نەبوونی یاریزانی ئاست بەرز لە نێو بارسێلۆنا بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە ئەو یانەیە پشتی لە یاریزانانی قوتابخانەی لاماسای تایبەت بەخۆی کردووە

نەبوونی یاریزانی ئاست بەرز لە نێو بارسێلۆنا بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە ئەو یانەیە پشتی لە یاریزانانی قوتابخانەی لاماسای تایبەت بەخۆی کردووە
ساڵانە هەموو یانە جیهانیەكان و ناوەخۆیەكان بە چەندین بری پارە خەرج دەكەن بۆ كرینی یاریزانی ئاست بەرز و راهێنەری سەركەوتوو، بەڵام ئەم جارە باس لە یانەیەكی ئەوروپا دەكەین كە ئەویش یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیایە كە ئەم یانەیە سەرەرای بە دەستهێنانی چەندین نازناو بەڵام لە ئێستادا لەباری كێشە ناوەخۆیەكانی دایە لە رووی راهێنەر و یاریزانان و هێلی یاریكردنەوە و وە هەروەها ئەم یانە كەتەلۆنیە لەم چەند ساڵەی دوایدا ئەم یانەیە لە هەر هێلێكی یاریكردنەوە پربوو لە ئەستێرە بەڵام لەم یەك دوو ساڵدا بەهۆی كەم یاریزانی ئەستێرە لە نێو پێكهاتەكەیدا دەناڵێنێت و سەرەرای هەبوونی سێ هێرشبەری تۆقێنەر كە ئەوانیش لیونێل مێسی و نێیمار دا سێلڤا و لویس سوارێزە بەڵام ئەم یانەیە لەم چەند ساڵەدا نەیتوانیوە گرێبەستی سەركەوتوو ئەنجام بدات سەرەرای هێنانی چەند یاریزانێك، بەگشتی ئەگەر ئێمە باسی كێشە ناوەخۆیەكانی یانەی بارسێلۆنا بكەین لە بارەی راهێنەر و ئاستی یاریزانان، لەگەڵ رۆژنامەنوسی وەرزشی (دارەوان حەمە) دیمانەیەكمان ئەنجامدا و ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.


1- یانەی بارسێلۆنا لە بارەی راهێنەرەوە بەرەو كوێ دەگات؟

دەربارەی ڕهێنەری بەرسا، دوای ئەوەی یانەی بەرسا لە یاری چوونی قۆناخی 16ی خولی یانە پاڵەوانەکان كە بە یانەی پاریس دۆڕا بە ئەنجامێکی گەورە لویس ئینریکی بڕیاریدا بۆ وەرزی داهاتوو ڕاهێنەرایەتی ئەو یانەیە نەکات، یانەی بەرسا بۆ وەرزی داهاتوو کۆمەڵێک ڕاهێنەری دەستنیشان کردووە بۆ شوێنگرتنەوەی ئینریکی، بەڵام بە بۆچونی من یانە کەتەلۆنیەکە ڕاهێنەرێک دەستنیشان دەکات یاریزانی یانەکە بوو بێت پێشتر یاخود لە خولی ئیسپانیا شارەزایی باشی هەبوو بێت، بۆیە نزیکترینیان لۆران بلان یاخود یاریدەدەرەکەی ئینریکی ئونزیە کە ئەوەی دووەمیان لە لایەن نەیمارەوە داواکراوە لە دەستەی کارگێری یانەكە.

2- ئاستی یاریزانانی بارسێلۆنا بۆ ئەم ساڵ و تا ئێستا چۆن دەی بینیت؟

ئاستی یاریزانانی بارسا لەم وەرزە بەسەر دوو ئاست دابەش بوو لە سەرتایی وەرزەوە ئاستێکی باشیان پێشکەش کرد توانیان لە چامپیۆنس بە پلەی یەکەمی گروپەکەیان سەرکەون وە لە لایگاش بە ئاستێکی باش دەرکەوتن، بە ڵام لە نزیک بوونەوە لە کۆتایی خولەکان بە تایبەت چامپیۆنس ئاستی یاریزانەکان دابەزی بە تایبەت لە هێلی ناوەراست ئەمەش بۆ لویس ئینریکی ڕاهێنەر دەگەڕیتەوە چونکە نەیتوانی هاوسەنگەیەک لە نێوان یاریزانانی یەدەگ و سەرەکی دروست بکات بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەر گرێت کە ئەوە خاڵی بەهیزی یانەکە بوو لە چەند ساڵی ڕابردوودا.

3- بۆچی ئیدارەی بارسێلۆنا لە گواستنەوەكانی ئەم چەند ساڵەی دوای شكست دەهێنێت و بە تایبەتیش لە هێلی هێشبەرەوە؟

من بە پێچەوانەوە دەڵێم لە چەند ساڵی ڕابردوو تەنیا ئەو یانەیە سوودی لە بۆندی هێرشبەرەکانی وەر گرتووە نەوەک ناوەڕاست و بەرگری، هۆکاری سەرکەوتوو نەبوونی بۆندەکانی بەرسا بەشێوەیەکی گشتی لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە ئەو یانەیە پشتی لە یاریزانانی قوتابخانەی لاماسای تایبەت بەخۆی کردووە هەوڵی کڕینی یاریزانی داوە ئەوەش سوودی بۆ یانەکە نەبووە چونکە ئەو یانەیە بەوە ناسراوە هەموو کات پێشەنگ بووە لە پێگەیاندنی یاریزان، نموونەش سەردەمی زێرینی پیپ گواردیۆلایە کە زۆرینەی پێکهاتەکەی لە یاریزانی لاماسیا پێکهاتبوو.

4- یانەی بارسێلۆنا بۆ وەرزی داهاتوو پێویستە لە كام هێڵی یاریكردنەوە دەست بە گۆرانكاریەكان بكات لە هێنانی یاریزان؟

یانەی بارسا بۆ گەڕانەوەی ئاستی ڕاستەقینەی خۆی کە پێی ناسرا بووە پێویستە پشت بە یاریزانی قوتابخانەکەی ببەستێت بەڵام لە ئێستادا یاریزانێکی سوپەر نیە لەو قوتابخانەیە بۆیە دەبێت هەوڵی کڕینی یاریزانی سوپەر بدات تا ئەو کاتەی یاریزانی لاو لە قوتابخانەکەی پێ دەگات ئامادە دەبێت بۆ ڕیزی یەکەمی یانەکە، بۆ وەرزی داهاتوو یانە کەتەلۆنیەکە پێویستە لە گشت هێلەکان بەلای کەمەوە یاریزانێک بکڕێت، بەڵام ئەوەی زۆر پێویستە بۆ یانەکە کڕینی یاریزان لە دوو هێلە پێویستە دوو یاریزانی سوپەر بێنێتە ڕیزەکانی کە ئەمساڵە کێشەی زۆری بۆ دروست کردبوو ئەویش بەرگری ڕاستی یانەکە و ناوەڕاستکارێکی هێرشبەری بۆ شوێنی ئەنێستا چونکە ئەو یاریزانە ئەگەر ساڵی داهاتوو بەردەوامیش بێت ئەوا تەنیا دەتوانێت وەک یاریزانی یەدەگ یاری بکات بە هۆی هەڵکشانی تەمەنیەوە.

5- لە كۆتایدا ئەگەر بەرێزت لێدوانێكت هەبێت؟

لە کۆتاییدا من سوپاسی ئێوە دەکەم هیوادارم بەردەوام بن و سەرکەوتوو بن بەرەوە پێش بچن، هیوادارم هەموو کات ڕۆژنامە نوسانی وەرزشی کوردستان بەسەر بکەنەوە بۆ پرسە جیهانیەکان و ناوەخۆیەکان.

دیمانە: محمد سلێمان
Top