بەناوی عێراقەوە بەژدار نابم من کوردم و زمانی دایکم کوردییە

بەناوی عێراقەوە بەژدار نابم من کوردم و زمانی دایکم کوردییە
عه‌لى قه‌ره‌داخی یاریزانى هونه‌ره‌ به‌رگرییه‌كان و پاڵه‌وانى جیهانى
بەناوی عێراقەوە بەژدار نابم من کوردم و زمانی دایکم کوردییە
عه‌لى قه‌ره‌داخی یه‌كێك له‌ پاڵه‌وانه‌كانى كوردستان كه‌ ئێستا له‌سه‌ر ئاستى ووڵاتانى كیشوه‌رى ئاسیا بۆته‌ پاڵه‌وانێكى گه‌وره‌ و یانه‌كان و هه‌ڵبژارده‌كانى ئاسیا چاویان له‌سه‌ر ئه‌م یاریزانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌ ئاینده‌یه‌ ئه‌و پاڵه‌وانه‌ كورده‌ بۆ چ تیپێك یارى ده‌كات، عه‌لى عه‌بدوللا قه‌ره‌داخى له‌ دایك بووى ساڵى 1992ى شارى سلێمانیه‌ و ته‌واوى مه‌شق و راهێنانه‌كانى له‌گه‌ڵ یانه‌كانى ووڵاتى تایله‌ندو كامبۆدیا ئه‌نجامداوه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهانى به‌ تاییه‌تى له‌ كیشوه‌رى ئاسیا، گۆڤارى گوڵان به‌ چاكى زانى له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكى ئاراسته‌ى بكات ، ئه‌وه‌یش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وه‌ڵامى پرسیارى گۆڤارى گوڵان بداته‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
* چۆن بوو بڕیارت دا لە دەرەوەی عێراق بژیت و درێژە بە ژیانی وەرزشیت بدەیت؟
- بەگشتی مەشق و ڕاهێنانی هونەرە بەرگرییەکان لە کوردستان و تەواوی عێراق لە ئاستێکی زۆر نزمدایە بەهۆی نەبوونی پسپۆڕو کەسی شارەزا لە هونەرە بەرگرییەکاندا، هەربۆیە منیش بڕیارمدا درێژە بە ژیانی وەرزشیم بدەم لە دەرەوەی وڵات بۆ هەمیشە پێشکەوتنی ئاستی وەرزشیم لە تەواوی هونەرە بەرگرییەکاندا .
* لە نێو ئەو هەموو وڵاتە جیهانیە چۆن بوو تەنیا کیشوری ئاسیاو تایلەندت هەڵبژارد؟
- لە ڕاستیدا تەواوی هونەرە بەرگرییەکان لە وڵاتانی ئاسیا داهێنراوە هەروەها وڵاتانی ئاسیا بە مەڵبەندی هونەرە بەرگرییەکان دادەنرێت ،هەربۆیە ئەگەر وەرزشی هونەرە بەرگرییەکان لەهەر وڵاتێکی ئەورووپیو جیهان ئەنجام بدرێت هەموو پشت بە مەڵبەندی وەرزشەکە دەبەسێت کە ئاسیایە وەك وڵاتانی تایلەند و چین و کەمبۆدیا و میانمار و یابان و ڕوسیا هەربۆیە منیش ئەو وڵاتانەم هەڵبژاردووە، چونکە تەواوی خەونەکانم لەو وڵاتانەیە بەتایبەت وڵاتی تایلەند چونکە مەڵبەندی وەرزشی هونەری بەرگری تای بۆکسە بە کۆی هونەرە بەرگرییەکانەوە لە کەمبۆدیا و چین و میانماریش .
* ئاستی یاری تای بۆکس چۆن دەبینیت لە کوردستان؟
- لە کوردستاندا “ تای بۆکس” نەبووە تاوەکوو ئاستێکی بۆ دیاری بکەین بەڵام خۆشبەختانە من ماوەی ئەو چەند ساڵەی لە وڵاتانی ئاسیا بە مانەوەیەکی زۆر توانیم ئەزموونێکی ئێجگار زۆر باش وەرگرم بە تیۆریو پراکتیکی بە تەواوی پاڵەوانێتییە پلە یەکە جیهانییەکانەوە ، کە ئێستا بە گەڕانەوەو مانەوەم لە کوردستان بۆ خزمەتی گەنجانی نیشتیمانەکەم چەندین سیمینارو ۆرکشۆپم لە تەواوی شارەکانی کوردستان ئەنجامدا بە مەبەستی ئاشنابوونوو بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری گەنجان و وەرزشەوانانی هەردوو هوونەری بەرگری )کیك بۆکس و تای بۆکس( پرۆفیشناڵ بەشێوەیەکی ئەکادیمیو زانستی سەردەمیانە بۆ کوردستانکەم دەستبەر ئەکەم. هەروەها لە ئێستادا پلانو پرۆژەم هەیە بۆ تەواوی کوردستان بە هاوکاری بەرپرسان بەهیوام زوو جێبەجێ بکرێت.
*بۆچی ئەم یارییە بە شێوەیەکی باش نەناسراوە وە چی هۆکارە بۆ گرنگیدان بەم یارییە بەرگرییانە؟
- سەرەتا ئاماژە بدەین بە هونەری بەرگری کیك بۆکس کە هونەرێکی سەرەتایی هونەری بەرگری تای بۆکسە ، کاتێك کەسێك بیەوێت هونەری بەرگری تای بۆکس فێربێت ئەبێت هونەری بەرگری کیك بۆکس تێدا تەواوبێت ئەنجا ئەتوانێت دەست بە هونەری تای بۆکس بکات. لە ئێستادا لە کوردستان و تەواوی عێراق مەشقو پاڵەوانێتی کیك بۆکس دەکەن بە شێوەیەکی زۆر سەرەتایی کە لە ماوەی ۲٥ ساڵی ڕابردوودا هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆوە نەبینیوە وە هەتا ئەم ساتەش وەرزشوانانی کوردستان و عێراق بە پارێزەری دەستو قاچو سەر یاری ئەکەن لە پاڵەوانێتییە زۆر ئاست نزمەکاندا کە لە ڕاستیدا وەرزشوان پێویستە لە دوای تەمەنی لاوێتیدا بچێتە بەشی پرۆفیشناڵ بەڵام لە کوردستان و عێراق ئیتیحادەکانی کیك بۆکس ئەم بوارەیان قەتیس کردووەو ڕێگەیان نەداوە ئەم بوارە بەرەو پێش بچێت بە هەماهەنگی ئیتیحادی عێراقی لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی تاکە کەسی خۆیان . هۆکاری بەرەو پێشنەچوونی وەرزشی هونەری کیك بۆکسی کوردستان بەهۆی چەقبەستووی بەرپرسانی ئیتیحادەکانی کیک بۆکسی کوردستان لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و نەبوونی زانیاری و ئاستی ڕۆشنبیری وەرزشیان لە هونەری بەرگری کیک بۆکس بە شێوەیەکی کارامە هەرگیز نەبووە ،هەمانکات ئیتیحادەکانی کیک بۆکس ی کوردستان لە ژێر چاودێری ئیتیحادەکانی کیک بۆکسی عێراقدان و هەماهەنگن، بەهەمانشێوە ئیتیحادی عێراقی تاوەکو ئێستا ئاستی سەرەتایی وەرزشی هونەری کیک بۆکس ئەنجام دەدەن بە مەشقکردن و پاڵەوانێتییەکانەوە لە ئاستێکی زۆر نزمدا ، هەروەها ئیدارەی ئیتیحادەکانی کیک بۆکسی کوردستان بە هەماهەنگی ئیتیحادی عێراقی بەژدارن لە گەندەڵی و بەرەوپێشنەچوونی وەرزشی هونەری بەرگری کیک بۆکس، وە مانەوەی بە شێوەیەکی سەرەتاییو چەقبەستوو کە کاریگەری نێگەتیڤی لە سەر تەواوی وەرزشکارانی کوردستان داناوە. هۆکاری چەقبەستوویو بەرەوپێشنەچوونی هونەری بەرگری کیک بۆکسی کوردستان ئەگەڕێتوە بۆ گەندەڵی ئیداری بەرپرسانی ئیتیحادی هونەری بەرگری کیک بۆکس کوردستان بە هەماهەنگی ئیتیحادی عێراقی کە زۆرینەی بەرپرسانو ئەندامانی ئیتیحادەکان پیشەیان ئەم وەرزشە نییە وە زانیارییان لەسەر وەرزشەکە نییە ئەگەر چەند کەسێکی کەمیان زانیارییان هەبێت بە شێوەیەکی سەرەتاییو ئاست نزم هەربۆیە ناهێڵن گەنجان و وەرزشەونانی کورد لەو ئاستەدا گەشە بکەن و بچنە پێشەوە بەهۆی نەبوونی زانیاریو ئاستی وەرزشی خۆیان کە هەمیشە نەیانتوانیوە خۆیان بگەیەننە ئاستێکی پرۆفیشناڵ لە هونەری بەرگری کیک بۆکس دا . هەمانکات کەسانێکی بەتەمەنی بێ ئەزموونی وڵاتانی عەرەب دێنن بۆ کوردستان بە هەماهەنگی ئیتیحادەکانی کیک بۆکس کوردستان و عێراق دەوراتی سەرەتایی بۆ وەرزشەوانانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە بە ماوەی یەك بۆ دوو ڕۆژ بە ئێجگارە پارەیەکی زۆر کە هەموو وەرزشەوانان لە باخەڵی خۆیان ئەو پارە زۆرە دەدەن بە کاغەزێکی پرینتکراو وە نەبەخشینی هیچ زانیارییەکی پراکتیکی و تیۆری کە ئامانجیان تەنها قازانجی مادییە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیتیحادی کیک بۆکسینگی کوردستان و عێراق بازرگانی بەسەر گەنجان و وەرزشەوانانی کوردستانەوە دەکەن کە هەموو ئەمانە شایەنی لێپرسینەوەی قورسنو چیتر خۆڵ نەکەن بەچاوی هاونیشتیمانیانو وەرزشوانانی کوردستان ، لە کاتێکدا ئیتیحادی کیک بۆکسی عێراق هەمیشە خزمەت بە وەرزشەوانانی تابەت بە سنووری خۆی ئەکات هەرچەندە ئیتیحادێکی چەقبەستووە لە وەرزشەکەدا، بەڵام دڵسۆزن بۆ گەنجانی عێراقی خۆیان . بەڵام خۆشبەختانە من وەک عەلی قەرەداغی لە ئێستا بە گەڕانەوەم بۆ کوردستان چەندین سیمینار و ۆرکشۆپم لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا ئەنجامدا بە بێ بەرامبەر بۆ گەنجانو وەرزشەوانانی هونەری کیک بۆکس و تای بۆکس بەشێوەی پرۆفیشناڵ و زانستی سەردەمییانە . هەربۆیە لە ئێستادا پرۆژەو پلانی وەرزشی گەورەم هەیە بۆ هەردوو وەرزشی کیک بۆکس و تای بۆکس بەشوەیکی پرۆفیشناڵ و زانستی سەردەمییانە بۆ تەواوی کوردستان ، هەروەها لە ئێستادا لە هەوڵی بنیاتنانیدام بە پشتگیری بەرپرسانی حوکمەتی کوردستان.
* زۆرجار دەڵێی بەناوی عێراقەو بەژداری ناکەم،هۆکار چییە؟
- هۆکاری هەمیشە دووبارەکردنەوەی بەناوی عێراقەوە بەژدار نابم من کوردم و زمانی دایکم کوردییە و خوای گەورە منی بە کورد درووست کردووە هەربۆیە من هەمیشە شانازی بە ئاڵاو ناوی پیرۆزی کوردستانەوە دەکەم هەروەها لە تەواوی پاڵەوانێتییە جیهانیە پلە یەکەکاندا بە فەرمی و لە ژێر چاودێری میدیا جیهانییەکاندا شانازی ئەبەخشم بە خۆمو تەواوی هەموو خەڵکی کوردستان بە بەرزکردنەوەی ناو و ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە فەرمی کە هەمیشە زیاتر بووە بە هاندەرێکی باڵاو باوەڕ بەخۆبوونێکی زیاتر بۆم ، وە ئەمەوێت لەڕێگای ئەو درووشمانەمەوە گەنجانو وەرزشەوانانی هونەری بەرگری هۆشیار بکەمەوە کە هەوڵ نەدەن شانازی بە ئاڵاو ناوی عێراقەوە بکەن کە هەمانکات ئێمەی کورد نیشتیمان و خاک و ئاڵای تایبەت بە خۆمانمان هەیە .
* هەڵبژاردە جیهانییەکان داوایان لێنەکردوویت بەناوی ئەوانەوە یاری بکەیت لە پاڵەوانێتییە جئهانییەکاندا ؟
-بەڵێ لە پاش ئەو پاڵەوانێتیە جیهانیییەی کی وەن لە چین ئەنجاممدا لە کۆتا مانگی ساڵی ۲٠۱٦ ،پار ساڵ لە مانگی تەمووز ۲ یانەی چینی پەیوەندیان پێوە کردم کە پاڵەوانێتییە جیهانیەکانی کیک بۆکس پرۆفیشناڵ بۆ ئەوان ئەنجام بدەم بەڵام لە ئێستادا گونجاو نەبوو بۆم کە یاری بۆ یانەیەکی چین بکەمو لەوێ بمێنێمەوە بەهۆی هەندێك بارودۆخی تایبەتەوە.
* هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشکەش کردووی بۆ یاری کردن بە تایبەت لە کیشۆری ئاسیا کە گرنگی زۆر بەم یارییە دەدرێت؟
- بەڵێ من لە ئێستادا پەیوەندیم بە یانەیەکی تایلەندو کەمبۆدیاوە بە هەماهەنگ کە تەواوی پاڵەوانێتییەکانیان بۆ ئەنجام دەدەم بە ئاڵاو ناوی پیرۆزی کوردستانەوە.
* بە نیازی ئەوە نیت بە یەکجاری بگەڕێیتەوە کوردستان و لێرە وەكو ڕاهێنەر گرنگی بەم یارییە بدەیت؟
- من لە ئێستادا گەڕاومەتەوە بۆ کوردستان وە چەند پرۆژەیەکم پێیە ، هیوادارم بەرپرسانی حوکومەت بە هەستی بەرپرسیارانەوە پشتگیرم بن بۆ بنیاتنانی قوتابخانیەکی ئەکادیمی ورزشەکان هونەری بەرگری کیک بۆکس و تای بۆکس کە بە شێوازێکی پرۆفیشناڵ و سەردەمییانە گەشە بە گەنجان و وەرزشەوانانی هونەری بەرگری بدەم بە تەواوی ئاستە جیاوازەکانەوە بۆ هەردوو ڕەگەز ، کە ئاستی ڕۆشنبیری و وەرزشییان بە شێوەیەکی ئەکادیمیو زانستی بەرز بکەمەوە بە تیۆریو پراکتیکی تا ئاستێکی باڵا بۆ پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتییەکان ، هەروەها دەمەوێت ئاستیێکی باشی فێربووو مەشو ڕاهێنانی هونەرە بەرگرییەکان بە شێوەیەکی زۆر باش و سەردەمییانە دەستەبەر بکەم بۆ کوردستانەکەم .
* هیواو ئاواتت وەکو پاڵەوانێکی کورد؟
-خەونی من تەنها کیک بۆکس و تای بۆکس نییە، بەڵکو مەشقو ڕاهێنانی زیاترە بۆ تەواوی بەشەکانی هونەرە بەرگری کە لە ئێستادا پلانم بۆ چەند وەرزشێکی تری هونەرە بەرگرییەکان هەیە کە لە کوردستان و عێراقدا بوونی نییە هەربۆیە لە ئایندەدا زیاتر ڕوونکردنەوی لەسەر ئەدەم وە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدام زیاتر هونەری بەرگری لە خۆمدا فراونتر بکەم بە پاڵەوانێتییەکانیشیەوە.
* هەوڵت نەداوە لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشی کوردستان بیر لە درووستکردنی هەڵبژاردەی کوردستان بکەنەوە لەم یارییەدا؟
-من لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدام ئاگاداری بەرپرسانی حوکومەت بکەم کە هاوکارم بن و پشتگیریم بکەن بە خێرایی و کاتم بە فیڕۆ نەڕوات . هەروەها بە هاوکاریو سەپۆرتی بەرپرسانی حوکومەتی کوردستان ئەتوانم لە ماوەی یەك ساڵدا هەڵبژاردەیەکی بەهێز درووست پێکبهێنم و بەژداری پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانیان ێ بکەم بە ئاڵاو ناوی پیرۆزی کوردستانەوە.
* ئەگەر شتێکت مابێت لە کۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان .


Top