ژمارەیەک کچە یاریزانی کورد ڕوو لە یانەیەکی عێراقی دەکەن
دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو ژمارەیەک لە کچە یاریزانان و دەستەی ڕاھێنەرانی تیپی فوتساڵی یانەی ئافرۆدێت ریزی یانەکەیان جێھیشت و پەیوەندییان بە ھیچ یانەیەک نەکردووە مەشقەکانیشیان بە شێوەی سەربەخۆ ئەنجامداوە دواجار یانەیەکی بەغداد ھەشت کچە یاریزان و دەستەی ڕاھێنەرەکەیان ڕازی کرد بۆ یاری کردن بە ناوی یانەی شورتەی شاری بەغداد لە خولی تۆپی پێی عێراقی بۆ ئاستی کە بڕیارە لە مانگی داھاتوو بەرێوەبچێت لەم بارەشەوە عەباس فەرەج ڕاھێنەری پێشووی یانەی ئافرۆدێت بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" یانەی شورتەی بەغداد بۆ یەکمجار دەیەوێت تیپێکی تۆپی پێی کچان درووست بکات لە یاریگای گەورە بۆ ئاستی کچان بڕیارە لە مانگی ھەشت یارییەکانی بەرێوەبچێت، کارگێڕی یانەکەش دەیەوێت تیپێکی بەھێز و تۆکمە درووست بکات، لە شاری سلێمانیش قسەیان لەگەڵ ئێمە کردووە بۆ ئەوەی تیپەکەیان بۆ درووست بکەین و داوایان لە خۆم وەکو ڕاھێنەر و مامۆستا سەلام عومەر یاریدەدەری ھەڵبژاردەی تۆپی پێی کچانی عێراق و حەوت کچە یاریزان کردووە بۆ ئەوەی یارییان بۆ بکەین، سەرەتا گرێبەستەکە بۆ ماوەی سێ مانگە دواتریش ئەگەر ئێمە شوێنی مانەوەمان و ئەوانمان بە دڵ بوو دەمێنینەوە و بەردەوام دەبین، ئەگەر پێشمان باش بوو گرێبەستمان نوێ دەکەین و بە ئیدارەی تیپەکەشمان ڕاگەیاندووە کە مەشقەکانمان لە سلێمانی دەست پێکردووە، بڕیاریشە چەند یاریزانێکی تریش پەیوەندیی بە تیپی شورتە بکەن جگە لە ھێنانی ژمارەیەک لە یاریزانانی پیشەگەری بیانی تاکو ئێستاش چوار یانە ئامادەیی نیشاندنی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ بەشداری کردن لەم خولە ،یەکێتی تۆپی پێی عێراقیش دەیەوێت ژمارەی تیپەکان زیاتر بێت، ئێستاش وەکو دەستەی ڕاھێنەرانی خەریکی ئەنجامدانی یەکە مەشقیەکانی تیپەکەین.
کارزان کانەبی
