لوقمان غەریب: حكومەت گرنگییەكی تاك لایەنانە بە سینەما دەدات

لوقمان غەریب: حكومەت گرنگییەكی تاك لایەنانە بە سینەما دەدات
لوقمان غەریبی دەرهێنەری هەر یەك لە زنجیرە دراماكانی (نامەكانی ئەشرەف) و (رەیحانە) كە تایبەتمەندی خۆیان هەبوو لە نواندن و دەرهێناندا، پێیوایە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەشێوەیەكی تایبەت لە گرنگیدانیان بە بوارە جیاجیاجانی هونەری نادادپەروەرییەك پیادە دەكەن، چونكە گرنگی بە هەندێك لایەن دەدرێت لەسەر حیسابی هەندێك لایەنی دیكەی هونەری.
لوقمان غەریب لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان دەڵێ: ئێمە هەوڵ دەدەین كە بینەری كوردی لە دراما عەرەبی و توركییەكان دووربكەوێتەوەو ڕوو بكاتەوە كاری درامای رەسەنی كوردی بۆ ئەوەی ئاشنا بێت بە هونەرو فەرهەنگی میللەتەكەی، كەچی وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان و لایەنە پێوەنددارەكان وەك پێویست هاریكاریمان ناكەن و لە كاتی وێنەگرتنی رەیحانەدا دووچاری هەڵوێستی لەم جۆرە بووینەوە، تەنانەت جارێكیان نووسراوێكمان پێویست بوو بۆ ئەوەی لە هەندێك شوێن وێنە بگرین كەچی بۆیان نەكردین.
سەبارەت بە بوونی نادادپەروەری لە گرنگیدانی حكومەت بە بواری سینەما زیاتر لە دراما، لوقمان غەریب بە راشكاوی دەڵێ: بێگومان لەم بوارەدا نادادپەروەری و هەڵنەسەنگاندن و بێ بەرنامەییەك بەدی دەكرێت، خوێندنەوەیەك نییە بۆ ئەو كەسانەی دەتوانن كار بكەن لە هەمان كاتدا خزمایەتی و ناسین ڕۆڵی خۆی هەیە، بەشێوەیەك دەتوانین بڵێین حكومەت و بەتایبەتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و ئەو دەزگا و لایەنانەی لەم بوارەدا دەتوانن رۆڵیان هەبێت، بەرپرسیارن لە دروستبوونی ئەم بارودۆخەی ئێستای هونەری كوردی.
هەروەها دەرهێنەری زنجیرە درامای (رەیحانە) دەڵێ: یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی دروستبوونی ئەم حاڵەتە ئەوەیە كە حكومەت زیاد لە پێویست گرنگییەكی تاك لایەنانە بە بواری سینەما دەدات لە كاتێكدا ئێمە پێداویستی دیكەی لۆكاڵیمان زۆرە، سەبارەت بە سینەما لەوانەیە لە هۆڵێكدا 300-400 كەس كۆبكەیتەوەو فیلمێك نمایش بكەی، زۆرجار هەوڵماندا بزانین ئەم فیستیڤاڵانە چۆن دەبن و چی روودەدات سەیرمان كردووە 200-300 لە هۆڵێكدا كۆدەبنەوە بۆ بینینی فیلمێك كە یەك ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج كراوە و لەو 300 كەسەش 100یان ئەوانەن كە لە كارەكەدا بەشدارن 50- 100 خزم و كەسی ئەوانەن، بۆیە دەبینین گرنگییەكی زۆر بە سینەما دەدرێت كە ئەسڵەن هۆڵی سینەما لە كوردستاندا نییە، وڵاتێك كە هۆڵی سینەمای نەبێ بۆ نمایشكردنی فیلمی بیانی، فیلمەكانی خۆی لە كوێ نمایش دەكات، پێموایە ئەمە جۆرێكە لە زەمینە خۆش كردن بۆ گەندەڵی و پارەیەكی زۆریش بە هەدەر دەدرێت و لەم بە هەدەردانەش خەڵكانێك سوودمەند دەبن، تەنانەت بەپێی هەندێك زانیاری لە وەزارەتی رۆشنبیری ژمارەیەك ناونیشانی ڕەزامەندی لەسەر كراوە كە تەنیا ناونیشانەو هیچی تر و هەندێكیان نزیكەی نیو ملیۆن دۆلاریان بۆ سەرف كراوە لە كۆتاییشدا دەرچووە كە تەنیا ناونیشانێكە لەسەر كاغەز، بێسەروبەری و گەندەڵی، هەروەها ئەمە كاریگەرییەكی سلبی لەسەر بارودۆخی هونەر دەكات بەشێوەیەكی گشتی، بۆ نموونە ئەكتەرێك كە لە هەموو ڕوویەكی هونەرییەوە سەركەوتووەو دەتوانێت رۆڵەكەی بە باشترین شێوە بەرجەستە بكات، ئەم ئەكتەرە ئەگەر لە زنجیرە درامایەك بەشداری بكات، دەرهێنەر لە بری ماندووبوون و نواندنەكەی دەتوانێت تەنیا بڕی هەزار دۆلار بدات بەم ئەكتەرە كەچی هەمان ئەكتەر ئەگەر لە فیلمێكدا بەشداری بكات كە شەست دەفتەر دۆلاری بۆ خەرج كراوە و ژمارەی ئەكتەرە بەشداربووەكانیشی زۆر نین، دەرهێنەری فیلمەكە دەتوانێت یەك دەفتەر دۆلاری پێ بدات لە بری بەشداری كردنی، ئەكتەرەكە تووشی سەرسوڕمان دەبێت لەلایەك شەش سەد دۆلار وەربگرێت و لە لایەكی دیكەش دە هەزار دۆلار وەربگرێت لە هەردوو بوارەكەشدا كاری ئەم ئەكتەرە هەر نواندنە، ئەم كارە دەبێتە هۆی ئاڵۆز كردنی بارودۆخەكە لە خۆیان و لە خەڵكەكەش، ئەمەش پێویستی بە چارەسەر كردن هەیە.
Top