پێشمەرگەی سلێمانی ئامادەیە
تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی ئەمساڵ بە گوڕو تینێکی بەھێزەوە دەیەوێت بچێتە نێو کیبرکێیەکانی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، تاکە ئامانجی دەستەی ڕاھێنەران و یاریزانان و کارگێڕی تیپەکەش گەڕانەوە یانەکەیە بۆ خولی نایابی کوردستان کە چەند سالێکە خەون بە خولەکەوە دەبینن، ئێستاش ھەموو چاوەکانی یانەکە لەسەر ئەوەن کە بتوانن بە باشترین شێوە ڕووبەرووی تیپەکانی تر ببنەوە ھەنگاو بۆ خولە گەورەکەی کوردستان بنێنن، لەبارەی ئامادەکارییەکانی تیپەکەش ئەرسەلان جەلال ڕاھێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی"ئەمساڵ خولی پلە یەکەکانی کوردستان بە دوو کۆمەڵەیە بۆیە یارییەکان ھەمووی گرنگی خۆیان ھەیە بۆ یانەکانی بەشداربوو، ئێمەش وەکوپێشمەرگەی سلێمانی دەمانەوێ تیپێکی باش پێکبھێنین کارەکانیشمان تەواو کردووە لە ڕووی ئامادەکارییەوە ھیچ گرفتێکی ئەوتۆمان نییە، ئەمساڵ دەمانەوێ ھیوایەکەمان بەدی بھێنین کەچەند سالێکە لە چاوەڕوانی ئەوەین بگەینەوە خولی نایابی کوردستان، ئەمساڵیش ھەموو ھەولێک دەدەین بۆ ئەوەی بگەینەوە خولە گەورەکەی کوردستان ، لەبارەی گرفتی دارایش گوتی" سەرجەم تیپەکان گرفتی داراییان ھەیە ئێمەش بەدەرنیین لەم گرفتە ئێستاش گرفتی دارایمان ھەیە ، بەڵام ئیدارەی یانەکە ھەوڵی خۆیان داوە بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی باشتر ئامادە بین، گوتیشی " گۆڕانکاریمان کردووە و چەندین یاریزانی خۆشمان ھێناوەبۆ ئەوەی تیپەکە بەھێز تر بکەین.
کارزان کانەبی
