ئارسیناڵ بۆ گواستنەوەی لاكازێت بری 60 ملیۆن پاوەندی تەرخان كردووە
رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی رایگەیاندووە، ئارسیناڵ 60 ملیۆن پاوەندی لە جێگەی 48.7 ملیۆن پاوەند بۆ یانەی لیۆن پێشنیازکردووە بۆ ئەوەی دەستبەرداری یاریزانە فەرەنسییەکە ببێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانیش، لاکازێت یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئارسین ڤینگەرە، دوای ئەوەی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بۆ ئەو یانەیە بووە ئەرکێکی زەحمەت، لەکاتێکدا چەندین یانە داوای ئەو یاریزانە دەکەن.
پێشتر ئەلیکساندەر لاکازێت ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ ئەوەی ریزەکانی لیۆن لەم هاوینەدا بەجێبهێڵێت، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانیش هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی یاریزانەکە بباتە ریزەکانی، بەڵام بەهۆی سزادانەوە یانە ئیسپانییەکە نەیتووانی ئەو یاریزانە بەدەستبهێنێت.
ئەلیکساندەر لاکازێتی 26 ساڵ، لەساڵی 2010ەوە لە تیپی یەکەمی یانەی لیۆن یاریدەکات و لە 276 یاریدا 129 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە.
محمد سلێمان
