میران خەسرەو گەرایەوە یانەی شورتە

میران خەسرەو گەرایەوە یانەی شورتە
دوای ئەوەی ماڵپەری گوڵان وەرزش وەكو تاكە دەزگا لە لێدوانی لە راهێنەری یانەی شورتە نازم شاكر لەسەر كێشەی یاریزان میران خەسرەو وەرگرت، كە لەم لێدوانە نازم شاكر ئاشكرای كرد، كە پێویستی بە میران خەسرەو هەیە، بۆیە دوای ئەم لێدوانە یاریزانی یانەی شورتە میران خەسرەو گەرایەوە شاری بەغداد كۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی كارگێری یانەكە و دەستەی راهێنەرانی ئەنجامدا بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكەی دوای روونكردنەوەی كێشەكە بەفەرمی میران پەیوەندی بە یانەی شورتەوە كرد.
لەگەڵ تەواوبوونی كێشەكەی میران خەسرەو سێ یەكەی مەشقی لەگەڵ یانەكە ئەنجامدا و بەفەرمی داوای لێبوردنی ئاراستەی دەستەی كارگێری و جەماوەری یانەكە كرد و لە لێدوانێكیدا بۆ پەیجی فەرمی یانەی شورتە میران خەسرەو گوتی: سەرەتا داوای لێبوردن لە دەستەی كارگێری یانەی شورتە و جەماوەرەكەی دەكەم، كە هەموو خەڵك دەزانێت كێشەی من چ بوو، هەرچەندە لە یانەكە دووربووم، بەڵام چاودێریم دەكردن و دڵم لە لای یانەكە بوو، ئێستا كاتی زۆرمان لە پێشە بۆ ئەوەی بگرێنەوە ئاستی خۆمان بەتایبەتی خاوەنی راهێنەرێكی بەتوانای وەكو نازم شاكر-ین، كە ئەزموونێكی زۆری هەیە.
لە كۆتاییدا میران خەسرەو گوتی: یانەی شورتە یانەیەكی گەورەیە بۆیە ناوەكەی گەورەیە هەتا لە ناوی میران خەسرەویش گەورەترە.
جێگەی باسە میران خەسرەو لە ناوەراستی قۆناغی یەكەم یانەی شورتەی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر كرد، بەڵام دوای گەرانەوەی بۆ شاری بەغداد تا ئێستا دیار نییە، كە میران خەسرەو بەشداری لە یارییە چارەنووسازەكەی پێشمەرگەی هەولێر بەرانبەر یانەی شێروانە دەكات یان نا.
رێبین رەمزی
Top