پارێزگاری ھەولێر پێشوازی کرد لە سەرۆکی رێکخراوی یارییەکانی ئاشتی جیھانی
نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر پێشوازی کرد لە دکتۆر ئیڤ ئەنجیلۆ سەرۆکی رێکخراوی یارییەکانی ئاشتی جیھانی و عەبدولحەکیم عیسا جێگری سەرۆکی رێکخراوی ناوبراو .
لە دیدارێکدا تیشک خرایە سەر رەوشی وەرزشی و رۆشنبیری و کلتووری لە ھەرێمی کوردستان و شاری ھەولێر ، کە جوڵەیەکی کاریگەر بوونی ھەیە بۆ زیاتر برەو دان بە تواناکانی لاوان لە ووڵات .
بڕیاردرا لقێکی رێکخراوی یارییەکانی ئاشتی جیھانی لە ھەولێر بکرێتەوە کە ھاریکار دەبێت بۆ زیاتر پێشخستنی بواری وەرزشی لەھەرێمی کوردستان ، بەڵێنی ھەماھەنگی زیاتر درا لەنێوان پارێزگای ھەولێر و رێکخراوی ناوبراو .
جێی باسە جگە لە وەرزش ئەو رێکخراوە پەرە بە بوارەکانی رۆشنبیری و کلتووری و ھونەری و فیکریش دەدات کە ناوبانگێکی باشیان ھەیە لەسەر ئاستی جیھان لە رێکخستنی ڤیستیڤاڵی جۆراو جۆر .
