ئاستی بالەی کچان زۆر لە خراپە

ئاستی بالەی کچان زۆر لە خراپە
شادیە عەلی یاریزانی تۆپی بالەی یانەی سیروانی شارەزوور
ئاستی بالەی کچان زۆر لە خراپە
پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید یەکێک لەو شارانەی کە ژمارەیەک یاریزانی کوڕ و کچی بەتوانایی تێدایە لە وەرزشە جیاجیاکان کە پاشەرۆژێکی زۆر باش چاوەڕوانی ئەوان دەکات، تیپی بالەی کچانی سیروانی شارەزووریش یەکێک لەم تیپانەی کە خاوەنی کۆمەلێک کچە یاریزانی بەتوانان لەسەر ئاستی کوردستان پاشەرۆژێکی باشیش چاوەڕوانی دەکات بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بتوانن ئەنجامی شایستە بەدەست بھێنن، یەکێک لە کچە یاریزانەکانیش شادیە عەلی ناوبراولە دایک بووی ساڵی ١٩٨٢ی گوندی بامۆکی سەر بە پارێزگای ھەڵەبجەیە پێشوتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی ڕانیەو کۆیە و سیروانی شارەزوور یاری کردووە دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی بەشی کارگێری ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی بالە چۆن دەبینی ؟
-ئاستی بالەی کچان زۆر لە دواوەیە ئەمەش لە کاتێکدایە کە خولی کوردستان بۆ ماوەی چەند سالێکە نەکراوەتەوە، ھۆکاری دەگەرێتەوە بۆ یەکێتی تۆپی بالەی کوردستان.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم ئاستی یاریزان بە باشی دەرناکەوێت ، وە یاریزان بێ ھیوا دەبێت لە یاری کردن ، تا پاڵەوانیتی زیاتر بێت یاریزان بەتواناتر و یاریزانی بۆ خۆشەویست دەبێت ئەمەش دەتوانێت توانا و تاقەی زیاتر بگربخرێت بۆ یاری کردن.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی بالەی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-لە رووی مادەییەوە پارە دبین بکرێت بۆ یانەکان و دواتر کردنەوەی خول لە روویەکی تر ھەڵبژاردنی باشترین یاریزانی کچان بۆ بەشداری پێکردنیان بۆ ھەڵبژاردەی عێراق ئەمەش لە کاتی ئەنجامدانی خولی کوردستان دەکرێت.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی بالە لە چی دەبینی؟
-گرفتی سەرەکی ئەم قەیرانە داراییە دواتر نەبوونی یاریگای تایبەت بە یانەکان رێگری لە یاریزانان دەکرێت بۆ بەردەوام بوون، نەکردنەوەی خولی تایبەتی یاری بالە لە کوردستاندا ئەوان ھەمووی گرفتن بۆ یاریزانان.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
- پێشووتر لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پێم وتراوە بۆ یاری کردن، بەڵام بەھۆی گرفتی ھات و چۆم ھەبووە نەمتوانیوە یانەکانی تریش پێیان گوتوومە بەڵام بە ھەمان گرفت نمتوانیوە بۆ ھیچ یانەیەک یاری بکەم.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
- بەھۆی تەمەنم رێگای یاریکردنم نادات، بەڵام ھەر بەردەوامم لە مەشقکردن لەگەڵ کچانی یانەکەم دەمەوێت خزمەتی زۆری خانمانی شارەکەم بکەم لە بواری وەرزشدا بۆ ئەوەی ئاستی وەرزشی خانمان بەرەووپێش بروات لە سەر ئاستی کوردستاندا.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-بەلێ چونکە شارەزای ڕاھێنەری بیانی زیاترە بۆ ئێمەی یاریزان سوود و تەکنیک و لیاقەی یاریزانان بەھێز دەبێت، ئەمەش وادەکات یاریزان زیاتر بەردەوام بێت لە یاری کردن.
*چۆن بوو یانەی سیروانت ھەڵبژاردووە؟
-گرنگیدان بە یاریزان ئەمەش لەم یانەدا بەدی دەکرێت ، لەلایەکی ترەوە سەرجەم ھاورێکانم لەم یانەیە یاری دەکەن ئەمەش ھۆکاری سەرکەوتنمانە.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-کردنەوەی خولی کوردستان و ھاوکاری کردنی دارایی بۆ یانەکان بە چاوێکی تر سەیری یارییەکانی بالە بکرێت.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-خەونی من بوو بەشداریکردن بوو لە دەرەوەی ووڵات لە پاڵەوانیەتیەک لەگەڵ ھەڵبژاردەی کوردستان.
*لە ھەڵبژاردەی عێراق داوا کراویت؟
-نەخێر داوا نەکراوم
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-شیلایا یاریزانی بەرازیلی
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم بەھیوای بەردەوامبوونت بۆ خزمەت کردن بە وەرزش کردن.

Top