ئاواتم ئەوەیە بەشداری پاڵەوانیەتی ئاسیا
ئاواتم ئەوەیە بەشداری پاڵەوانیەتی ئاسیا
تیپی بەرزکردنەوەی قورسایی یانەی وەرزشی ھەولێر ڕۆژانە بەردەوامن لە مەشقەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە تواناکان و ئەنجامەکانیان بەدەن لە خولەکانی عێراق و کوردستان و بگرە لەسەر ئاستی دەرەوەش یاریزانانی تیپەکەش لەر یزی ھەڵبژاردەی عێراق جێگای شانازی کوردستان و عێراقن کە ئەنجامەکانیان بەرچاوە یەکێک لەو کچە یاریزانانەی کە لە دواین پاڵەوانیەتی رۆژئاوایی ئاسیا توانی شەش مەدالیای زێر بەدەست بھێنێ ئەویش ئۆشین موحسینە یاریزانی تیپی بەرزکردنەوەی قورسایی یانەی ھەولێرو ھەڵبژاردەی عێراقە ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٨ی شاری ھەولێرە،لەماوەی ڕابردووش لە پاڵەوانیەتی عەرەبی پلەی دووەمی بەدەست ھێناو شەش مەدالیای زێر بۆ ماوەی ھەشت ساڵە پاڵەوانی عێراقە دواین پاڵەوانیەتیش کە بەشدار بووە پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاساییە بووە لە ووڵاتی ئوردەن لەسەر ئاستی شەش ووڵات پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە ئێمەش لە نزیکەوە چەندپرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* لە ناو ئەم ھەموو یارییە جۆراجۆرە چۆنە تەنیا ئاسنت ھەڵبژاردوە؟
-سەرەتای ھەڵبژاردنی ئەو یارییە دەگەرێتەوە بۆ ھاندان و پتشگیری باوکم ، چونکە باوکم ھەر لە کۆنەوە یاریزان و ڕاھێنەری بەرزکردنەوەی قورسایی بووە.
* ھەست ناکەی یارییەکی قورست ھەڵبژاردە بە تایبەتی بۆ ئێوەی ئافرەت؟
-ڕاستە یارییەکەی قورسە بۆ ئێمەی ئافرەت، بەڵام کە لە دڵەوە حەزت بەم شتە بێتە کە ئەنجامی بدەی ھیچ کێشەیەک نابێت.
* لە کاتی بەرزکردنەوەی مەترسی نییە بۆ سەر گیانی ئێوەی وەرزشکار، یاخود ھیچ کات دووچاری گرفتی نەکردویتەوە؟
-بێگومان ھەموو یارییەک باش و خراپی خۆی ھەیە یاریزانی بەرزکردنەوەی قورسایی شتێکی زەحمەتە لەکاتی بڵندکردنی وە ھەندێک جاریش دوویاری گرفتی ناخۆشی کردووین، بەڵام ئەم شتانە نابێتە رێگر لە بەردەوام نەبوونمان.
*ھەست ناکەی ئەم یارییە لە کوردستان گرنگی تەواوی پێ نەدراوە؟
-نەک ئەم یارییە بگرە ھەموو یارییەکان بە گشتی لە عێراق بە تایبەتی لە کوردستان گرنگیەکی ئەوتۆی پێنەدراوە بە ھەمان شێوەش یاری بەرزکردنەوەی قورسایی ھیچ بایەخێکی پێ نەدراوە.
* بە گشتی لە کوردستان چۆن دەڕوانیتە یاری بەرزکردنەوەی قورسایی؟
-یاری بەرزکردنەوەی قورسایی بە تایبەتی لە کوردستان بە گشتی شتێکی تازەیە خەڵک تا ئێستا بە تەواوی ئاشنایی ئەم یارییە نەبووە.
* وەکو دەزگا ڕاگەیاندنەکان چی بکەن باشە بۆ ئەوەی ئافرەتان ھۆشیار بکرێنەوە بۆ ئەوەی بێنە نێو بواری وەرزشی؟
-ھیوادارم دەزگا ڕاگەیاندنەکانیش خەڵک و یاریزانان بە تایبەتی ئافرەتان ھان بدەن بۆ ئەوەی بێنە نێو ژیانی وەرزشییەوە.
* گرفتی یارییەکانی بەرزکردنەوەی قورسایی لە چی دەبینی؟
-وەک یاریزانێک کەڵوپەڵی تەواومان نییە بۆ یاری کردن ، وە لە ھەمان کاتیدا کێشەی نەبوونی توانای دارایی چونکە یاری بەرزکردنەوەی قورسایی پێویستی بە خواردنی باش و پڕۆتینات ھەیە.
*وەکو وەرزشکارێک چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئەم یارییە زیاتر پێشوەچوون بەخۆیەوە ببینی؟
-ئەگەر بمانەوێت یاری بەرزکردنەوەی قورسایی بەرەووپێش بچێت دەبێت بەرنامەمان ھەبێت جگە لەوەش خوڵ و پاڵەوانیەتی بکەینەوە بەداخەوە تا ئێستا ھیچ پاڵەوانیەتیەک لە کوردستان نەکراوە حگە لە ئاستی عێراق نەبێ ، تا ئێستا نەمان بینیوە خولێکی تازەپێگەیشتوان یان لاوان بکەنەوە کەواتە چۆن یاری قورسایی پێش دەکەوێ لە کوردستان تەنیا یاری تۆپی پێی ھەیە یارییەکانی تر پشتگوێ خراون بۆیە ھەمیشە وەرزش لە کوردستان بە ھەموویارییەکانەوە بەرەوو دواوە دەچێت بەتایبەتی یاری بەرزکردنەوەی قورسایی.
*خەونی وەرزشی تۆ چیە وەکو وەرزشکارێک؟
-تەنیا ئاواتی من ئەوەیە بگەم بەم ئاستەی کە خۆم دەمەوێت و بەشداری پاڵەوانیەتی ئاسیا بکەم وەکو وەرزشکارێکی کورد.
*بەدەست ھێنانی شەش مەدالیای زێر لە پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیا چ ھەستێکی پێ بەخشی؟
-بێگومان ھەستێکی زۆر خۆشم ھەبوو چونکە بۆ ماوەی ھەشت ساڵە یاری دەکەم بە ئاواتی ئەوە بووم ببمە خاوەنی مەدالیای زێر سوپاس بۆ خوای گەورە شەش مەدالیای زێرم بەدەستھێنا.
* بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-ھەوڵدەدەم پاڵەوانی جیھان.
* یانەی ھەولێر تاچەند ھاوکارتنن؟
-تاڕادەیەک ھاوکارمانن.
* دەتەوێت چی بلێت لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ خزمەتکردنی بەردەوامی یاریزانان ھەر سەرکەوتووبن لە خزمەتکردن زۆر سوپاس بۆ دایک و باوک و ڕاھێنەرەکەم مامۆستا موحسین عەزیز کە زۆر ھاوکاریمان دەکات بەردەوامی من لە وەرزش لە سایەی ئەوە.
