سانچێز لە یانەیەكی دیكەی پریمەرلیگ دەردەكەوێتەوە

سانچێز لە یانەیەكی دیكەی پریمەرلیگ دەردەكەوێتەوە
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئینگلتەرا بەگرنگییەکی زۆرەوە باسی گواستنەوەی ئەلێکسیس سانچێز، یاریزانی یانەی ئارسیناڵ بۆ یانەی مانچێستەر سیتی دەکەن و رایانگەیاندووە ئەو یاریزانە تەنیا هەنگاوێک لە پەیوەندیکردن بە یانەکە دوورە.

بەپێی هەواڵی مێدیاکانی ئیسپانیا گرێبەستی گواستنەوەی سانچێز بۆ ستیزنز دەگاتە 57 ملیۆن یۆرۆ، یاریزانە چیلییەکە هەفتانە 313 هەزار یۆرۆ وەک مووچە وەردەگرێت و ساڵانە دەکاتە 16 ملیۆن یۆرۆ.

مانچێستەر سیتی بۆ گواستنەوەی سانچێز رکابەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەکات، پێپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەری یانەکەش دەیەوێت ئەو یاریزانە رازیبکات پەیوەندی بە یانەکەیەوە بکات و جارێکی دیکە لەژێر سەرپەرشتی ئەو یاریبکات.

گرێبەستی ئەلێکسیس سانچێز لە هاوینی 2018 کۆتاییدێت و بەهۆی کێشەی دارایی لەگەڵ دەستەی کارگێری یانەکە ئەگەری زۆر هەیە گەنەرز ئەو یاریزانە لەدەستبدا، لەکاتێکدا پێشتریش کێشەی لەگەڵ ئارسین ڤینگەر، بەڕێوەبەری هونەری یانەکە هەبوو.

محمد سلێمان
Top