لە ڕابردوو پرۆژەی زۆرم ئەنجامداوە لە بواری وەرزش
لە ڕابردوو پرۆژەی زۆرم ئەنجامداوە لە بواری وەرزش
قەزای ڕانیە یەکێک لەو قەزا بەفراوانانەی کە ناوچەیەکی بەرفراوان لە خۆ دەگرێت خاوەنی چەندین وەرزشکارانی بەتوانایە لە سەر ئاستی کوردستان لە یارییە جۆراوجۆرەکان تیپی بالەی یانەی ڕانیەش یەکێک لەم تیپانەی کە خاوەنی ژمارەیەک لە یاریزانانی بەتوانایە لەسەر ئاستی کوردستان، یەکێک لەم کچە یاریزانانەش سەنگین قادرە ئەو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٢ی شاری ڕانیەیە و بۆ یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانیش یاری کردووە جگە لە یاری بالە چەندین یاری تری وەرزشی ئەنجام دەدات، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی بالە چۆن دەبینی ؟
- ئاستی یاری بالە لە ئێستادا لە ئاستێکی نزمدایە ھۆکاری یەکەمیش قەیرانی داراییە ئەمەش وای کردووە ھیچ خولێک نەبێت و ئاستی بەرەووپێش نەڕوات.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-بەھۆی ئەنجامنەدانی پاڵەوانیەتی ھۆکارێکی گرنگە کەوا دەکات یاریزان دووربکەوێتەوە لە مەشق و ڕاھێنان بەمەش ھەم ئاستی یاریزانان و ھەم بە گشتی ئاستی بالەش ڕوو لە کزبوون و نەمان دەچێت، بە نموونە ئێمە کچانی ڕانیە لەو کاتەی پاڵەوانیەتیەکانی کوردستان وەستاون ڕاھێنانەکانمان ئەنجام نادرێت .
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی بالەی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
- پێویستە یانەکان و لێژنەی پاڵەوانیەتیەکان سپۆنسەر وەربگرن لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی بتوانن ساڵانە ھەر چی نەبێت چەند پاڵەوانیەتیەک بۆ ئاستەکانی تەمەن ئەنجام بدەن داھاتێک بونیات بنێن بۆ خۆیان بتوانن ھەم یاریزانی باش بێنە ریزەکانیان ھەم بتوانن خولەکان ئەنجام بدەن.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی بالە لە چی دەبینی؟
- قەیرانی دارایی و نەبوونی خوڵ ئەمانە گرفتن بە پلە یەک بودجەی یانەکان و دواتریش کەسی شیاو لە شوێنی شیاو کە لەم کوردستان ھۆکارێکی تری تێکدەرە بۆ ھەموو بوارەکان.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
- بەڵی لە یانەی ڕاینەش گرێبەستم پێشکەش کراوە لە ھەریەک لە یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و کلیلی دەروازەش بۆم ھاتووە.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
- لە ڕابردوو پرۆژەی زۆرم ئەنجامداوە لە بواری وەرزش و لە بواری جیاجیای تریش وە ھەر بەردەوامم لە داھاتووشدا پرۆژەی ترم دەبێت بەردەوام حەزم لە نوێگەرییە.
* تۆ لە یەک کاتدا چەند کارێکی وەرزشی ئەنجام دەدەی بۆ نموونە ڕاھێنەری تۆپی پێی و خولی پاسکیلس واریش بەرێوە دەبی لەکامە وەرزش خۆت بەسەرکەوتوو دەزانی؟
-بەلێ لە ڕانیە لە لە چەند بوارێکی وەرزشی کار دەکەم، بەڵام لە ھەموویان زیاترحەز دەکەم گرنگی بە یاری بالە و باسکە و تۆپی جەست بدەم لە سنورەکەمان ھەر کارێکم کردبێت بەوپەری دڵسۆزییەوە کردوومە بۆیە ھەر کامێکیان بکەم دڵنیام سەرکەوتووم چونکە کارەکانم خۆشدەوێ.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
- نەخێر چونکە خۆمان ڕاھێنەر و یاریزانی سەرکەوتوومان ھەیە ئەگەر بھێلن بە ئارەزووی خۆیان کاربکەن دڵنیام سەرکەوتنی گرنگ بەدی دێت.
*چۆن بوو یانەی ڕانیەت ھەڵبژاردووە؟
-خۆم لەم شارە دەژیم و حەزیشم دەکرد بتوانم ناوی شارەکە لە ریزی یانە سەرکەوتووەکانی کوردستان ببینم کە یانەی ڕانیەش لە نایابی کوردستانە ئەمەش جێی خۆشحاڵیمە
*خەونی وەرزشیت چییە وەکو یاریزانێک؟
-خەونم ئەویە بتوانم ھەرچی یارییە جیاوازەکانە لە کوردستان ئەنجام بدەم و پاڵەوانیەتیان بۆ بکەمەوە .
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داوام وایە لە بەرپرسان خەونی گەنجان بەدی بھێنەوە گڕو تین بخەنەوە ناو دونیای پێشبڕکێ .
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-ئەمە ھیواو خەونی ھەموو یاریزانێکە بەھیوام ھەڵبژاردەی کوردستان بونیات بنرێتەوە و منیش یەکێک بم لە یاریزانەکانی .
*بەرنامەت چییە بۆ وەرزشی شاری ڕانیە؟
-بەرنامەی بەردەوامم ھەیە ھەمیشە ھەوڵ و جوانی خۆشیم بۆ شارەکەمە جگە لە بواری وەرزشی من لە بواری جیاجیای تریش ھەوڵ بۆ شارەکەم دەدەم.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەرکردنەوەی یاریزانانی شارەکانی کوردستان بە بێ جیاوازی بە ھیوام ھەڵبژاردەی بالەی کوردستانیش ببێتە یەکێک لە ھەڵبژاردەکانی جیھان.
