نەکردنەوەی پاڵەوانیەتی ھۆکارێکە بۆ وازھێنانی کچان لە یاری فوتساڵ

نەکردنەوەی پاڵەوانیەتی ھۆکارێکە بۆ وازھێنانی کچان لە یاری فوتساڵ
لەنیا سەدیق یاریزانی تۆپی فوتساڵ
نەکردنەوەی پاڵەوانیەتی ھۆکارێکە بۆ وازھێنانی کچان لە یاری فوتساڵ
شاری سلێمانی لە مێژووی وەرزشی خۆی خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە لە ھەردوو ئاستی کوڕان و کچان ، یانەی وەرزشیی ئەفرۆدێت یەکێک لەم یانانەی کە تایبەتە بە یارییەکانی ئافرەتان لە شاری سلێمانی و تیپی تۆپی فوتساڵی یانەکەش یەکێک لە تیپە ھەرە بەھێزەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە و کچە یاریزانانی بەتوانایە بەڵام بەھۆی گرفتیان لەگەڵ کارگێڕی یانەکە ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانانی یانەکە ریزی تیپەکەیان جێھێشتووە و تاکو ئێستاش نەچوونەتە ھیچ یانەیەک ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان لەنیا سەدیق ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ھەردوو خولی نایابی تۆپی پێی کوردستان و عێراقیش ئێستاش لەگەڵ ھیچ یانەیەک یاری ناکات تەنیا لەگەڵ تیپەکەی ڕاھێنەر عەباس فەرەج ماوەتەوە، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٨ی شاری سلێمانیە و قوتابی لە زانکۆی سلێمانی ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ چۆن دەبینی ؟
-تاڕادەیەک بەرەووپێشچووە لە چاو ساڵانی پێشووتر ، بەڵام ھێشتا لە ئاستی پێویست نییە.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-بێگومان کاریگەری دەبێ لەسەر ئاستی یاریزانان و یانەکانیش، نەکردنەوەی پاڵەوانیەتی ھۆکارێکە بۆ وازھێنانی کچان لە یاری فوتساڵ.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی فوتساڵی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-پێم باشە زیاتر گرنگی بە کچە وەرزشکاران بدرێت ، ھیواداریشم کچان زیاتر پەرە بەم یارییە بدرێت تواناکانیان زیاتر بەرەووپێش بچێت.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی فوتساڵ لە چی دەبینی؟
-گرفتی ئەم یارییە لەوەدایە کەوا خول و پاڵەوانیەتی بە بەردەوام ناکرێتەوە، ئەم چەند ساڵە خول بە کەمی کراوەتەوە ئەوەش گرفت بۆ یاریزانان درووست دەکات و دەبێتە ھۆی بێزاری.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-نەخێر چونکە من سەرەتایی دەستپێکردنمە.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-بەنیازی ئەوەم داھاتوویەکی گەورە بۆ خۆم درووست بکەم بە پشتیوانی ڕاھێنەر و یاریزانانی ھاورێم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر ھیچ کات لەگەڵ ئەوە نیمە پشت بەتوانای یاریزانی بیانی ببەسترێ چونکە یاریزانانی شارەکانی کوردستان ئاستیان زۆر بەرزە ئەگەر گرنگی تەواویان پێ بدرێت.
*بۆچی یانەی ئەفرۆدێتان جێھیشت؟
-بەلێ ھەرچەندە من ماوەیەکی کەمە پەیوەندم بەم یانەیە کردوە ، بەڵام ھۆکاری پەیوەندی کردنم بەھۆی ڕاھێنەرەکەم بوومامۆستا عەباس، پشتگیری تەواومان نەبووە جگە لەم ڕاھێنەرە ، بۆیە بڕیارماندا لەگەڵ ئەوە بین .
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-ھیوادارم گرنگی زیاتر بە وەرزش بدرێت ، خزمەتی زیاتری کچە وەرزشکاران بکرێت لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-خەونی من تەنیا خزمەت کردنە بە وەرزشی شاری سلێمانی.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-بەلێ بێگومان ئەوە خەونی من و ھەموو یاریزانەکانی ترە کە ئەم ھەوڵە بدەین و ئێمەش خزمەتی زیاتر بکەین لە رێگای ھەڵبژار دەکەمان.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق داواکراوی؟
- بەلێ داواکراوم.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-زۆر بە ئاستی کریستانۆ رۆناڵدۆ سەرسامم و حەز دەکەم بگەمە ئاستی ئەو.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان کە ھەموو کات جێگای رێزی ئێمەن چونکە بەردەوام لە خزمەتی وەرزشکارانی شارەکانی کوردستانن بە بێ جیاوازی، سوپاس بۆ مامۆستا عەباسی ڕاھێنەرەکەم کە زۆر ماندووە لەگەڵمان.

Top