خولی تۆپی دەستی کچانی یانەکانی ھەولێر بەرێوە دەچێت
بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە یارییەکانی تۆپی دەستی کچان لە سنوری پارێزگای ھەولێرو بەرەووو پێشبردنی ئاستی ئەم یارییە لە شاری ھەولێر یەکێتی تۆپی دەستی لقی ھەولێر وەکو بەرنامەی ساڵانەی خۆی و خزمەتکردنی کچە یاریزانانی شاری ھەولێر کە ماوەیەکی زۆرە ھیچ خوڵ و پاڵەوانیەتیەکیان بۆ نەکراوەتەوە بە ھۆی ئەم قەیرانە داراییەی ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە بۆیە یەکێتیەکە دوای ئەوەی پاڵەوانیەتی یانەکانی کوڕانی سنوری پارێزگای ھەولێری ئەنجامدا ئێستا لە بەرنامەی دایە لە سەرەتای مانگی داھاتوو یارییەکانی خولی کچان بەرێوە ببات، لەم بارەشەوە سامان ئیبراھیم سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتی تۆپی دەستی کوردستان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" ئامانجی ئێمە خزمەت کردنی بەردەوامی یاری تۆپی دەستیە لە سنوری پارێزگای ھەولێر بۆیە پێشووتر خولی تۆپی دەستی کوڕانمان ئەنجامدا، ئێستاش یانەکانی سنوری پارێزگای ھەولێرمان ئاگادار کردۆتەوە بۆ بەشداری کردن لە خولی تۆپی دەستی یانەکانی ھەولێر بۆ ئاستی کچان، تاکو ئێستاش چوار بۆ پێنج یانە ئامادەکاری ئەوەیان نیشان داوە بۆ بەشداری کردن لەم خولەکە گرنگە کە ماوەیەکە کچانی شاری ھەولێر لە چاوەڕوانی ئەم پاڵەوانیەتیەن، لەبارەی وادەی دەستپێکردنی خولەکەش سامان گوتیشی" ئێمە ماوەیەکە ئامادەکاری ئەوەمان کردوە خولەکە دەست پێ بکەین، بەڵام بەھۆی بەرز بوونەوەی پلەکانی گەرمی لە شاری ھەولێر کاتەکەمان دواخست بۆ سەرەتایی مانگی داھاتوو بۆ ئەوەش ئامادەکاری تەواومان کردووە دەمانەوێت خولێکی سەرکەوتوو بەرێوە ببەین، تاکو ئێستاش ھیچ کێشەو گرفتێکمان نییە لە ھیچ روویەکەوە بەھیوای ئەوەین زۆرترین تیپی کچان بەشداری بکەن لە سەر ئاستی یانەکانی ھەولێر.
کارزان کانەبی
