ئێستا یاری بالە لە کوردستان زۆر پێشکەوتوونییە

ئێستا یاری بالە لە کوردستان زۆر پێشکەوتوونییە
ھێشوومەریوان یاریزانی تۆپی بالەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
ئێستا یاری بالە لە کوردستان زۆر پێشکەوتوونییە
قەزای ڕانیەی دەڤەری ڕاپەرین خاوەنی چەندین کچە یاریزانی بە توانایە لە یاری بالە و یارییەکانی تری وەرزشی، تیپی تۆپی بالەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش بەردەوام گرنگی بەسەرجەم کچە یاریزانانی شارەکانی کوردستان دەدات بەبێ جیاوازی بۆ ھەموو کات بتوانێ تیپێکی بەھێز لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق درووست بکات بەتایبەتی لە ئاستی تەمەنە لاوەکان، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی تیپی بالەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش کچە یاریزانی یانەکە ھێشوو مەریوانی یاریزانی تیپەکە ئەو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٧ی قەزای ڕانیە و یاریش بۆ یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش دەکات بۆ قسە کردن لەسەر ژیانی وەرزشیی ئەم کچە یاریزانە گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێکی ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو ھاتیتە نێو ژیانی وەرزشیی ؟
-من بەھۆی مامۆستاکەم لە قوتابخانەکانەوە ئەو بەھرەی منی دۆزییەوە لەوێشەوە گرنگیم بە ئاست و توانای وەرزشیی خۆم داو خۆم گەیاندە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی.
*بۆچی لە نێو ئەم ھەموو یارییە جۆراوجۆرە یاری بالەت ھەڵبژارد؟
- چونکە من خولیایەکی زۆرم بۆ یاری بالە ھەبوو جگە لەوەش یارییەکی بە سوودە و ھەمووی بۆ وەرزش خۆشە چێژ لەم یارییە وەردەگرم.
*ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-ئێستا یاری بالە لە کوردستان زۆر پێشکەوتوونییە ، زیاتر لە ووڵاتی ئێمە یارمەتی یاریزانانی کوڕان دەدرێت وەک لە یاری کچان ئەوەش بە باشی نابینم.
*ھەست ناکەی ئەم یارییە پشتگوێ خراوە؟
-بەدڵنیاییەوە پشتگوێ خراوە زیاتر گرنگی بە تۆپی پێی دەدرێت لەم یارییەی ئێمە زیاتر گرنگی بە توانای یاریزانی کورد دەدرێ، ئەمەش لە پاڵەوانیەتیەکان زیاتر دەردەکەوێ.
*کردنەوەی کەمی پاڵەوانێتی ئێوە سارد ناکاتەوە لەم یارییە؟
-بەدڵنیایەوە شتێکی ناخۆشە نەکردنەوەی خول و پاڵەوانیەتی چونکە ھەر یارییەک ئەبێتە ھۆی ئەوەی ئاستی یاریزانان باش بکرێت ، بەڵام یاری لە ووڵاتی ئێمە زۆر کەمە ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئاستی یاریزانان وەکو پێیوست نەبێت.
*چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەکانی کوردستان بەرز بکرێتەوە؟
-ئەم یارییە پێویستی بەوە ھەیە منداڵ لەسەرەتاوە فێر بکرێ ، چونکە ھەندێک جولە ھەیە جیاوازە لە یارییەکانی تر ، جگە لەوەش ڕاھێنەری شارەزا کە ئەتوانێ رۆڵی کاریگەر بگێرێ لە پێش خستنی یاریزان و توانای بەرز کردنەویە ئاستی ئەم یارییە بە پێگەیاندنی یاریزانی بەتوانا.
*گرفتی وەرزشی یارییەکەتان لە چی دەبینی؟
-نەبوونی یاریگای تایبەت بەم یارییە و کەڵوپەلی پێویست بەم یارییە ، دابین نەکردنی ئابووریەکی تایبەت بۆ یاری بالە ، جگە لەوەش لە ھەمووی سەرەکی تر نەکردنەوەی پاڵەوانیەتی کوردسان وعێراق کە ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر یاری بالە دەبێت.
*ھیچ یانەیەک گرێبەستی پێشکەش نەکردووی بۆ یاری کردن؟
-نەخێر ھیچ گرێبەستێکم پێشکەش نەکراوە.
*بەھیوای چیت لە ژیانی وەرزشیت؟
-بەھیوای ئەوەم لە ژیانی وەرزشیم کاتێک بێت گرنگی بە وەرزشی یاری بالە بدرێت.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-بەھیوای ئەوەم بەردەوام بم لە ژیانی وەرزشیم و لە داھاتووشدا ھەر لە بواری وەرزشی کاربکەم و خزمەت بە وەرزش بکەم.
*قەیرانی دارایی تا چەند کاری کردۆتە سەر ئەم یارییە بە شێویەکی گشتی؟
-قەیرانی دارایی کاری زۆری کردۆتە سەر ئەم یارییە کەوای لێ کردووە خول و پاڵەوانیەتی زۆر بەکەمی بکرێتەوە ئەوەش کاریگەری لەسەر یاریزانان و ڕاھێنەران و ھەموو لایەک کردووە .
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان کە ھەمیشە خزمەت بە یارییە جۆراوجۆرەکانی وەرزش دەکات لەسەر ئاستی کوردستان، جگە لەوەش سوپاس بۆ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و سەرپەرشتیار و ڕاھێنەرەکەم دەکەم .
Top