یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی چەند بریارێك دەدات

یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی چەند بریارێك دەدات
دەستەی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (FIFA) لە شاری مەنامە لە بەحرێن دوێنی كۆبوونەوەیەكی گرنگی ئەنجامدا بەمەبەستی ئامادەكردنی ئەم بابەتانە، كە لە كۆبوونەوەی ساڵانەی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (كۆنگرس) دەخرێتە دەنگدان، كە تیاییدا چەندین بابەتی گرنگ باس كرا بەمشێوەیە:
- بریاردرا لەسەر پەسندكردنی هەندێم بابەتی گرنگ، كە مەرجە هەر وڵاتێك ئارەزووی پێشكەشكردنی یارییەكانی جامی جیهانی (2026) هەیە ئامادەی بكات وەكو (مافی مرۆڤ، پاراستنی ژینگە، پاڵپشتی حكوومەت، ئامادەكردنی نەخشەی میوانداریكردن) لەگەڵ بوونی ژێرخانی وەرزشی بەنوێترین سیستەم.
هەروەها بریاردرا بەپشت بەستن بە پێشنیاری یەكێتی تۆپی پێی كەندا و ئەمەریكا و مەكسیك، هەریەكە لە وڵاتانی كیشوری (ئەفریقیا، ئەمریكای باشوور و ناوەراست و كارایبی، ئەمەریكای باكوور، ئۆقیانوسیا) مافی پێشكەشكردنی میوانداری جامی جیهانی (2026) هەیە و هەریەكە لە كیشوری ئاسیا و ئەوروپا ئەو مافەیان نییە، بەمەرجێك ئەگەر ئەم پێنج كیشورە ئامادەنەبوون میوانداری جامی جیهانی بكەن، یاخود ئەوانەی ئارەزووی میوانداریكردنیان هەیە وەكو پێویست نەبوو ئەو كاتە هەردوو كیشوری ئاسیا و ئەوروپا دەتوانن جامی جیهانی 2026 میوانداریبكەن بەمەرجێك ئەو وڵاتە پێشتر میوانداری جامی جیهانی نەكردبێت.
- بۆ جامی جیهانی (2026) ژمارە هەڵبژاردەكان زیادكرا بووە 48 هەڵبژاردە، بەمشێوەیە دەبێت:
1- كیشوەری ئاسیا (8.5) كورسی
2- میشوەری ئەفریقیا (9.5) كورسی
3- كیشوەری ئەمریكای باكوور و ناوەراست و كاریبی (6.5) كورسی
4- كیشوری ئەمریكای باشوور (6.5) كورسی
5- كیشوەری ئۆقیانوسیا (1.5) كورسی
6- كیشوەری ئەوروپا (16) كورسی
پالەوانێتیەك لە نێوان شەش هەڵبژاردەكە ئەنجام دەدرێت بەمەبەستی دەستنیشانكردنی ئەو دوو هەڵبژاردەیە، كە سەردەكەون بۆ جامی جیهانی و هەروەها هەر وڵاتێك میوانداری جامی جیهانی بكات راستەوخۆ سەردەكەوێت و كورسییەكی لەسەر كیشوری خۆی هەژمارە، ئەگەر دوو وڵات بەیەكەوە جامی جیهانیان میوانداریكرد ئەوە فیفا لە كاتی خۆی بریار لەسەر ئەم بابەتە دەدات.
- بریاردرا لە كاتی ئێستادا هیچ گۆرانكارییەك لە یاسای تۆپی پێی نەكرێت و لە كاتی پێویستی خۆی بابەت و رێنمایی تەواو لەسەر ئەم بابەتە دەدرێت.
- بریاردرا لەسەر هەڵگرتنی ئابلوقەی یارییە دۆستانەكان لەسەر عێراق بەمەرجێك كار لەسەر كەموكورییەكانی هەر سێ یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری و كەربەلا و بەسرە بكرێت، ئەم بریارە بۆ ماوەی 3 مانگە بەمەبەستی تاقیكردنەوە، پاشان بریاری كۆتایی دەدرێت.
- بریاردرا شاری لەندەن میوانداری ئاهەنگی دەستنیشانكردنی باشترین یاریزانی جیهان بكات لە رۆژی 23-10-2017
- لەسەر بابەتی رەگەزپەرستی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی هۆشداری توند دەداتە هەموو یەكێتیە وەرزشیەكان، دەبێت بە توندترین شێوە رووبەرووی رەگەزپەرستی ببنەوە و دەبێت یاسای توند بەكاربهێنێن و لە كاتی روودان لە یارییەكان پێویستە ئەم سێ رێكارە بكرێتە بەر:
1- ناوبژیوان یارییەكە رابگرێت و لە رێگەی بێژەری نێو یاریگا داوا لە هاندەران بكرێت رەگەزپەرستی رابگیرێت.
2- ئەگەر بەردەوام بوو ئەمجارە دەبێت بە یارییەكە رابگیرێت لە لایەن ناوبژیوان و یارییەكە ئەنجام نادرێت تا رەگەزپەرستی نامینێت لە نێو یاریگا.
3- ئەگەر بەردەوام ئەوە ناوبژیوان دەبێت فیكەی تەواوبوونی یارییەكە لێبدات.
چەندین بابەتی تریش گفتوگۆی لەسەر كرا، كەوا بریارە لە رۆژانی 10-11 كۆنگرسی فیفا لە بەحرێن كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.
رێبین رەمزی
Top