ماندوو" خه‌ڵاتی تایبه‌تی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی به‌یروتی به‌ده‌ستهێنا
به پێی راپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتی فیلمی "ماندوو"، فیلمی سینه‌مایی "ماندوو" له ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "ئیبراهیم سه‌عیدی" به ئاماده‌بوونی خاتوو "تیما ئه‌میری" یه‌كێك له ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی فیلمه‌كه، له رۆژانی 11 و 12ی ئۆكتۆبری 2011 له به‌شی پێشبڕكێی یازده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "به‌یروت" له لوبنان نمایشكرا و توانی خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی ناوبژیوانی ئه‌م فیستیڤاڵه به ناوی "فرانس 24" به‌ده‌ستبێنێت.
ڕێوڕه‌سمی كۆتایی فیستیڤاڵی فیلمی "به‌یروت" له هۆڵی تیئاتری "كاركۆلا" له به‌ریرووت به‌ڕێوه‌چوو و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانی ئه‌م فیستیڤاڵه كه بریتی بوون له: ده‌رهێنه‌ری ئیتاڵی "لۆكا گوادانینۆ" سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوبژیوان، "كارلین ئاڵبۆ" ده‌رهێنه‌ری فه‌ره‌نسی، "میسۆن پاچه‌چی" به‌رهه‌مهێنه‌ری عێراقی، "ره‌جا سانیع" رۆماننووس عه‌ڕه‌بستانی و "كریستیانۆ پیچینۆ" رخنه‌گری سینه‌ما، خه‌ڵاتی تایبه‌تی خۆیان له به‌شی "فرانس 24"دا به‌خشییه فیلمی "ماندوو" له ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری مه‌هابادی ئیبراهیم سه‌عیدی.
ئیبراهیم سه‌عیدی به هۆی سه‌رقاڵی به نوێترین به‌رهه‌مییه‌وه نه‌یتوانی له‌م فیستیڤاڵه ئاماده‌بێت و خاتوو "تیما ئه‌میری" به نوێنه‌رایه‌تی له‌م سینه‌ماكاره كورده، خه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌رگرت و له كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه له وته‌یه‌كی كورتدا گوتی: "سڵاو ده‌نرێم بۆ خه‌ڵكی زوڵملێكرای فه‌له‌ستین".
هه‌روه‌ها كورته فیلمی "پێم خۆش بوو كه‌سێك له شوێنێك چاوه‌ڕوانم بێت" له ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری لاوی كورد بابه‌ك ئه‌مینی خه‌ڵاتی برۆنزی باشترین كورته فیلمی یازده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "به‌یروت"ی به‌ده‌ستهێنا.
فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "به‌یروت" به به‌شداری 67 فیلم له 29 وڵاتی جیهان له
چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی؛ "فیلمه چیرۆكییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست"، "كورته فیلمه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" و "فیلمه دیكۆمێنتییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" و هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، له‌وانه: "پانۆڕامای نێوده‌وڵه‌تی"، "كورته فیلمه‌كان"، "فیلمه چێشتخانه‌یه‌كان" و "فیلم گه‌لی منداڵان" له به‌یروتی پێته‌ختی وڵاتی لوبنان به‌ڕێوه‌چوو.
