رووداوە وەرزشییە ناوەخۆییەکانی ساڵی ٢٠١٧

رووداوە وەرزشییە ناوەخۆییەکانی ساڵی ٢٠١٧
رووداوە وەرزشییە ناوەخۆییەکانی ساڵی ٢٠١٧
لە ساڵی ٢٠١٧ھەرچەندە سالێکی ناخۆش بوو بۆ وەرزشکارانی کوردستان بەھۆی ئەوەی بارە داراییەی خراپەی کە ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردبوو بەشێکی زۆری وەرزشکارانی بێ ئومێد کردبوو لەم دۆخەی وەرزشی تێکەوتبوو، بەڵام وەرزشکرجن ھەر بەردەوام و چەندین رووداوی وەرزشی جۆراوجۆر ھەبوو ئێمەش بە شێکی لە رووداوە وەرزشییە ناوخۆییەکان باس دەکەین.
یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان
یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان دوای ئەوەی پلەی یەکەمی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی گرت.
دەستەبەرکردنی ناسناوەکە لەدوا گەڕی ئەو قۆناخە ھات کاتێک یانەی پێشمەرگەی ھەولێر سەرکەوتنی بەسەر یانەی کەرکووک تۆمار کرد، ھاوکات یانەکەی باباگوڕگوڕیش توانی پلەی دووەم بە دەستبھێنێت و یانەی شێروانە پلەی سێیەمی بەدەستھێنا و یانەی نەورۆزیش پلەی چوارەمی دەستخست.
باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان
دوای تەواو بوونی خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستان باشترینەکانی خولەکە دەستنیشانکران کە تێیدا رەوا یوسف یاریزانی پێشمەرگەی ھەولێر وەک باشترین یاریزانی خولەکە دیاریکرا و و دیار جومعە گۆڵپارێزی کەرکووک وەک باشترین گۆڵپارێز ھەڵبژێردرا و عەلی کاکە مینە ھێرشبەری شێروانە بەتۆمارکردنی نۆ گۆڵ بوو بە گۆڵکاری خولەکە.
دابەزینی یانەکانی گارە و دھۆک بۆ خولی پلە یەکی کوردستان
ھەردوو یانەی دھۆک و گارە بۆ خولی یانە پلە یەکەکان دابەزین، دوای ئەوەی پلەی کۆتایی کۆمەڵەکانیان لە خولی نایابی کوردستان گرت، دھۆک لە کۆمەڵەی یەکەم یاری کرد و گارەیش لە کۆمەڵەی دووەم.
ھەردوو یانەی سەید سادق و کفری سەرکەوتن بۆ ریزی پلە یەکەکان

لە خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان ھەردوو یانەی سەید سادق و کفری سەرکەوتن بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، ھاوکات یانەی سەید سادق بوو بە پاڵەوانی خولەکە دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا یانەکە بە ئامادەبوونی ھاندەرێکی زۆر لە یانەی کفری بردەوە و بوو بە پاڵەوان.
بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی وەرزی نوێی ٢٠١٧ ـ ٢٠١٨ی خولەکانی کوردستان
دوای چاوەروانییەکی زۆر یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بریاریدا خولەکانی کوردستان ئەنجامبدرێن.
دەستپێکردنەوەی خولەکان لە وەرزی نوێدا وەک ساڵانی ڕابردوو دەبێت، دوای ئەوەی بەھۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بەشێک لە خولەکان لە دوو وەرزی رابردوو ئەنجام نەدران، بەڵام وەرزی نوێ وەک بریاری لەسەردرا سەرجەم خولەکان بەھەموو جۆرەکانییەوە بەڕێوەبچن و، لەسەرەتاشەوە خولی فوتساڵی کچان دەستیپێکرد و دواتر خولی لاوانی نایابی کوردستان، بریاریشە خولەکانی پلە نایاب و پلە یەک و پلە دوو ئەنجامبدرێن.
کەرکووک و گازی باکوور لە خولی نایابی کوردستان کشانەوە
بەھۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئەو بارودۆخەی لە کەرکوک ھاتە ئاراوە، ھەردوو یانەی کەرکووک و گازی باکوور بریاریاندا لە خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی نوێ بکشێنەوە و بەشداری نەکەن، ھۆیەکەش بۆ ئەستەمی ئەنجامدانی یارییەکان لەشاری کەرکووک و ھاتنی تیپەکانی دیکە بۆ شارەکە گەڕاندەوە و چەندان ھۆکاری دیکە.
دوویانەی شاری سلێمانی پاشەکشەیان لە خولی یانەپەلەیەک و نایابەکان کرد
ھەردوو یانەی سلێمانی بەشدار لە خولی پلە یەکی یانەکانی کوردستان و سیروانی نوێ بەشدار لە خولی نایابی کوردستان ، بڕیاریاندا کەوا ئەمساڵ بەشداری کێبرکێییەکانی وەرزی نوێ خولەکانی کوردستان بە ھۆکاری تایبەت بە تیپەکانیان.
یانەی بروسک ستافی تازەی ڕاھێنەرانی دیاری کرد
دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو وەرزە تیپی تۆپی پێی یانەی بروسک بەشداری ھیچ کێبرکێیەکی لە خولی کوردستان نەکردبوو دابەزێنرابوو بۆ پلەی سێ دووی خولی کوردستان ، لەگەڵ دیاری کردنی ستافی تازەی کارگێڕی یانەکە تیپەکە بڕیاری دا بە دەستنیشان کردنی ھەریەک لە ڕاھێنەران ئامانج مەحمود و ھێرش عەزیز بۆ ڕاھێنەری تیپی تۆپی پێی و ڕاھێنەری گۆڵپارێز و تیپەکەش ھەڵستێنەوە و بگەرێنەوە دۆخی پێشووتری.
یانەی ھەولێر بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی عێراق دابەزی
بەفەرمی یانەی ھەولێر بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی عێراق دابەزی، دوای ئەوەی لەوەرزی رابردوو لەخولی نایابی عێراق پاشەکشەی کرد، ئەگەر چی بەر لە بریاری دابەزینی بۆ خولەکە ئەوەی باسی لێوەکرابوو یانەکە لە خولی نایاب بەشداری دەکات، بەڵام سوڕبوونی زیاتر لە ١٠ یانەی شارەکانی بەغدا و باشووری عێراق لەسەر دابەزاندی یانەی ھەولێر بریاری ھاتنەخوارەوەی یانەکەی قەڵاومنارە بوو بەفەرمی.
کۆچی یاریزانان بۆ تیپەکانی تر
ئەمساڵیش وەکو نەریتی ساڵانە کشانەوەی ھەلوێر ھەڵێکی باش بوو بۆ ئەوەی یانەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق چاویان لەسەر ئەستێرەکانی کوردستان بێت ، زۆربەی زۆری یاریزانانی یانەی ھەولێر ڕوویان لە تیپەکانی تری بەشدار لە خولی عێراقی کردو توانیان ڕۆلی کاریگەر ببینن لە خولی عێراق .
ھەڵبژاردن بۆ یانەکانی کوردستان ئەنجامدران
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧ دوای زیاتر لە چوار ساڵ ھەڵبژاردن بۆ یانەکانی کوردستان ئەنجامدار، ھەڵبژاردنەکەیش بۆ سەرۆک و جێگر و ئەندامانی دەستەی کارگێری بوو، بەڵام ئەوەی تێبینی کرا، زۆربەر سەرۆک و جێگیر و ئەندامانی یانەکان لەشوێنی خۆیان مانەوە.
بالەی پێشمەرگەی سلێمانی بووە پاڵەوانی خولی عێراق
دوای بەشداریکردنی تیپی بالەی پێشمەرگەی سلێمانی لەخولی بالەی یانەکانی عێراق، ئەو یانەیە توانی ناسناوەکە دەستەبەر بکات.
تیپەکەی سلێمانی لە قۆناخە جیاوازەکاندا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و دواتر لە خولی بژاردە وتوانی یانە بەھێزەکانی شاری بەغدا تێپەڕێنێت و جامی پاڵەوانیەتییەکە بۆ شاری سلێمانی بگوازێتەوە.
شەترەنجی خانزاد پلەی سێیەمی خولی نایابی عێراق بەدەستھێنا

یانەی شەترەنجی خانزاد دوای بەشداریکردنی لە پاڵەوانییەتی یانەکانی عێراق کە لە شارەکانی بەغدا و دیوانیە بەڕێوەچوو توانی پلەی سێیەمی پاڵەوانییەتییەکە دەستەبەر بکات، خولی نایابی شەترەنجی عێراق بەبەشداری ١٤ یانە بەڕێوەچوو.
بەچکە شێرانی خانزاد بوونە پاڵەوانی عێراق
دوای بەشداریکردنیان لە پاڵەوانیەتی شەترەنجی یانەکانی عیراق بۆ خوار تەمەنی ١٤ ساڵان، یانەی شەترەنجی خانزاد بە میدالیای زێڕەوە لە بەغداوە گەڕانەوە شاری ھەولێر.
بەچکەشێرانی تیپی خانزاد بە پێنج یاریزانەوە بەشدارییان کرد و توانیان لەسەرجەم یارییەکان ببەنەوە و پلەی یەکەم دەستبخەن.
باسکەی کچانی ھەڵەبجەی شەھید بوونە پاڵەوانی عێراق
تیپی باسکەی کچانی یانەی ھەڵەبجەی شەھید بوونە پاڵەوانی باسکەی کچانی یانەکانی عێراقی ، تیپی باسکەی یانەی ھەڵەبجە بۆ یەکمجار لە مێژووی خۆیان توانیان ئەو نازناوە بەدەست بھێنین ، رزگار رەئوفی ڕاھێنەر بۆ یەکەمجار توانی لەگەڵ یانەی ھەڵەبجە ئەو نازناوە بەدەست بھێنێت دوای ئەوەی توانی ڕکابەری یانەکانی تری شارەکانی عێراقی بکات.
ئاراممیر ساڵح زۆرانبازی کوردی بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی کرد
ئاراممیر ساڵح زۆرانبازی کوردی شاری ھەولێرو دانیشتووی ووڵاتی روسیا بەشداری چەندین کێبرکێ زۆرانبازی نێودەوڵ’تی کردو وەکو پاڵەوانێکی کورد بە ئاڵای کوردستان بەشداری کێبرکێ KWFکردو لە ووڵاتـی ئوردەن و روسیا و چەندین ووڵاتی تر بەشداری پاڵەوانیەتی زۆرانبازی کردو ئەنجامی بەرچاویشی بەدەستھێنا.
بادمنتۆنی یانەی ئەکاد بووە پاڵەوانی عێراق
یانەی وەرزشی ئەکاد کە نوێنەرایەتی شاری ھەولێری کرد لە پاڵەوانیەتی بادمنتۆنی عێراق کە لەشاری کەرکووک بەڕێوەچوو ، لەسەر ئاستی پلەی نایاب توانی براوەی پلەی یەکەم بێت و ناسناوی پاڵەوانیەتییەکە بباتەوە.
یانەی سلێمانی بووە پاڵەوانی تۆپی سەرمێزی یانەکانی کوردستان
تیپی سەرمێزی یانەی سلێمانی توانیان پلەی یەکەمی پاڵەوانییەتی یانەکانی کوردستان بەدەستبھێنن، دوای ئەوەی کۆنتڕۆڵی رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتییەکەیان کرد.
بۆ یەکەمینجار پاڵەوانیەتی تێنسی کراوە لەسەر ئاستی عێراق لە ھەولێر ئەنجامدرا

بۆ یەکەم جار لەمێژووی عێراق گەورەترین پاڵەوانیەتی تێنسی سەرزەوی لەشاری ھەولێر بەڕێوەچوو، پاڵەوانییەتییەکە بەبەشداری ٥٧ یاریزان ئەنجامدرا و تێیدا ئەکرەم موستەفا خاوەن پۆلینی یەکەمی عێراق بووە پاڵەوان و سان تەحسینیش وەک یاریزانیێکی کورد پلەی سێیەمی بردەوە.
بەرێوەچوونی پاڵەوانییەتی نێودەوڵەتی ئەسپسواری لە پایتەختی کوردستان
بەبەشداری چەندان ووڵات پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی ئەسپ سواری لەھەولێر بەرێوەچوو.
پاڵەوانیەتییەکە بەبەشداری وڵاتانی ئەڵمانیا - ھەنگاریا - ئەمریکا- عێراق - ئوردن و کوردستان ئەنجامدرا و ڕکابەرییەکانیش لە یانەی ئەسپ سواری ھەولێر بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.
بەرێوەچوونی شەشەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر
شەشەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر بەڕێوەچوو، بەڵام ئابڵوقەدانی ئاسمانی ھەرێم و ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتیەکان ڕێگربوو لەوەی ژمارەیەکی زۆر پێشبڕکێکار لە وڵاتانی دەرەوە بەشداری تێدا بکەن.
ئەوانەی بەشدارییان لە ماراسۆنەکەدا کرد ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠٠ کەس دەبوو و ھاوڵاتیانی ھەرێم و عێراق و ئاوارە و پەنابەرانی سوریا بەشدارییان تێداکرد.
ئەم ماراسۆنە و ئەوانەی پێشوو بە سەرپەرشتی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن ئەنجامدرا.
پاسکیلسوارانی یانەی کۆیە بەشداری لەپاڵەوانیەتی یانەکانی عەرەب کرد
تیپی پاسکیل سواری یانەی وەرزشی کۆیە لەپاڵەوانیەتی یانە پاڵەوانەکانی وڵاتانی عەرەبی بە بەشداری تیپی حەوت وڵاتی عەرەبی کرد و پاڵەوانیەتییەکەیش لەوڵاتی جەزائیر بەڕێوەچوو.
دوای تەواوبوونی پاڵەوانیەتییەکە تیپی پاسکیل سواری یانەی وەرزشی کۆیە ھیچ مەدالیایەکی بەدەست نەھێنا، بەڵام بەشداریکردنەکە ئەزموونی زیاتر بەیاریزانانی یانەکە بەخشی.
ھێمن مەھدی بەناوی کوردستان بەشداری لە پاڵەوانیەتی جیھانی تایکواندۆ کرد
‎لە ساڵی دوو ھەزاروشازدە ھێمن مەھدی قادر وەک یاریزانێکی تایکواندۆی کورد و بەناوی کوردستان، بەشداری لە پاڵەوانییەتی جیھانی تایکواندۆ لە وڵاتی کۆریا باشوور کرد کە تێیدا ٦٤ یاریزان رکابەرییان کرد.
‎ھێمن مەھدی لە رکابەرییەکانی کاشی شکاندن پشکداریکرد، دوای دەستپێکردنی پاڵەوانیەتییەکە وبڕینی قۆناخەکان یەک لەدوای یەک، توانی لەدواییدا و بەشکاندنی ١٢ کاشی ژمارەیەکی پێوانەیی بشکێنێت و پاڵەوانیەتییەکە بباتەوە و باشووری کوردستان بکاتە خاوە مێدالیای زێر
ئامادەکردنی کارزان کانەبی
Top