یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بریاری خۆی لەسەر ئابلوقەی وەرزشی عێراق دا
سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق عەبدولخالق مەسعود توانی رەزامەندی لەسەر هەڵگرتنی ئابلوقەی یارییە نێودەوڵەتیەكان لەسەر یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری وەربگرێت بۆ ئەوەی یاری نێوان هەردوو یانەی زەورا و قوە جویە لە قۆناغی پێش كۆتایی كۆمەڵەی رۆژئاوای ئاسیا لە جامی یەكێتی ئاسیا لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری ئەنجام بدرێت وەكو هەنگاوی یەكەم بۆ هەڵگرتنی ئابلوقەی یارییە نێودەوڵەتیەكان بەشێوەیەكی كۆتایی.
هەرچەندە یانەی قوە جویە رەزامەندی خۆی نیشاندا لەسەر ئەنجامدانی یارییە لە شاری هەولێر، بەڵام یانەی زەورا لە رێگەی سەرۆكی یانەكەی فەلاح حەسەن بەشێوەیەكی كۆتایی رەتیكردووە یاری لە شاری هەولێر ئەنجام بدات و داوای كرد یارییەكە لە شاری كەربەلا یان بەسرە ئەنجام بدرێت.
لە بەرانبەردا وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق لە رێگەی عەبدولحوسێن عەبتان وەزیری وەرزش و لاوان بەشێوەیەكی خێرا گەشتێكی بۆ وڵاتی بەحرێن ئەنجامدا بەمەبەستی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی یارییەكە لە شاری كەربەلا یان بەسرە و هەروەها درنگانی شەوی رابردوو یەكێتی تۆپی پێی عێراق نووسراوێكی بەپەلەی بۆ یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا كرد بە واژووی كامل زەغیەر ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی عێراق و سكرتێری یەكێتی تۆپی پێی عێراق بە وەكالەت داوا لە یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا دەكات، كە یارییەكە لە شاری هەولێر ئەنجام نەدرێت بەهۆی بچووكی یاریگای شەهید فرەنسۆ هەریری و ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری هاندەرانی هەردوو یانە داوا دەكات یارییەكە بۆ یاریگەی كەربەلا-ی نێودەوڵەتی بگوازرێتەوە.
وا بریارە ئەمرۆ دووشەممە 27یەمین كۆنگرەسی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا لە وڵاتی بەحرێن ئەنجام بدرێت و بریاری كۆتایی لەسەر ئەم بابەتە بدرێت.
لەم كۆنگرەسە عەبدولخالق مەسعود سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق و سەباح رەزا سكرتێری یەكێتی تۆپی پێی عێراق نوێنەرایەتی یەكێتیەكەیان دەكەن.
رێبین رەمزی
