وەرزشیش وەک کایەکانی تری ژیان بێ گرفت نییە

وەرزشیش وەک کایەکانی تری ژیان بێ گرفت نییە
ئەشواق حامد یاریزانی تۆپی بالەی یانەی دەربەندیخان
وەرزشیش وەک کایەکانی تری ژیان بێ گرفت نییە
لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا بەھۆی قەیرانی داراییەوە پاڵەوانێتی کەم دەکرێتەوە بۆ کچە وەرزشکاران، بەڵام لە قەزای دەربەندیخان کچە وەرزشکارانی ئەم شارە بە گەشبینیەوە دوا رۆژی خۆیان دەبینن بە ئامانجی ئەوەی بتوانن بگەنە لوتکەی وەرزشیی کوردستان، یەکێک لەم کچە وەرزشکارانەی کە خاوەن ئاستێکی بەرزە لە یاری تۆپی بالەی یانەی دەربەندیخان ئەویش کچە یاریزان ئەشواق حامد ، ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٩ی قەزای دەربەندیخانە و قوتابی قۆناخی ئامادەیە لە قەزاکە، ناوبراو خەونی زۆرە لەگەڵ یانەکەی و چاوی لەوەیە رۆژێک ببێتە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی لەسەر ئاستی کوردستان ، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ، ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو رووت لە بواری وەرزش کرد؟
-پێشووتر یاریزانی فوتساڵ بووم، بەڵام بەھۆی نەبوونی تیپی فوتساڵ لەم ناوچەیەی ئێمە ڕووم کردە یاری بالە بوومە یاریزانی تیپی بالە.
*بۆچی لەناوئەم ھەموو یارییە وەرزشیە جۆراوجۆرە یاری بالەت ھەڵبژارد؟
-بە پێی تێپەربوونی کات حەزەکەم گۆڕا و ئێستاش زۆر خۆشحاڵم کە یاریزانی یاری بالەم.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە کوردستان ؟
-تاڕادەیەک لە چاو یارییەکانی تر نییە و پشتگوێ خراوە ئەم یارییە.
*کردنەوەی کەمی پاڵەوانێتی ئێوە سارد ناکاتەوە لەم یارییە؟
- بە دڵنیاییەوە تاڕادەیەک بەلێ ساردمان دەکاتەوە چونکە تۆ ھەر مەشق بکە کە پاڵەوانیەتی نەبێت ، بێگومان تۆش بێزار دەبیت.
* چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەکانی کوردستان بەرز بکرێتەوە؟
-کردنەوەی خول و خزمەت کردنی یاریزانانی بالە و زیاتر گرنگی پێدانیان لە ئێستادا باشترین کارە بۆ بەرەوو پێشچوونی ئەم یارییە لە کوردستان.
* گرفتی وەرزشیی کوردستان لە چیدایە ؟
-وەرزشیش وەک کایەکانی تری ژیان بێ گرفت نییە، یەکێک لە گرفتەکانیش ئەوەیە بە درەنگی خول دەکرێتەوە کە ئەوەش کاریگەری زۆری ھەیە لە یاریزانان، نەبوونی توانایی دارایی و چەندین گرفتی تر.
* ھیچ یانەیەک گرێبەستی پێشکەش نەکردووی؟
-تاوەکو ئێستا بۆم نەھاتووە.
*گرفتی یاری بالە لە چی دەبینی لە شاری دەربەندیخان ؟
-لە دەربەندیخان گرفتێکی وا نییە، ئەوەی گرفتی درووست کردووە سەرەوەیە.
* بەھیوای چی لە ژیانی وەرزشیت؟
-بە ھیوام ببم بە یاریزانێکی زۆر باش خزمەتی شارەکەم و ووڵاتەکەم بکەم ، لە رێگای وەرزشەکەمەوە.
*بەرنامەت چیە بۆ داھاتوو؟
-بەرنامەم تەواو کردنی خوێندن و زیاتر باشترکردنی ئاستمە لە یارییەکەی خۆم.
*قەیرانی دارایی تاچەند کاری کردۆتە سەر ئەم یارییە و یانەکەتان؟
-قەیرانی دارایش تاڕادەیەکی زۆر کاری کردۆتە سەر وەرزش، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێمە ھەر بەردەوامین لە گەیاندنی پەیامەکەمان.
*لە رووی کۆمەڵگاوە تاچەندە شارەکەی ئێوە ھاوکارە بۆ وەرزش کردن؟
-لە ڕووی کۆمەڵگاوە تا ڕادەیەک سەرەتا زەحمەت بوو، بەڵام ئێستا زۆر باشە و خێزانەکەم زۆر پاڵپشتم دەکەن.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ بەسەرکردنەوەتان ، بەھیوای کاری باشتر و زیاتر خزمەت کردنی یاریزانانەکانە گوڵانیش ڕۆلێکی کاریگەری بینیوە لە خزمەت کردنی یاریزانان لە شارەکانی کوردستان.

Top