پەیامی من بۆ کچان ئەوەیە کە ڕوو لە وەرزش بکەن

پەیامی من بۆ کچان ئەوەیە کە ڕوو لە وەرزش بکەن
ژاڵە جیھاد یاریزانی کاراتێ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
پەیامی من بۆ کچان ئەوەیە کە ڕوو لە وەرزش بکەن
تیپی کاراتێ یانەی پێشمەرگە یەکێک لەم یانانەی کە بەردەوام گرنگی بە یارییەتاکە وەرزشییە جۆراوجۆرەکان دەدات لە شاری سلێمانی و تیپی کاراتێ یانەکەش یەکێک لە تیپە ھەرە بەھێزەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە لە ھەردوو ئاستی کچان خاوەن چەندین یاریزانانی بەتوانایە ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان ژاڵە جیھادە ناسراوە بە چاوان ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە خاوەنی پاڵەوانی عێراقە لە کێشەی خۆی ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٣ی شاری چەمچەماڵە و پێشووتریش یاری بۆ یانەی چەمچەماڵ کردووە ئێستاش یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانییە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی

*چۆن بوون ئاشنایەتت لەگەڵ یاری کاراتێ درووست کرد ؟
-کە زانیم تیپێکی کاراتێ کراوەتەوە لە شاری چەمچەماڵ منیش ڕاستەوخۆ پەیوەندیم بەو تیپە و یانەکەوە کرد، خۆشم حەز و ئارەزوویەکی زۆرم بۆ ئەم یارییە ھەبوو.
*بۆچی ئەم یارییەت ھەڵبژارد کە ئێوە ئافرەتن زۆر کات دووچاری کێشە نابن لەم یارییە؟
-حەز و ئارەزوویەکی تەواوم بۆ ئەم یارییە ھەبوو بۆیە دووچاری قسە دەبوومەوە لەلایەن خەڵکەوە کە چۆن دەبێ وەرزشی بکەیت، بەڵام دایک و باوکم زۆر پشتگیریان دەکردم بۆیە زاڵ بووم بەسەر ھەموو کێشەکان.
*ھەست ناکەی یارییەکی شەڕانگێزیت ھەڵبژاردووە؟
-شەڕانی نییە، لە ڕووی دەرەکییەوە وا ھەستی پێ دەکەین ئەگەر نا لە ناوەڕۆمەوە بریتیە لە گیانی ھاوکاری و رێز گرتن.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە کوردستان؟
- ئاستێکی باشی ھەیە لە کوردستان چەند یانەیەک ھەیە گرنگی تەواو بەم یارییە دەدات، ھیوادارم گرنگی و خزمەتی زیاتری ئەم یارییە بکرێت لە تەواوی شارەکانی کوردستان.
*پێت وانییە ئەم یارییە لە کوردستان گرنگی تەواوی پێ نادرێت؟
-پێم باشە وەکو کچە یاریزانێک زیاتر پاڵەوانیەتی بکرێتەوە و گرنگی زیاتر بە ئاستی یاریزانان بدرێت بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییەش بەرەووپێش بچێت، تاڕادەیەکی کەم گرنگی بەم یارییە دەدرێت لە ئێستادا بەھۆی قەیرانی دارایی.
*گرفتی یارییەکانی کاراتێ لە چی دەبینی؟
- لە ڕووی مادییەوە گرفتمان ھەیە ، چونکە پاڵەوانیەتی کەم دەکرێتەوە بەھۆی قەیرانەکانەوە، ھیواخوازم ئەو گرفتانەش چارەسەر بکرێت.
*بۆچی رێژەی بەشداری کردنی ئافرەت لەم یارییە بە شێوەیەکی وەکو پێویست نییە؟
-چونکە لای ھەندێک کەس وایە ئەم یارییە تەنیا بۆ کوڕانە ، بۆیە ئافرەت رێژەکەی زۆر زۆر نییە لەم یارییە.
*باشترین ئەنجامەکانت وەکو یاریزان لەم یارییە؟
-بەشداری سەرجەم پاڵەوانیەتیەکانی عێراق و کوردستان کردووە پلەی یەکەم و دووەم و سێ یەمم بەدەستھێناوە، لە ئێستاشدا یەکەمی عێراقم لە کێشی خۆم ھەروەھا بەشداریم لە پاڵەوانیەتیەک کردووە لە شاری ئەسفەھان لە ووڵاـی ئێران پلەی سێ یەمم بەدەستھێناوە لە کۆمیتەی تاکی کە ٥٠٠ خانم بەشدارییان کردبوو، لە کۆمیتەی تیپیش پلەی یەکەمان بەدەست ھێنا.
*خانەوادەکەت تا چەند ھاوکاریت دەکەن بۆ وەرزش کردن؟
-تا ڕادەیەکی باش پشتگیریان کردووم، پێش ھاوسەرگیری دایک و باوک زۆر پشتگیریان کردووە لە ئێستادا ھاوسەرەکەم زۆر پشتگیریم دەکات ، چونکە ھەندێک لە کچەکان کە ھاوسەرگیریان کردووە دەستبەرداری وەرزش بونە، بەڵام بەھۆی پاڵپشتی ھاوسەرەکەم بەردەوامم.
*پەیامت چییە بۆ ئەو کچە یاریزانانەی کە دوورن لە وەرزش کردن؟
- پەیامی من بۆ کچان ئەوەیە کە ڕوو لە وەرزش بکەن و تواناکانی خۆیان دەربخەن
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- زۆر سوپاسی دایک و باوک و ھاوسەرەکەم دەکەم لەگەڵ ڕاھێنەرەکانم ھەمیشە یارمەتی منیان داوە تاوەکو بەرەوو پێش بچم ، زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەرکردنەوەی بەردەوامی یاریزانانی شارەکانی کوردستان ھیوادارم بەردەوامن لە ناساندنی یاریزانان.

Top