یانەی خانزاد پەرە بەتوانایی یاریزانەکانی دەدات
یانەی شەترەنجی خانزاد لەپێناو باشتر کردنی توانای تیپەکانی تازەپێگەیشتوان و لاوان و پێشکەوتووان، گرێبەستێک لەگەڵ ٢ راھێنەری بیانی واژۆدەکات. دوای ئەوەی یانەی شەترەنجی خانزاد نازناوەکانی خولی یانە پلە نایابەکان و جامی عێراقی بەدەستھێنا، ئەو یانەیە بیری لەوە کردەوە کە پەرە بە ئاستی شەترەنجزانانی بدات لەھەموو ئاستەکاندا، ئەویش بە ھێنانی ٢ راھێنەری بەناوبانگی ئێرانی کە شارەزاییەکی زۆری لەبواری راھێنەرایەتییەوە ھەیە و لەم کاتەشدا چەندین شەترەنجزانی بەتوانای ئێران لەژێر راھێنەرایەتی ئەودان، لەمبارەیەوە دلزار حەمەساڵح سەرۆکی یانەی شەترەنجی خانزاد رایگەیاند کە ھاوکات لەگەڵ بەدستھێنانی چەند نازناوێک لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبی، د. شاکر سمو بەڕێوەبەری گشتی وەرش و لاوان بەڵێنی پێداین کە ھاوکارمان بێت لە ھەرچی زیاتر پێشخستنی تواناکانی یاریزانەکانمان ، ئەوەبوو ئەو بەڵێنەی بەجێگەیاند و ئێستاش ئەو دوو راھێنەرە بیانییە کە خەڵکی وڵاتی ئێرانن بە ناوەکانی ( حامد موسەویان و خانمی میھرنوش) و لەسەر ئەرکی بەڕێزیانەوە گرێبەستمان لەگەڵدا مۆرکردوون، بەپێی ئەو گرێبەستەش ئەو دوو راھێنەرە لە ١٩ی ئەم مانگەوە دێن و بۆ ماوەی دوو ھەفتە راھێنان بە تیپەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان و پێشکەوتووان دەدەنەوە لەھەردوو ئاستی کوڕان و کچان، ھەروەھا لەو گرێبەستەشدا ھاتوو کە ئەو دوو راھێنەرە کار بۆ دانانی بەرنامە و پلان بۆ راھێنەرانی یانەکەمان دەکەن کە دوای ئەوان سوود لە شارەزاییەکانی چۆنێتی ئەرکی راھێنەرایەتی وەرگرن. جێی باسە سەید حامد موسەڤیان لە دایکبووی رەشتە لە شیمالی ئێران، لەتەمەنی ٤ ساڵی دەستی بە شەترەنج کردووە و کاتێک تەمەنی بووەتە ٥ ساڵ توانیویەتی ببێتە پاڵەوانی تازە پێگەیشتوانی ئێران، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ یاریزانی ھەڵبژاردەی ئێران بووە و خاوەنی چەندین نازناو و دەسکەوتە، لەوانە میدالیای برۆنز لە پاڵەوانێتی ئەکادیمیای جیھان، دوو جار میدالیای زێڕی پاڵەوانێتی ئاسیای بەدەستھێناوە، میدالیای برۆنز لە پاڵەوانێتی جیھان بۆ تەمەنەکان، یەکێکە لەو شەترەنجزانانەی کە خاوەنی زۆرترین جەماوەرە لە وڵاتی ئێران و زۆرێک لە شەترەنجزانە لاوەکان لە ژێر راھێنەرایەتی موسەویانەوە پێگەیشتوون و ئەمڕۆکە خاوەنی ریتینگی بەرزبەرزن.
کارزان کانەبی
