بەھیوای ئەوەم لە داھاتوودا بتوانم خزمەتێکی زۆری وەرزشی ووڵاتەکەم بکەم
بەھیوای ئەوەم لە داھاتوودا بتوانم خزمەتێکی زۆری وەرزشی ووڵاتەکەم بکەم
یاری تۆپی پێی تەنیا سەرنجی کوڕانی بۆ لای خۆی ڕانەکێشاوە بگرە کچە یاریزانانیش بە تامەزرۆیەکی زۆرەوە دێنە نێو یارییەکانی تۆپی پێی بە تایبەتی یاری فوتساڵ ، قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی خاوەن کۆمەلێک یاریزانی بەتوانان کە پاشە رۆژێکی پرشنگدار چاوەڕوانی ئەوان دەکات، یەکێک لە کچە یاریزانە بەتواناکانیش کچە یاریزانی ئاسیا عەبدوللایە ئەو لە دایک بووی ساڵی ٢٠٠٠ ناوچەی شارباژێرە ، بەڵام خۆشەویستی وەرزش وای لێ کردووە بە ھۆی نەبوونی یانە روو بکاتە سلێمانی لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یاری بکات و ئێستاش بەشێوەی خواستن ڕووی لە یانەی ئافرۆدێت کردووە ئێمەش لە نزیکەوەی چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*یاری فوتساڵ لە چ ئاستێکە ؟
-تاڕادەیەک ئاستێکی باشی بەخۆییەوە بینیوە بە گشتی دەتوانم بلێم باشتر دەبێت.
*چی وا لەم یارییە دەکات کە زۆر پێش نەکەوێت؟
-نەکردنەوەی پاڵەوانیەتی کاریگەری دەبێت چونکە تا زیاتر پەرە بەم یارییە بدەن ئاستی یاریزانان بەرەوو پێش دەچێت.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی فوتساڵی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-کردنەوەی خولی بەردەوام و گرنگیدان بە یارییەکانی تۆپی دەست و گرنگیدان بە ئاستەکانی تەمەن ئەوەش گرنگییەکی خۆی ھەیە .
*کێشەکانی یارییەکانی تۆپی فوتساڵ چیە بە گشتی؟
- گرفتی ئەم یارییە ئەوەیە کە گرنگی نادرێت بەم یارییە کەمی خول و پاڵەوانیەتی لە ووڵاتەکەمان ئەوەش ھەمووی گرفتە بۆ ئەم یارییە، جگە لە نەبوونی توانایی دارایی.
*لە ھیچ یانەیەک داوای یاری کردنت لێ نەکراوە؟
-تاکو ئێستا نەخێر.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-بەھیوای ئەوەم لە داھاتوودا بتوانم خزمەتێکی زۆری وەرزشی ووڵاتەکەم بکەم و ھەوڵبدەم ببمە باشترین یاریزان لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
- نەخێر ھیچ کات لەگەڵ ئەوەدانیم پشت بە یاریزانی دەرەوە ببەسترێت، چونکە لە کوردستان یاریزانی زۆر ئاست بەرز ھەیە کە دەتوانن جێگای یاریزانە بیانەکانیش پڕ بکەنەوە.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داواکارم گرنگی زۆر بە وەرزشی کچان بدرێت و بەرەوو پێش ببرێت و خول و پاڵەوانیەتی بۆ یاریزانان و تیپەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە وەرزش بێزار نەبن.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-تاکە خەونی من ئەوەیە بتوانم زۆرترین خزمەتی وەرزشی بکەم و بمە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی سەر ئاستی کوردستان.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
- بەخۆشحاڵیەکی زۆرە وە ئەمە نەک ھیوای منە ئەوە ھیوای ھەموو کوردێکە ، ھەموو ھیوای من ئەوەیە بتوانم درێسی ھەڵبژاردەی کوردستان بپۆشم.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی فوتساڵ عێراق داواکراوی؟
-بەلێ داوا کراوم.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
- بەھەریەک لە یاریزانان رۆنالدۆ و میسی و ڕامۆس.
* لە دەڤەرەکی ئێوە لە شارباژێر ھیچ یانەیەک نییە ئێوەی کچ کۆبکاتەوە بۆ وەرزش کردن؟
-نەخێر نییە ، بەڵام من وەکو حەزێکی خۆم کە وەرزشوانم ھاتوومەتە سلێمانی کردن بۆ یاری کردن.
*چۆن بوو بڕیارت دا لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یاری بکەی؟
- لە رێگای مامۆستاکەمەوە ڕووم کردە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و زۆریش دڵخۆشم لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست کە بەردەوام لە ھەموو شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەردەوام دایە بۆ خزمەت کردن بە بواری وەرزشی ھەر سەرکەوتووبن.
