پێویستە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بکرێتەوە

پێویستە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بکرێتەوە
رۆندک عەلی یاریزانی فوتساڵی ھەڵبژاردەی عێراق
پێویستە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بکرێتەوە
یانەی وەرزشیی زێرەڤانی یەکێک لەم یانە وەرزشیانەی لە شاری دھۆکە تیپی تۆپی فوتساڵی یانەکەش یەکێک لە تیپە ھەرە بەھێزەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە یە و خاوەنی چەندین کچە یاریزانانی بەتوانایە لەسەر ئاستی عێراق ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان رۆندک عەلی یە ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ھەردوو خولی نایابی فوتساڵی کوردستان و عێراقیش ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٨٨ی شاری دھۆک و قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی دھۆک پێشووتریش یاری بۆ ھەریەک لە یانەکانی دھۆک و زاخۆ و گارە و حدود کردوە ئێستاش یاریزانی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و یانەی زێرەڤانییە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:کارزان کانەبی
*چۆن بوو ھاتیتە نێو ژیانی وەرزشیی؟
-ھەر لە منداڵیەوە لە قوتابخانەکان و کۆڵانەکانی گەڕەکەکەمان لەگەڵ ھاورێیانی ترم یاریم دەکرد.
* بۆچی یاری فوتساڵت ھەڵبژارد؟
-زۆر سەیری کردنی یارییەکانی تۆپی پێی منی وا لێ کرد کە ئەم یارییە ھەڵبژێرم، سەرسامی من بۆ یاریزان گابریل باتیسۆتای یاریزانی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەبەر خۆشەویستی ئەو من حەزم چووە یاری تۆپی پێی.
*ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ چۆن دەبینی بە گشتی؟
-ئەگەر جیاوازی بکەین لەگەڵ ساڵانی (٢٠٠٧-٢٠٠٨) ئێستا زۆر باشترە و زۆریش پێشکەوتووترە لە گشت ڕوویەک.
*ھەست ناکەی ئەم یارییە تاڕادەیەک پشتگوێ خراوە؟
-ڕاستە ساڵانە خول دەکرێتەوە ، بەڵام ھەر باشترە کە ھەر ھیچ نەبێت ، تیپەکەی منیش گرنگی زۆر بە یاری فوتساڵی کچان دەدات، ھیوای منیشە بەردەوام ئەم یارییە لە پێش بێت.
*کەمی کردنەوەی پاڵەوانیەتی کاریگەری و ساردکردنەوە لەسەر ئێوە نییە وەکو یاریزانان؟
-بەدڵنیایەوە زۆر ئاستمان دێتە خوارەوە ، بەڵام ئێمە بەردەوام مەشقمان ھەیە ئەگەر ھەر ھیچ نەبێ لەگەڵ تیپەکانی مامۆستایان و تیپەکانی تر یاری دەکەین تەنیا بۆ ئەوەی وا دانەنیشین، خولی بەردەوامیش ھەبێت زۆر باشە.
*بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەم یارییە لە کوردستان پێت باشە چی بکرێت؟
-سەرەتا دەبێت قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بکرێتەوە بۆ ئەوەی جیلێکی باشتر پەروەردە بکرێت گرنگی بەتەواوی یاریزانان بدرێت و یاریگای تایبەتیان بۆ بکرێتەوە جگە لە گرنگیدان بە تەواوی لایەنەکانی تر.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی فوتساڵ لە چی دەبینی؟
-گرفتمان ئەوەیە سالێ یەک خوڵ دەکریـَتەوە ئەو خولەش بە شێوەی خولی دەوری دەکرێتەوە ماوەی زۆرتر بوایە و تیپەکانیش زۆر تربوونایە، جگە لە نەبوونی ھۆڵی تایبەت بە یاری فوتساڵ بۆ ئێمە گرفتە ھاندەرانی وەرزشی زۆر دڵگران بووینە.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-بەلێ لە ھەریەک لە یانەکانی شورتە و جەوییە ، بەڵام وەڵامی من ئەوە بووە کە ناتوانم یانەی خۆم زێرەڤانی جێ بھێلم.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
- بەھیوای ئەوەم ئاستی باشتر پێشکەش بکەم و ببمە ڕاھێنەرەکی سەرکەوتوو لە داھاتوو، بۆ داھاتووش بەردەوام بم لە ناو وەرزشیی دا وەکو یاریزان و ڕاھێنەریش.
*قەیرانی دارایی تا چەند کاریگەری کردۆتە سەر وەرزش ؟
-کاریگەری زۆری لەسەر وەرزش کردووە بە گشتی لە کوردستانیش بەتایبەت ، بەتایبەتی وەرزشیش بارودۆخی باش نەماوە .
*گرفتی ئەم یارییە لە دھۆک لە چی دەبینی؟
-نەبوونی یانەی زیاتر زۆر بۆ یاریزانان زەرووە لە شارەکەمان چونکە لە شاری دھۆک یاریزانی زۆر باش ھەیە کە شایەنی یاری کردن لە ریزی یانە گەورەکان، بەڵام یانە کەمە تەنیا یەک دوو یانە ھەیە ئەویش ناتوانی ئەم ھەموو کچە یاریزانە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە چونکە لە فوتساڵ تەنیا ٥ یاریزان یاری دەکات.
*بەھیوای ئەوە نێت رۆژێک لە رۆژان یاری بۆ ھەڵبژاردەکەی خۆت بکەی کە کوردستانە؟
- ئێمە یاری بۆ ھەڵبژاردەی عێراق دەکەین ھیواخوازم رۆژێک لە ڕۆژان یاری بۆ ھەڵبژاردەی کوردستان بکەم و بەناوی کوردستان و ئاڵای کوردستان بەر لەوەی ژیانی وەرزشیم تەواو بێت.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بە سەرکردنەوەی بەردەوامی سەرجەم یاریزانانی شارەکانی کوردستان، ھیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوازم .

Top