بە پێی پێویست گرنگی بە یاری بالە نادرێت
بە پێی پێویست گرنگی بە یاری بالە نادرێت
یانەی وەرزشیی پێشمەرگەی سلێمانی یەکێک لەم یانانەی کە گرنگییەکی زۆر بەسەرجەم یارییە کۆمەڵەکان و تاکەکان دەدات لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقی لە زۆربەی پاڵەوانیەتیەکان لە ریزی یانە پلە نایابەکانە، تیپی بالەی یانەکەش یەکێک لەم تیپانەی کە خاوەن کۆمەلێک یاریزانی بەتوانایە کە پاشەرۆژێکی باش لە چاوەڕوانی ئەواندایە ، یەکێک لەکچە یاریزانە لاوەکانیش کچە یاریزان شنە محەممەدە ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ھەردوو خولی نایابی تۆپی بالەی کوردستان و عێراقیش ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٥ی شاری سلێمانیە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی بالە چۆن دەبینی ؟
-ئاستی یاری بالە تاڕادەیەک باشە، بەڵام بە پێی پێویست گرنگی بەم یارییە نادرێت.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-ئەوەی ڕاستی بێت کاریگەری زۆری ھەیە بە ئەنجامنەدانی پاڵەوانیەتی ئاستی یاریزانانیش لەم یارییە بەر ێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت ئەوش دەبێتە ھۆکار بۆ دابەزینی ئاستی ئەم یارییە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی بالەی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-پێویستە پاڵەوانیەتی بکرێتەوە بۆ ھەموو شارەکانی کوردستان، گرنگی پێویست بدەن بە یاری بالە ، چونکە یاریزانی باش ھەیە لە شارەکانی کوردستان بۆ ئەوەی بەردەوام بن و ئاستیان دانەبەزێت ئەوانە ھەمووی پێویستە ئەنجام بدرێت.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی بالە لە چی دەبینی؟
-نەبوونی پاڵەوانیەتی و پێداویستی و نەبوونی ھۆڵی وەرزشی ئەوانە ھەمووی گرتن بۆ ئەم یارییە .
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-نەخێر ھیچ گرێبەستێکم پێشکەش نەکراوە،بەڵام لە خولی کوردستان یاریم بۆ یانەکانی تر کردووە، ئێستا تەنیا یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانیم و پەیوەستم بەم تیپە.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-بەھیوای ئەوەم ببمە یەکێک لە یاریزانە باشەکانی شارەکەم ئەگەر تەمەن رێگام بدات.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر بە ھیچ شێوەیەک ، چونکە ڕاھێنەر و یاریزانی باشمان ھەیە ئەگەر گرنگی بەتواناکانیان بدرێت و پشتگیریان بکرێت.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت وەکو یاریزان؟
-لەسەڕەتای دەستپێکی ژیانی وەرزشیم لە یانەی پێشمەرگە بوومە و حەزم کردووە خزمەت بەمە یانەیە بکەم لە ژیانی وەرزشیم.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-پیشنیاردەکەم زیاتر گرنگی بدەن بە لایەنی وەرزش بەتایبەتی بۆ کچان وکردنەوی پاڵەوانیەتی بۆ زیاتر ئاشنابوونی یاریزانەکان و پشتگیری تەواوی وەرزش بکرێ لە کوردستان.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-خەونی من ئەوەیە کوردستانیش ببێتە یەکێک لەم وڵاتانەی کە پاڵەوانیەتیە گەورەکانی تێدا بەرێوە بچێت، ببینە نموونەیەک بۆ ئەو خانمانەی ئارەزووی وەرزش دەکەن و ناتوانن بێنە ناو وەرزش یان ھەر بوارێک بێت ، بتوانین ئەو ئامانجەی ھەمانە بیھێنینە دێ گرنگ نییە چ ڕەگەزێک خزمەت بکات ، دەمانەوێت ھەوڵدانبێت بۆ خزمەتکردن بە شارەکەمان.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-خۆشترین ھەستی من ئەوەیە ببمە یەکێک لە یاریزانانی ھەڵبژاردەی کوردستان.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی بالەی عێراق داواکراوی؟
-تا ئێستا نەخێر.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-بە یاریزانی جیھانی جیبا.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خزمەتە بەردەوامەی کە بە کچ و کوڕە یاریزانانی شارەکانی کوردستان دەکات بەردەوام بن.
فؤتؤ/ دانا بةكزادة
