەوتی بزاوتە شانۆیەكەی پێبەڕێوەدەچێت و لەئاكامیشدا رەنگە بەرهەمی زۆر و(گەرموگوڕی) ببینینێ، بەڵام مخابن پێشكەوتنێكی بەرچاو لەئاستی هونەریی و دەسەملانێی شانۆوجەماوەرەوە بەدی ناكەین. لەو نمایشە گاڵتەجاڕانەش كە هونەرمەندە بەشداربووەكانی باشتر لەبینەرەكانیان دەزانن، خەڵك دێت پێیان پێبكەنێت نەك پەیامێكی رووناكبیریی، كۆمەڵایەتی، یان سیاسییان لەپاڵ چێژێكی هونەریی ستاتیكی لێوەربگرێت، حەسرەتەكەش لەوەدایە كە هەندێك لە وانەی لەنێو رۆژنامەو سایتەكاندا خۆیان بەهەواڵنووسی هونەریی دەزانن، بەهۆی سوود وەرگرتنی مادییەوە( قۆچ و گوێی) ئەو نمایشانە لەهەور دەدەن، بێئاگایانە لەوەی سبەی نووسینەكانیان بەر بەرپرسیارێتی مێژوویی و رەخنەی شارەزایان دەكەوێت.
*به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ك مامۆستا ئه‌حمه‌د سالار رایگه‌یاند وه‌ك ده‌رهێنه‌ر هیچ كارێكی دیكه‌ی شانۆیی ئه‌نجام نه‌دات، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی مامۆستا سالار چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی و هۆكاره‌كانی پشت ئه‌م بڕیاره‌ به‌ ڕای تۆ چین ؟
-من ئاگادای ئەو بڕیارە نیم، بەڵام ئەگەر مامۆستا (ئەحمەد سالار) كەیەكێكە لەدەرهێنەرە پێشەنگ و داهێنەرەكانی كورد، بڕیارێكی وابدات هەقە روونكردنەوەشی لەگەڵدا هەبێت خۆ ئەگەر هۆكارەكە شەخسی نەبێت ئەوا بێگومان پێویستە خەمخۆران وبەرپرسانی هونەریی و رۆشنبیری كوردستان بەدواداچوونی بۆ بكەن، ناكرێت ئەو سامانە ئیبداعیانەی كورد فەرامۆش بكرێن وبایەخ و بەهای گەورەیان پێنەدرێت، هەموو رۆژێك (ئەحمەد سالار)ێك نایەتە ئاراوە.
*بینه‌ر، شانۆكار، ده‌سه‌ڵات، سیستم كامیان به‌رپرسن له‌و بارودۆخه‌ی ئێستا شانۆی كوردی تێیكه‌وتووه‌؟
-تەنها (بینەر) لەم رەوشەی ئێستای شانۆكەمان بەرپرس نییە!
*نواندن، ده‌رهێنان، تێكستی شانۆیی سێ ره‌هه‌ندی گرنگ وسه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی كاری شانۆیین، له‌م سێیانه‌ ئێمه‌ی كورد له‌ كامیان كه‌موكوڕیمان هه‌یه‌؟
- كەموكوڕییەكی گشتی لەهەرسێ رەگەزەكە هەیە، وەلێ ئێمەی كورد كەمكوڕی بنچینەیمان لەبواری شانۆدا لە توانای داهێناندایە، هەروەك چۆن كەموكوڕیمان لە كارنامە ومیكانزمداهەیە، واتا لە رووی دامەزراوەییەوە هەژارو كەم دەسەڵاتین. بۆیە زۆر جار توانا ماددی و مرۆییەكانمان لەرووی ئەفراندنەوە بەفیڕۆ دەچێت و جێ ناگرێت، هەمیشە كەموكوڕییەكانیش دەخەینە ئەستۆی لایەنەكانی تر، نەزۆكی لەداهێناندا پاساوی نییە!
* هه‌ندێك كه‌س پێیان وایه‌ ئێستا له‌ شانۆی كوردیدا ته‌كنیك و ته‌كنۆلۆژیا زاڵه‌ به‌سه‌ر نواندندا، رات چییه‌ سه‌باره‌ت به‌م قسه‌یه‌؟
- ببوورن ئەم رایە نەك جێی سەر سووڕمان بەڵكو مایەی پێكەنینە!! كامە تەكنەلۆژیایەیان مەبەستە قوربان؟! مخابن تاكو ئێستا لە هەموو شارەكانی كوردستاندا بە هەولێری (پایتەختەوە) تەنها (یەك) هۆڵی شانۆی ستانداردو مۆدێرنمان نییە، (بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر)كە بەناچاری هەندێك لەنمایشەكانی فێسڤاڵێكی شانۆی نێودەوڵەتی لە هۆڵی (گەل) پێشكەش دەكات بە جەختكردنی خۆی پێش هەفتەیەك مۆكێت وكورسییەكانی نۆژەن دەكاتەوە، تەنانەت ئێستاش (دوو)سێتی رووناكی پێشكەوتوو لەهۆڵەكانماندا نییە چ جای ستیجی جوڵاوو ئامێری تایبەت بە دەنگ وگۆڕینی دیكۆر و.. هتد. خۆ ئەگەر ئەو بەڕێزانە مەبەستیان لایەنی هونەری نمایشەكانیش بێت، ئەوا ئەوەندە بەسە بڵێم تاكو ئێستا لەنێو شانۆكارانی كورددا تیۆرستێك هەڵنەكەوتووە، زۆربەی دەرهێنەرەكانمان لە نمایشەكانیاندا پەیڕەوی ستایلێك یان میتۆدی هونەریی قوتابخانەیەكی شانۆیی دیاریكراوناكەن، بۆیە دەبینین دیكۆر سەر بە تەوژمێكە و نواندن بەڕێڕەوێكی ترداو دەق لەفەزایەكی جیاوازدا دەجریوێنێ و لەئاكامیشدا پرۆسەی دەرهێنانیش بێ ناسنامەیە. دیارە من ئەو شانۆكارانەم مەبەست نییە كەبە پەنجەی یەك دەست دەژمێردرێن و چوارچێوەی كاروكەسایەتی هونەریی خۆیان دەستنیشان كردووە، چونكە ئەوانە ناسراوترن لەوەی ئەم بۆچوونە بیانگرێتەوە. بۆیە زۆر زەحمەتە كەس باوەڕ بەشتێك بكات كە نایبینێت تەكنۆلۆژیاش لە شانۆی كوردیدا شتێك نییە لەبەرچاوبێت، شانۆی كوردی تاكو ئێستا دوورە لە تەكنۆلۆژیا و پێشكەوتنەنوێیەكانی شانۆی جیهانی، بەداخەوە تەنانەت ئەوانەی بەر ئەو رۆشنبیریی و پێشكەوتنەش كەوتوون نەیانتوانیوە بەشێوەیەكی بەرفراوان وكاریگەر زانیاریی و تواناكانیان لەنێوەندە شانۆییەكەی لەمەڕ خۆمان تەفعیل بكەن و گەنجان و بەهرەمەندانی نێو بزاڤی شانۆی كوردی پێ دەوڵەمەند بكەن، بەڵكو بەداخەوە لە زۆربەی بۆنەكاندا موزایەدە و گۆشەگیریان هەڵبژاردووە لەرووی شانۆكارانی كوردستاندا. ئەوە سەرەڕای ئەوەی كەهەندێكیان سوودێكی مادیی و وەزیفی گەورەشیان لە ئیدیعای(خزمەتكردنی شانۆی كوردی) وەرگرتووە. ئەو شانۆیەی كە رەنگە هەندێكیان بڕوایان بە راستی ناوەكەشی نەبێت !
* ئەی تواناو كارەكانی شانۆكارە گەنجەكان چۆن دەبینیت؟
-ئەوەی مایەی ئومێد و گەشبینییە لە ئێستای شانۆی كوردیدا كاروبەهرەی گەنجەكانە. بەداخەوە زۆربەی شانۆكارە بەئەزموونەكان لە ژێر سێبەری ساباتی رۆژگارە بەسەرچووەكانیان كاردەكەن.
* (ئەرسەلان دەروێش) وەك داینەمۆی كاروچالاكییەكانی (تیپی شانۆی سالار) ناسراوە، یەكێكە لە تیپە شانۆییە هەرە ناودارو بەخششدارەكانی كوردستان، دوای (بێكەس) كاری داهاتووتان چییە؟
- دوای ئەم كارە دووپرۆژەی نوێم هەیە كە بڕیارە هەردووكیان لەلایەن (تیپی شانۆی سالار)ەوە بەسەرپەرشتی و پشتیوانی وەزارەتی رۆشنبیری ولاوانی كوردستان بێتە بەرهەم، یەكەمیان زنجیرەدرامایەكی نوێیە بەناونیشانی (رۆژگارە تەریبەكان) نووسینی هونەرمەند(دڵشاد مستەفا) كەسیناریۆكەمان بەهاوبەشی نووسیوە و خۆم كاری دەرهێنانی ئەنجام دەدەم، ئەم زنجیرەیە (25)ئەڵقەی تەلەفزیۆنییە وبەشی یەكەمە لە( سێ )بەش پێكهاتووە، بابەتەكەی كە سەبارەت بە باری كۆمەڵایەتی و سیاسی و رووناكبیریی كۆمەڵگای كوردییە لە ساڵی 1970 تاكو ساڵی2000 لەمیانەی چەند چیرۆكێكی ئەوینداریییەوە پێشكەش دەكرێت.
كاری دووەمیش دەرهێنانی هاوبەشە لەگەڵ هونەرمەندی عێراقی ناودار (د.سەڵاح ئەلقەسەب ) بۆ شانۆیی (رێچاردی سێیەم)ی نووسەری جیهانی(وەلیام شەكسپیر) بە دیدێكی هونەریی تایبەت كە هەڵسانەوەی گەلانی پێدەخوێنرێتەوە لە دوای حوكمی دیكتاتۆرەكان ولەدوای وێرانكارییە گەورەكانی لەبابەت (هەڵەبجە وهێرۆشیما)وە، كە ئومێد دەكەین وەك ئەزموونێكی شانۆیی دانسقە لەمێژووی شانۆی كوردی و عێراقیدا رووناكی ببینێت.
* دواپرسیارمان سەبارەت بەگۆڤاری (شانۆ)یە ئەو گۆڤارە سەنگین و شایستەیەی كە لەلایەن تیپەكەتانەوە بە هەردووزمانی كوردی وعەرەبی و بەهاوەڵی زنجیرەیەكی كتێبی شانۆیی دەرتاندەكرد و ئێوە سەرنووسەری بوون، كێ پشتیوانی كردن و چۆن راگیراوە؟
- گۆڤاری (شانۆ) بەپشتیوانی و لەسەر بڕیاری رێزدار (نێچیرەڤان بارزانی)سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە كابینەی پێنجەمدا دامەزراو دوای چوارساڵ كاركردن و دەركردنی (20)ژمارە بەزمانی كوردی وعەرەبی ولەگەڵیدا (25)كتێبی گۆڤاری شانۆ كە هەر هەمووی بەبێبەرانبەر بەسەر پەیمانگا و تیپە شانۆیی و دەزگاهونەرییەكانی كوردستان و عێراقدا بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرا و بەشایەدی ناوەندەكە وخوێنەرانی كەلێنێكی گەورەی لەكتێبخانەو رۆژنامەگەری كوردیدا پڕكردبۆوە، لەسەرەتای ئەمساڵدا بەر ئەوبڕیارە كەوت كە لەلایەن سەرۆكایەتی وەزیرانی كابینەی شەشەمی حكومەتی كوردستانەوە بۆ راگرتنی بەخشینی میدیا حزبی وحكومییەكان درا و لەوكاتەوە دەرناچێت. كە جێی نائومێدی وناڕەزایی شانۆكارانی كوردستان وتەنانەت عێراقیشە و تاكو ئێستا چەندین جار قسەی لەبارەوە كراوە.





Top